http://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2018/04/10/feature-03

×
×
مافی مرۆڤ |

سکرتێری نەتەوە یەکگرتوەکان داوای لێکۆڵینەوەی بێبەربەستی هێرشەکەی سوریا دەکات

ئاژانسی فرانس پرێس

منداڵێك لە شاری دومای هه‌رێمی غوتەی خۆرهەڵاتی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن لە دەرەوەی دیمەشق ئاو بەدەموچاویدا دەکرێت دوای به‌كه‌وتنی ئەوەی گومانده‌كرێت گازی ژەهراوی بێت.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان سێشەممە (10 نیسان) داوایکرد لێکۆڵەرانی نێودەوڵەتی مۆڵەتی بێبەربەستیان پێبدرێت دوای هێرشێکی گومانلێکراوی کیمیایی لە سوریا، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

فریاگوزاران و كارمه‌ندانی پزیشكی لە شاری دوما دەلێن لانیکەم 48 کەس مردوون دوای هێرشێکی گومانلێکراوی گازی ژەهراوی لەو دوایین ناوچەیەی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن لە غوتەی خۆرهەڵات.

سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "هەر بەکارهێنانێکی پشتڕاستکراوەی چەکی کیمیایی، لەلایەن هەر لایەنێکی شەڕەکە و لەهەر دۆخێکدا بێت، قێزەون و پێشێلکاریی راستەوخۆی یاسای نێودەوڵەتیە."

وتی: "جدی بوونی تۆمەتەکانی ئەم دواییە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی وردە بە بەکارهێنانی پسپۆڕانی بێلایەن و سەربەخۆ و پیشەوەر."

گوتێرێس پشتیوانی تەواوی خۆی دووپاتکردەوە بۆ رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی و تیمی دۆزینەوەی راستیەکانی ئه‌و رێكخراوه‌ و وتی "دەبێت مۆڵەتی تەواوی پێبدرێت، بەبێ هیچ بەربەست و ئاستەنگێك بۆ جێبەجێکردنی چالاکیەکانی".

رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی سێشەممە رایگەیاند کە تیمێك دەنێرێت بۆ دوما بۆ لێکۆڵینەوە لەو هێرشەی گومانده‌كرێت به‌ كیمیایی كرابێت.

بەگوێرەی راپۆرتەکانی میدیای دەوڵەت، راگەیاندنەکە دوای ئەوە هات کە حکومەتی سوریا بانگێشتی ئەو رێکخراوە جیهانییەی چاودێری کیمیایی کرد سەردانی دوما بکات.

بەناوی سەرچاوەیەکەوە لە وەزارەتی دەرەوە، ئاژانسی هەواڵی دەوڵەت، سانا، راگەیاند سوریا ئامادەیە هاوکاری بكات لەگەڵ تیمی دۆزینەوەی راستیەکان.

راشیگەیاند: "وەزارەت بانگێشتنامەیەکی فەرمی ناردووە بۆ رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی بۆ ناردنی تیمی دۆزینەوەی راستیەکان بۆ سەردانکردنی دوما و لێکۆڵینەوە لەو تۆمەتانەی باس لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەکەن لەوێ."

سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ سێشەممە ئامادە بوو تا بڕیارێك لەسەر ئەگەری کردەی سەربازی بدات دژی رژێمی سوریا، دوای بەڵێندان بە وەڵامدانه‌وه‌ی "توند"ی دوایین تۆمەتەکانی هێرشی کیمیایی لە شەڕی ناوخۆی وڵاتەکە.

ئەنجومەنی ئاسایش دەنگ لەسەر پانێڵێکی نوێ دەدات

ئەنجومەنی ئاسایش چاوەڕواندەکرێت سێشەممە دەنگبدات لەسەر پێشنیازێکی ئەمریکا بۆ دامەزراندنی تیمێك بۆ لێکۆڵینەوە لە چەکی کیمیای لە سوریا، بەڵام دەکرێت هەنگاوەکە رووبەڕووی ڤیتۆی روسیا ببێتەوە.

وەزیری دەرەوەی روسیا سێرگێی لاڤرۆڤ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکاندا وتی پێشنیاز دەکات "لێکۆڵینەوەیەکی راستگۆ و شەفاف"ی تۆمەتەکان بکرێت، بە بەشداری رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی.

هەر پرۆژە بڕیارێك پێویستی بە نۆ دەنگە لە کۆی 15 دەنگی ئەو ئەنجومەنە و نابێت هیچ ڤیتۆیەك بکرێت لەلایەن پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەوە -- بەریتانیا، چین، فەرەنسا، روسیا و ئەمریکا.

روسیا 11 جار لەو ئەنجومەنە مافی ڤیتۆی خۆی بەکارهێناوە بۆ رێگرتن لەهەر کارێك هاوپەیمانە سورییەکەی بکاتە ئامانج.

ئەمریکا پێشنیازی پێکهێنانی تیمێکی نوێ دەکات بۆ ماوەی ساڵێك كه‌ لەگەڵ رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی كاربكات بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی هێرشە کیمیاییەکان.

فەرەنسا و بەریتانیا بەڵێنی وەڵامی بەهێز دەدەن

وتەبێژی حکومەتی فەرەنسا، بێنجامین گریڤۆ، سێشەممە وتی گەر بەڵگە دەستکەوت کە رژێمه‌كه‌ی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا لەپشت ئه‌و هێرشه‌ی ئه‌مدواییانه‌وه‌یه‌ كه‌ گومانده‌كرێت به‌ گازی کلۆر كرابێت، ئەوە فەرەنسا تۆڵەی لێدەکاتەوە.

گریڤۆ بە رادیۆی یۆرۆپ-1ی وت: "گەر ئەو هێڵە سوورە بەزێنرابێت، وەڵاممان دەبێت." وتیشی زانیاریی هەواڵگری کە لەلایەن سەرۆك ئیمانوێل ماکرۆن و سەرۆك دۆناڵد ترەمپەوە بەخشراوە "لە تیۆرییدا پشتڕاستی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەکاتەوە".

لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا شەوی دووشەممە، ئەو دوو سەرکردەیە دووبارە باسیان لە تۆمەتی چەکی کیمیایی کرد.

یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند: "بەڵگەکان جارێکی دیکە ئاماژەده‌كه‌ن به‌ هێرشی کیمیایی لەلایەن رژێمەوە."

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، بۆریس جۆنسن، دووشەممە داوای "وەڵامێکی بەهێز و پته‌وی نێودەوڵەتی" کرد دژی هێرشەکە.

وەزارەتی دەرەوە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند كه‌ لەکاتێكدا لەگەڵ هاوشانە فەرەنسیەکەی، ژانن-یڤ لۆ دریان، بە تەلەفۆن قسەیکرد، جۆنسن "باسی لە پێویستیی دەستبەجێی لێکۆڵینەوە کرد لەوەی روویداوە لە دوما بۆ مسۆگه‌ركردنی وەڵامێکی بەهێز و پته‌وی نێودەوڵەتی".

رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمایی دووشەممە رایگەیاند لە ئامادەکارییەکانیدا "شیکاری سەرەتایی کردووە بۆ ئەو راپۆرتانەی باس له‌ گومانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەکەن".

بەڕێوبەری گشتی رێکخراوەکە ئەحمەد ئوزومجو وتی زانیاری زیاتر کۆکراوەتەوە "بۆ خستنەڕووی ئەوەی ئایا چەکی کیمیایی بەکارهاتووە".

سەرکۆنەی ناوچەیی

سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆگان سێشەممە بەڵێنیدا ئەوانەی لەپشت کوشتنی مەدەنیەکانەوەن لە غوتەی خۆرهەڵات "باجێکی قورس" دەدەن.

ئەردۆگان لە کۆبوونەوەیەکی حیزبەکەیدا لە پەرلەمان وتی: "نەفرەت دەکەم لەوانەی ئەم قەسابخانەیەیان ئەنجامدا، هەر کەسێك کردبێتی، ئەنجامدەران بەرپرسیار رادەگیرێن و بەدڵنیاییەوە باجێکی قورس دەدەن."

ئەردەن دووشەممە سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و داوای لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی دەستبەجێی کرد.

وتەبێژی حکومەت محەمەد مومانی وتی ئەردەن پشتگیریده‌كات له‌ "ویستی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی ورد لە هێرشەکە و لەخۆگرتنی پێگەیەکی گونجاو لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بەرامبەر ئەنجامدەرەکەی".

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە سێشەممە رایگەیاند سعودیە راوێژ بە هاوپەیمانانی دەکات بۆ چۆنێتی وەڵامدانەوەی ئه‌و هێرشانه‌ی گومانده‌كرێت به‌ چەکی کیمایی كرابن.

لە پاریس لەکاتی سەردانێکی شازادەی سعودیە محەمەد بن سەلماندا، عادل جوبه‌یر بە رۆژنامەوانانی وت: "پێگەی ئێمە ئەوەیە ئەوانەی بەرپرسن لە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەبێت بەرپرس رابگیرێن و بدرێنە دادگا."

دووشەممە بەحرەین هێرشە گومانلێکراوەکەی ناوبرد به‌ "قێزه‌ون" و جەختیکردەوە له‌ "پێویستی بۆ خێراکردنی هەوڵەکان بۆ پاراستنی مەدەنیەکان لە هه‌موو بەشه‌كانی سوریا".

لە دۆحە، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند كه‌ "تووشی شۆکی تەواو بووە بەهۆی تاوانەکەوە".

راشیگەیاند: "پارێزبەندی بۆ تاوانکارانی جەنگ لە سوریا سەریکێشاوە بۆ چەوساندنەوەی زیاتر و لە بایەخی هەوڵەکانی کەمکردۆتەوە بۆ گەیشتن بە دادپەروەری بۆ قوربانیان."

بەرپرسێك لە وەزارەتی دەرەوەی كوێت وتی ژمارەی قوربانیانی دوما "پڕئازاره‌" و داوایكرد "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستبەجێ ده‌ستبه‌كاربێت".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟
11

0 كۆمێنت

رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین
Captcha