http://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2018/04/09/feature-02

×
×
مافی مرۆڤ |

رێکخراوی چاودێریکردنی چەکی کیمیایی لە هێرشەکەی دوما دەکۆڵێتەوە

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە و ئاژانسی فرانس پرێس

دوو منداڵ لە شاری دومای ناوچەی غوتەی خۆرهەڵاتی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن لە دەرەوەی دیمەشق چارەسەریان پێدەگات به‌هۆی هه‌ڵمژینی ئه‌وه‌ی گومانده‌كرێت گازی ژەهراوی بێت. [خاوەنی وێنە: محەمەد بەیك]

ئه‌و رێکخراوی چاودێرییه‌ کە کاردەکات بۆ بنەبڕکردنی چەکی کیمیایی، دووشەممە (9 نیسان) رایگەیاند کە لێکۆڵینەوەده‌كات لەو راپۆرتانەی باس لە هێرشێکی گاز دەکەن لە شاری دومای سوریا لە هه‌رێمه‌كه‌ی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن لە غوتەی خۆرهەڵات.

روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند هێرشێکی ئاسمانی رژێم رۆژی شەممە لە دوما 42 کەسی کوشت و هەینیش 30 کەس، له‌كاتێكدا یەکشەممەش هێرشە ئاسمانیەکان بەردەوامبوون.

بەگوێرەی روانگەکە، رۆژی شەممە 70 مەدەنی تووشی تەنگەنەفەسی بوون و 11یان، لەنێویاندا منداڵ، مردن.

رێکخراوی فریاگوزاری کڵاو سپییەکان، جەیش ئیسلام و هێزە سەرەکیەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا وتیان گوایە دوما بە چەکی کیمیایی لێیدراوە.

دانیشتوانی شاری دومای غوتەی خۆرهەڵات چارەسەردەکرێن لە بنکەیەکی پزیشکی دوای به‌ركه‌وتنی ئه‌وه‌ی گومانده‌كرێت گازی ژەهراوی بێت. [خاوەنی وێنە: محەمەد بەیك]

یەکشەممە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەنتۆنیۆ گوتێرێس وتی "بەتایبەتی نیگەرانە" لەوەی دەوترێت چەکی کیمیایی لە سوریا دژی مەدەنیەکان بەکارهاتووە.

گوتێرێس وتی "زۆر نیگەرانە" لە دەستپێکردنەوەی توندوتیژی لە دوما و باسی لەو راپۆرتانە کرد کە باس لە بەردەوامی هێرشی ئاسمانی و تۆپبارانه‌كان دەکەن کە مەدەنیان کوشتووە، ژێرخانیان تێکداوە و دەزگا تەندروستیەکانیان روخاندووە.

گوتێرێس دەنگی خۆی خستە پاڵ سەرکردە جیهانی و ئایینیەکان، لەنێویاندا پاپا فرانسیز و رێکخراوە مرۆییەکان، لە سەرکۆنەکردنی هێرشەکەدا.

تیمی دۆزینەوەی راستیەکان لە کاردا

بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی، ئەحمەد ئوزومجو، وتی رێکخراوەکە "شیکارییه‌كی سەرەتایی ئەو راپۆرتانەی کرد کە دەڵێن گوایە چەکی کیمیایی بەکارهاتووە دەستبەجێ و دوای ئەوەی بڵاوکرانەوە".

وتی لەئێستادا تیمێکی دۆزینەوەی راستیەکان زانیاری كۆدەکاتەوە دەربارەی هێرشەکەی شەممە "تا بزانێت ئایا چەکی کیمیایی بەکارهاتووە" و "نیگەرانی قوڵ"ی خۆی دەربڕی دەربارەی دۆخەکە.

ئوزومجو وتی پسپۆڕان "لە هەموو سەرچاوە بەردەستەکان"ەوە لە زانیارییەکانیان دەکۆڵنەوە و ئەنجامەکانیان دەدرێتە 192 وڵات کە جاڕنامەی چەکی کیمیاییان واژۆکردووە.

ئەو رێککەوتننامەیەی 1993 دەوڵەتانی ئەندام ناچارده‌كات به‌ یارمەتیدانی لەناوبردنی چەکی کیمیایی و قەدەغەكردنی بەکارهێنان و بەرهەمهێنان و کەڵەکەکردنی ئەو چەکە.

سوریا لە 2013 پەیوەندییكرد بە رێککەوتنەکەوە و رێکخراوەکە له‌سه‌دا 100 چەردەی راگەیەنراوی وڵاتەکەی لەنابرد، بەڵام ئوزومجو چەند جارێك وتوویەتی کە بۆشایی هەیە لەوه‌ی رژێمی سوریا داوێتی به‌ده‌سته‌وه‌.

