هه‌واڵه‌كانی عێراق

رێکخراوێکی چاودێری: تۆمەتی هێرشی کیمیایی سوریا 'باوەڕپێکراوە'

رێکخراوی چاودێریی چەکی کیمیایی جیهانی، پێنجشەممە (13 نیسان) رایگەیاند كه‌ تۆمەتەکانی هێرشی کیمیایی لە شارۆچکەی خان شه‌یخونی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن کە بووە هۆی کوشتنی لانیکەم 87 کەس، "باوەڕپێکراون"، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

دوای هێرشەکەی هەفتەی رابردوو، رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی رایگەیاند پسپۆڕانی هونەری زانیاریی بەردەستیان شیکارکردووە و "خەمڵاندنە سەرەتاییەکان (ئەوەبوون) کە تۆمەتەکان باوەڕپێکرارون".

بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوەکە، ئەحمەد ئوزومجو، بە ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕیی پێكهاتوو له‌ 41 دەوڵەتی راگەیاند کە هه‌ڵمه‌تێك بۆ دۆزینەوەی راستییەکان له‌ دوای هێرشەکە نمونەی [ماددەكه‌]ی کۆکردۆتەوە و ناردوونی بۆ تاقیگەکانی رێکخراوەکە بۆ شیکاری.

ئوزومجو وتی: "پسپۆڕانی رێکخراوەکە لەئێستادا شیکاریی ئەو زانیارییانە دەکەن کە لە چەندین سەرچاوەوە کۆکراونەتەوە" و پێشبینیدەکرێت "لەماوەی دوو تا سێ هەفتەدا کارەکانیان تەواوبکەن".

وتیشی: "پسپۆڕانمان تەواو هۆشیارن بەو ئەرکەی لێیان چاوەڕواندەکرێت رایبپەڕێنن و دڵنیام بە شێوازێکی پیشه‌یی و بێلانانە دەیکەن بە بەکارهێنانی هەموو ئه‌و ئامرازە ته‌كنیكییانه‌ی له‌به‌رده‌ستدان."

ئوزومجو وتی ئەنجومەنی کارگێڕیی رێکخراوەکە هەفتەی داهاتوو دووبارە کۆدەبێتەوە بۆ بەردەوامبوون لە گفتوگۆ دەربارەی هێرشەکانی 4 نیسان لە خان شه‌یخون.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500