هه‌واڵه‌كانی عێراق

رێكخراوێك: پێده‌چێت لە سوریا 45 جار چەکی کیمیایی بەکارهاتبێت

پسپۆڕانی رێکخراوێکی جیهانی کە کاری تێکشکاندنی چەکی کیمیاییە لەو راپۆرتانە دەکۆڵنەوە کە باس لەوە دەکەن 45 جار چەکی کیمیایی لە سوریا بەکارهاتووە لە کۆتایی ساڵی پارەوە، بەڕێوەبەری رێکخراوەکە هەینی (28 نیسان) رایگەیاند.

به‌گوێره‌ی ئاژانسی فرانس پرێس، بەڕێوەبەری گشتی، ئەحمەد ئوزومجو، وتی "لیستێکی گەورەی تۆمەتبارکردن" هەیە باس لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەکات و دراوه‌ بە ناوه‌ندی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی.

ئوزومجو وتی لە "نیوەی دووەمی ساڵی 2016 دا 30 رووداو و لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە 15 رووداوی جیاواز هەبوون، کە دەکەنە 45".

لەنێویاندا هێرشی گازی سارینی 4ی نیسان بوو بۆسەر شارۆچکەی خان شێخون کە دەوترێت 88 کەسی کوشتووە، لەنێویاندا 31 منداڵ.

ئوزومجو وتی: "هەموو ئەم بانگەشانە لەلایەن پسپۆڕانمانەوە تۆمارکراون، کە لە ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکانمانەوە هەموو رۆژێك چاودێریی دەکەن."

ئوزومجو ئەوەشی پشتڕاستکردەوە کە رێکخراوەکە پێیوایە توندڕەوانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) "گازی خەردەل"یان بەکارهێنابێت له‌نزیك موسڵ لە عێراق، هەفتەی پێشوو.

سوپای عێراق رایگەیاند هەندێك لە ستافی ئەمنیی برینداربوون لە هێرشەکەی 15ی نیساندا وەك بەشێك لە ئۆپەراسیۆنێك بۆ گرتنەوەی موسڵ.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500