هه‌واڵه‌كانی عێراق

500,000 کەس لە موسڵ روبەڕوی 'کارەساتی' کەمی ئاو دەبنەوە

نزیکەی 500,000 مەدەنی لە موسڵ روبەڕووی "کارەساتێکی" کەمی ئاوی خواردنەوە دەبنەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا چوارشەممە (30 تشرینی دووەم)، لەکاتێکدا هێزەکانی عێراق پێشڕەوییان کرد لەدژی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە شارەکەدا، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

بەرپرسی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لیزە گراندێ، رایگەیاند کە مەدەنیەکان، کە لە زووە دەناڵێنن بە دەست کەمی خواردن و کارەباوە، ئێستا روبەڕووی کەمی ئاوی خواردنەوە بوونەتەوە لە دووەم گەورەترین شاری عێراق دا.

گراندێ وتی: "نزیکەی نیو ملیۆن مەدەنی، کە پێش ئەمەش دەیانناڵاند بەدەست کێشەی دابینکردنی خۆراکی رۆژانەی خۆیانەوە، ئێستا بێ ئاوی پاکی خواردنەوەن. کاریگەری ئەمە لەسەر منداڵان، ژن و خێزانەکان کارەساتباراوی دەبێت."

پاش شەڕێكی چەند هەفتەیی لە شارەکە، ئێستا هێزەکانی عێراق دەوری شارەکەیان داوە و چونەتە ناو گەڕەکەکانی رۆژهەڵاتەوە، کە شەڕی شەقام بە شەقامی لەگەڵ توندڕەوەکاندا تێدادەکرێت.

ئۆپەراسیۆنەکان بۆ گرتنەوەی شارەکە زیانی بە ‌هێڵەکانی ئاو گەیاندووە لەم رۆژانەی دواییدا و دانیشتوانی رۆژهەڵاتی موسڵ دەڵێن کە پەنایان بۆ ئاوی بیرەکان بردووە.

سکرتێری گشتی رێکخراوی گردبوونەوەی خەڵکی موسڵ، کە رێکخراوێکی ناوخۆیی کۆمەڵی مەدەنیە، عەبدولکەریم عوبێدی، هۆشداریدا لە "کارەساتێکی مرۆیی" بەهۆی کەمی ئاوەوە.

عوبێدی وتی: "پێویستە حکومەت و رێکخراوە کۆمەكبەخشەکان بێنە دەنگ و هاوکاری پێشکەشی خەڵکەکە بکەن، بە تایبەتی بۆ ئەو خێزانانەی کە ناچاربوون ئاو لەو بیرانە بخۆنەوە کە بۆ خواردنەوە ناشێت."

سەرچاوەیەکی پزیشکی لە نەخۆشخانەیەکی گوندی گۆگجەلی لە رۆژهەڵاتی قەراغ موسڵ رایگەیاند کە خەڵکی مەدەنی دەستیانکردووە بە گەشتنە نەخۆشخانە بە "‌حاڵەتەکانی سكچوون و گرژبوونی ریخۆڵەکانەوە، بەتایبەتی لە منداڵاندا."

فەرماندەکانی عێراق دەڵێن کە نزیکەی %40 لە خاکی رۆژهەڵاتی موسڵ ئازادکراوە لە هێرشەکەدا.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا، نەجمەدین کەریم جبوری، بە دیارونای راگەیاند کە هێزەکانی عێراق رۆژی چوارشەممە گەڕەکێکی تازەیان ئازاد کرد و زیانێکی زۆریش بەر داعش کەوت.

جبوری وتی کە هێزەکانی سوپا و دژە تیرۆر "بەتەواوی گەڕەکی ئیخاء کۆنتڕۆڵکردووە و ئێستا پێشڕەوی دەکەن بەرەو گەڕەکی دۆرەت مەحروق."

هەروەها وتی: "پێشڕەویکردن سەختە بەهۆی هەبوونی خەڵکی مەدەنی لە ماڵەکانیاندا. بەڵام رۆژ بە رۆژ سەرکەوتن تۆمار دەکەین."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500