لەمیانه‌ی "گومانه‌ بەردەوامه‌كان" له‌ بەکارهێنانی چەکەکە له‌ سوریا، رێکخراوەکە تیمێکی سەربەخۆی خۆی بۆ دۆزینەوەی راستیەکان پێكهێنا لە 2014. لەوکاتەوە ئەو تیمە لە زیاتر لە 70 حاڵه‌تی کۆڵیوەتەوە کە گوایە هێرشی چەکی کیمیایی بوون لە سوریا.

لە 2015، رێکخراوەکە پەیوەندییکرد بە نەتەوە یەکگرتوەکانەوە بۆ پێکهێنانی تیمێکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش، کە ناسراوە بە جیم و ئەرکی دەستنیشانکردنی ئەوانه‌یه‌ کە لەپشت هێرشەکانی چەکی کیمیاییەوە بوون لە سوریا.

روسیا لە تشرینی دووەمدا دووجار مافی ڤیتۆی بەکارهێنا بۆ رێگرتن لە نوێکردنەوەی کاری تیمەکە.

ئەگەری وەڵامی سەربازیی ئەمریکا

وەزیری بەرگری ئەمریکا جیم ماتیس دووشەممە ئاماژەیكرد بە رۆڵی روسیا لە هێرشە گازییە گومانلێکراوەکەدا و وتی وەڵامی سەربازی ئەستەم نیە.

لە ئەیلولی 2013، روسیا دەبوو گه‌رەنتی لەناوبردنی چەردەی چەکی کیمیایی سوریا بدات.

ماتیس لە پێنتاگۆن و لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ هاوتا قەتەرییەکەی وتی: "یەکەم شت کە دەبێت تاوتوێی بکەین ئەوەیە بۆچی هێشتا چەکی کیمیایی بەکاردەهێنرێت لەکاتێکدا روسیا گه‌رەنتیکاری لەناوبردنی هەموو چەکە ئەتۆمیەکان بوو [لە سوریا]."

"بەکارکردن لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان لە ناتۆوه‌ بۆ قەتەر و ئەوانیدی، بەنیازین کێشەکە تاوتوێبکەین ... لەئێستادا هیج شتێك ئەستەم نیە."

ساڵێك لەمەوبەر لە 4 نیساندادەیان کەس مردن دوای ئەوەی هێرشی فڕۆکە جەنگیەکانی رژێم لە شارۆچکەی خان شێخونی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆنیان دابەجۆرێك سەرچاوە پزیشکیەکان باسیان لە نەخۆش دەکرد کە نیشانه‌كانی بەرکەوتنیان هه‌بوو بە چەکی کیمیایی.

لە وەڵامی هێرشەکەدا، سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بە موشەکی تۆماهۆك هێرشیکرده‌ سه‌ر فڕۆکەخانەی شەیراتی رژێم دەستبەجێ لە شه‌وی 6 له‌سه‌ر 7 نیسان.

نائومێدی بەربڵاو لە دوما

چالاکوانێكی ناوچەکە محەمەد بەیك بە دیارونای وت دووشەممە ترس لە دوما بڵاوبووه‌وە، دوای هێرشەکان، كه‌ لەنێو بەرکەوتواندا دانیشتوانی شارەکە و ئاوارەکانی بەشەکانی دیکەی غوتەی خۆرهەڵات هه‌بوون.

وتی بە دەیان هێشتا لە نەخۆشخانە مەیدانیەکان و بنکە پزیشکی و کلینیکەکاندا چارەسەر وەردەگرن و ئاماژەشیکرد بەوەی بۆی هەیە ژمارەی مردووان بەرزببێتەوە، چونکە هێشتا دەستیان نەگەیشتووە بە هەموو ئەوانەی پەنایان بردۆتەبەر په‌ناگه‌ و حەشارگە و ژێرزەمینی بیناکان.

وتیشی بەگوێرەی سەرچاوە پزیشکیەکان، "قوربانیەکان بەر گازی ژەهراوی کەوتوون و راپۆرت دەربارەی زۆر کەیسی تەنگەنەفەسی دراوە".

بەیك وتی: "شەممە، كه‌مێك دوای 9ی شەو، شارەکە بەر هێرشێکی کۆپتەر کەوت و خەڵکەکە تووشی تەنگەنەفەسی بوون بە بڵاوبوونەوەی بۆنێکی ناخۆش لە ناوچە تۆپبارانکراوەکاندا."

وتی گازی ژەهراوی دزەیکردە نێو په‌ناگه‌كانی بۆمب و حەشارگەکان و وتیشی بۆمبارانەکە بە هێرشی ئاسمانی یاوەریکرا کە رێگەی لە بەرگری شارستانی گرت دەستیانبگات بە قوربانیەکان تا چارەسەریان بدەنێ.

هه‌روه‌ها وتی تا نیوەڕۆی دووشەممە، هێشتا جەستەی مردووەکان لەسەر شەقامە سەرەکیەکان بوون، چونکە بەرگری شارستانی ناتوانێت دۆخەکە بەڕێوەببات بەهۆی ژمارەی زۆری قوربانیان و بەردەوامیی هێرشە ئاسمانیەکانەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
3

0 كۆمێنت

رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین
Captcha