هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

دانیشتوانی بەرتلە ئاهەنگی رزگارکردنی شارەکەیان دەگێڕن لەدەست داعش

خالید تائی

قەشەی کڵێسای مارت شامۆی لە شارۆچکەی بەرتلەی مەسیحی، داڤید دۆشە، رۆژی 24 تشرینی یەکەم ئەو زیانانە دەپشکنێت کە بە کڵێساکە گەیشتوون، پاشئەوەی هێزەکانی عێراق شارۆچکەکەیان لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) سەندەوە. [سەفین حەمید/ئاژانسی فرانس پرێس]

قەشەی کڵێسای مارت شامۆی لە شارۆچکەی بەرتلەی مەسیحی، داڤید دۆشە، رۆژی 24 تشرینی یەکەم ئەو زیانانە دەپشکنێت کە بە کڵێساکە گەیشتوون، پاشئەوەی هێزەکانی عێراق شارۆچکەکەیان لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) سەندەوە. [سەفین حەمید/ئاژانسی فرانس پرێس]

بەدەم هەلهەلە و هاواری خۆشیەوە، خێزانە ئاوارەبووەکانی شاری بەرتلە ئاهەنگی رزگاربوونی شارەکەیان گێڕا کە بەشێك بوو لە شەڕێکی گەورە هەفتەی پێشوو راگەیەندرا بۆ گرتنەوەی موسڵ، دواهەمین قەڵای "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە عێراق .

دانیشتوانی ئەم شارۆچکەیە کە زۆربەیان مەسیحین و کەوتۆتە 20 کیلۆمەتر خۆرهەڵاتی موسڵ، ناچارکرابوون بە بەجێهێشتنی ماڵەکانیان دوای ئەوەی چەکدارانی داعش لە هاوینی 2014 دەستیان بەسەرداگرت.

رۆژی دووشەممە (24 تشترینی یەکەم) هێزەکانی عێراق رایانگەیاند کە بەتەواوی دەستیانگرتووە بەسەر بەرتلەدا دوای لەناوبردنی دواهەمین مۆڵگەکانی داعش لە شارۆچکەکەدا.

جەمیلە سامی، یان ئوم رافید، یەکێكە لەو هەزاران ئاوارەبووانەوەی پەنای بردووە بۆ شاری هەولێر.

سەربازێکی عێراقی لەو زیانانە دەڕوانێت کە بە کەنیسەیەك گەیشتوون لە بەرتلە لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)ەوە. [خاوەنی وێنە: دەزگای دژەتیرۆری عێراق]

سەربازێکی عێراقی لەو زیانانە دەڕوانێت کە بە کەنیسەیەك گەیشتوون لە بەرتلە لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)ەوە. [خاوەنی وێنە: دەزگای دژەتیرۆری عێراق]

ئوم رافید لەکاتێکدا سڵاوی لە ناسیاوانی دەکرد لە هەولێر، بە دیارونای وت: "دڵخۆشیەکەم سنوری نیە."

وتی: "کاتێك بیستم شارۆچکەکەم رزگارکراوە، هەلهەلەم لێدا و هێندە بەخۆشیەوە هاوارمکرد کە بورامەوە. سوێندمخواردبوو گەر بەرتلە رزگاری ببێت، شیرینی ببەخشمەوە بەسەر هەموو خەڵکی گەڕەکەکەدا و ئێستا پەیمانەکەم بەجێدەهێنم لەگەڵ زۆر ژنی تردا."

وتیشی: "دواجار تاریکی لابرا، بەمزوانە دەتوانین بگەڕێینەوە ماڵەوە. سوپاسی خوا و سەربازە ئازاکانمان دەکەین."

بەرپرسان بە دیارونایان وت سەنگەربەندیەکانی داعش لە بەرتلە زۆر بەرگەی نەگرت لەبەردەم ئاگری چڕی هێزەکانی عێراق و پێشڕەویی لەناکاویان بەرەو ناوجەرگەی شارۆچکەکە.

