هه‌واڵه‌كانی عێراق

نەتەوە یەکگرتووەکان: داعش دەیان کەس دەکوژێت لە موسڵ لەگەڵ منداڵێکی هەڵهاتووش

منداڵێکی تەمەن 7 ساڵ لە نێو ئەو چەندین کەسەدا بوو کە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) کوشتونی لە موسڵ لەم هەفتانەی دوایدا، نەتەوە یەکگرتووەکان سێشەممە (29 تشرینی دووەم) رایگەیاند.

لەو کاتەوەی هێرشی گرتنەوەی دواین قەڵای داعش دەستیپێکردووە شەش هەفتە لەمەوبەر، رێکخراوی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین راپۆرتی سەبارەت بە کوشتنی هاوڵاتیان لەلایەن داعشەوە بڵاوکردۆتەوە، و دوپاتیشیکردۆتەوە کە هەندێك لە کارە دڕندەکان بە تەواوی پشتڕاستنەکراونەوە.

وتەبێژی رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ، راڤینا شەمدەسانی بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند لە ڤیەننا کە لەناو تازەترین دەنگۆی کوژراوانی رۆژی 22 تشرینی دووەم "منداڵێکی تەمەن 7 ساڵ هەیە کە بەرەو هێزە ئەمنیەکانی عێراق رایدەکرد لە گەڕەکی عەدەنی رۆژهەڵاتی موسڵ."

بەگوێرەی رێکخراوەکە ئەم حاڵەتە لە کاتێکدا بووە کە ژمارەیەك چەکداری داعش دەستیانکرد بە گوللـه بارانکردنی ئەوانەی دەیانویست رابکەن لەو شارەی کە بەهۆی شەڕەوە وێران بووە.

شەمدەسانی رایگەیاند کە نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها چەند راپۆرتێکی بەدەستگەیشتووە سەبارەت بە کۆمەڵکوژییەك لە 11 تشرینی دووەم لە گەڕەکی بەکری رۆژهەڵاتی موسڵ کە 12 کەس گوللـە بارانکران بەهۆی ئەوەی "کە رازینەبون رێگە بەداعش بدەن کە موشەك لەسەر بانی خانوەکانیان جێگیر بکات."

هەروەها وتی کە داعش بەئاشکرا "موشەك و قەناسبەدەستی لە سەربانی خانوی خەڵکی مەدەنی جێگیر کردووە" لە چەندین شوێن، لەکاتێکدا ئەوانەی رەتیانکردۆتەوە هەماهەنگی داعش بکەن روبەروی ئاکامی خراپ بوونەتەوە.

شەمدەسانی رایگەیاند کە لە روداوێکدا رۆژی 25 تشرینی دووەم، 27 کەسی مەدەنی گوللـەباران کران لە پارکی موهەندیسین لە موسڵ، بە بیانوی "دزەپێکردنی زانیاری" بۆ هێزەکانی عێراق.

رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند کە هەندێك جار ناتوانن نەهامەتیەکان وەك کارێکی ستاندارد لە سەرچاوەی جۆراو جۆرەوە پشتڕاستبکاتەوە بەهۆی ئاژاوەی ناو موسڵ، بەڵام زانیاریەکان لە کۆمەڵێك سەرچاوەی باوەڕپێکراوی مەیدانی وەرگیراون.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500