هه‌واڵه‌كانی عێراق

ئۆپۆزسیۆنی سوریا هەموو ناوچەی باکوری رۆژهەڵاتی حەلەب لە دەستدەدات

هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا هەموو گەڕەکەکانی باکوریان لە دەستدا لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتیان لە رۆژهەڵاتی حەلەب رۆژی دوشەممە (28 تشرینی دووەم)، دوای ئەوەی رژێم پێشڕەویەکی بەرچاوی بەدەستهێنا لە هێرشەکەیدا بۆ گرتنەوەی تەواوی شارەکە، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

جەنگەکە بووە هۆی دەربەدەربونی هەزاران کەسی مەدەنی.

وتەبێژێکی رێکخراوی رزگارکەری کڵاو سپیەکان لە گەڕەکی ئەنسار، ئیبراهیم ئەبو لەیس، وتی: "دۆخەکە کارەساتاویە؛ ئاوارەیەکی زۆر هەیە و ورە بە تەواوی روخاوە."

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند کە دووشەممە هێزەکانی رژێم ناوچەکانی ساخور، حەیدەریە و شێخ خۆدر و جەنگاوەرە کوردەکانیش گەڕەکی شێخ فارسیان لە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن گرتەوە.

بەرپرسی روانگەکە رامی عەبدولڕەحمان ئەمەی ناوزەند کرد وەك "خراپترین شکستی ئۆپۆزسیۆن لەو کاتەوەی دەستیان بەسەر نیوەی شارەکەدا گرت لەساڵی 2012."

بەم پێشڕەویە هەموو باکوری رۆژهەڵاتی حەلەب کەوتە دەست رژێم، و ئەمە مانای وایە کە ئێستا رژێم لانیکەم سێیەکی رