هه‌واڵه‌كانی عێراق

هێزەکانی عێراق سەرکەوتنەکانی شەڕی موسڵ دەخەنەڕوو

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا پێنجشەممە (1 کانونی یەکەم) پوختەی سەرکەوتنی هێزە عێراقیەکانی لە شەڕی رزگارکردنی نەینەوا و لە ماوەی 45 رۆژدا خستەڕوو.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای عێراق لە نەینەوا فەریق عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "هێزەکانی عێراق سەرکەوتنی گەورەیان دژی 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام' (داعش) تۆمارکردوە لە چەندین بەرەوە."

وتی: "لە بەرەی باشورەوە، 96 گوند، سێ شارۆچکە، 56 بیری نەوت رزگارکراون، هێزەکانمان ئێستا لە کەناری ئەلبو سەیفن لە باشوری موسڵ."

"بە هاوکاری بەشی ئاسمانی سوپای عێراق، هێزی ئاسمانی عێراقی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، 239 ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراویشمان تێکشکاندوە." وتی: "1,855 کیلۆمەتری چوارگۆشەمان پاککردۆتەوە لە خاك، بە درێژایی شاڕێگە کۆن و نوێکانی گەیارە و حەمام عەلیل."

لە بەرەی باشوری خۆرهەڵات، هێزەکانی عێراق 54 گوند و چەندین شار و شارۆچکەیان رزگارکردوە، لەنێویاندا حەمدانیە، کەرەملس، نەمرود و سەلامیە.

وتیشی چوار گەڕەکیشیان لە لای خۆرهەڵاتی [شارەکە] پاککردۆتەوە، 77 ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراویان تێکشکاندوە و 950 کیلۆمەتری چوارگۆشەشیان لە خاك پاککردۆتەوە.

وتی لە بەرەی باکور، سوپا 21 گوندی رزگارکردوە، لەنێویاندا شەلالات، بوعێزە و دیجلە مۆڵ.

وتیشی: "112 کیلۆمەتری چوارگۆشەی لە خاك پاککردۆتەوە و 23 ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراوی تێکشکاندوە."

یارەڵڵا وتی لە بەرەی خۆرهەڵاتەوە، "هێزەکانمان 15 گوندیان رزگارکردوە، لەناویاندا بەرتەلە و بەزوایا، 23 گەڕەکیشیان رزگارکردوە لە بەشی چەپی [روباری دیجلە]".

"لە ئێستادا هێزەکانی عێراق لە پرۆسەی رزگارکردنی ئەو 56 گەڕەکەن کە لە بەشی خۆرهەڵاتی موسڵ ماون." وتی: "ئەوان 140 کیلۆمەتری چوارگۆشەیان لە خاك پاککردۆتەوە و 151 ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراویان تێکشکاندوە بە یارمەتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی."

وتی هێزەکانی پێشمەرگەش 28 گوندیان رزگارکردووە، لەناویاندا بەعشیقە. 500 کیلۆمەتری چوارگۆشەیان لە خاك پاککردۆتەوە و 55 ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراویان تێکشکاندوە.

ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند، پێنجشەممە، سکرتێری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە جەبار یاوەر رایگەیاند لە حوزەیرانی 2014وە 1,600 پێشمەرگەی کورد کوژراون.

وتی: "لە دەستپێکی شەڕی دژی داعشەوە، واتا حوزەیرانی 2014، تا 30 تشرینی دووەم (2016)، کۆی گشتی ژمارەی شەهیدان 1,614 و بریندارەکان 9,515 کەسە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500