وتەبێژی دەزگای دژەتیرۆر، سەباح نوعمان، وتی شەڕی گرتنەوەی بەرتلە "24 کاتژمێری خایاند". "ئێستا شارۆچکەکە سەلامەتە. دواهەمین مۆڵگەکانی تێرۆریستەکانمان لەناوبرد و 21 ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو و سەدان بۆمبی دەستکرد و مینمان تەقاندەوە."

وتی سەرجەم 80 چەکداری داعش کوژران لە هێرشەکەدا.

وێرانکارییەکی سنوردار

نوعمان وتی: "رزگارکردنی شارۆچکەکە مانایەکی زۆری هەیە بۆ هێزەکانمان." ئاماژەشی بەوەدا کە ئەمە یەکەم رێگر بوو لەبەردەم هێزەکانی عێراقدا بۆ پەڕینەوە بەرەو موسڵ.

وتیشی: "ئێستا داڕما. مەترسیەکە لابرا و بوارمان نەدا بە تێرۆریستەکان تا خانوبەرەی هاوڵاتیان و دەزگا گشتیەکان بڕوخێنن."

هەروەها وتی: "زیانەکانی شەڕەکە سنوردارن و ئەمەش رێگامان پێدەدات بەزوویی ئاوارەکان بگەڕێنینەوە."

نوعمان وتیشی دوای بەئەنجامگەیاندنی رزگارکردنەکە، سەربازانی عێراق دەستیانکرد بە پاککردنەوەی کڵێساکانی ناوچەکە و لێدانی زەنگەکانیان "تاکو دەنگی ئاشتی لە هەموو لایەکەوە ببیسترێت".

هەروەها وتی: "تێرۆریستان چیتر جێگایان نابێتەوە لەوێ."

راوێژکارێکی پارێزگاری نەینەوا، دورەید حیکمەت، وتی نزیکەی 60,000 کەس، کە زۆربەیان مەسیحین، لە بەرتلە دەژیان. شارەکە "جێگایەکی ئەمین بوو کە هەموو مەزهەب و ئایینەکان پێکەوە دەژیان، و ئێستاش دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو حاڵەتە و بەڵکو باشتریش".

حیکمەت بە دیارونای وت: "شارۆچکەکە زیانی زۆری پێنەگەیشتووە بەدەستی تێرۆریستەکان. شەڕەکەش لەلایەن قارەمانەکانی دەزگای دژەتیرۆر و سەربازانی فیرقەی 19، زۆر پاکژ بوو."

وتیشی: "ئەمڕۆ دانیشتوانە ئاوارەکە بێسەبرانە چاوەڕوانی دەستپێکردنی هەوڵەکانن بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ ماڵەکانیان کە بڕواناکەم زۆر بخایەنێت."

هەروەها وتی: "شارۆچکەکە ئازدبووە لە تێرۆریستان، بەڵام رەنگە هێزە ئەمنیەکان کاتی زیاتریان پێویست بێت بۆ دڵنیابوون لەوەی تەقەمەنی تیا نەماوە و هەروەها بۆ بەرقەرارکردنی باری ئاسایش."

دەروازەی خۆرهەڵاتی موسڵ

حیکمەت وتی داعش بە لەدەستدانی بەرتلە قەڵایەکی گرنگی لەدەستدا کە وەك دەروازەیەکی خۆرهەڵاتی موسڵ بوو.

وتیشی: "بەمزوانە چیتر داعش بوونی نابێت لە نەینەوا و لە سەرتاسەری عێراقیشدا."

پەرلەمەنتاری پارێزگای نەینەوا یۆنادەم کەننا بە دیارونای وت: "ئەمە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ سەربازە ئازاکانمان بەسەر هێزە تاریکەکاندا."

کەننا وتیشی بەرەنگاریی دوژمن "وردەوردە لاوازدەبێت لەدەرەنجامی ئەو گورزانەی بەریدەکەوێت و کۆتاییان نزیکە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500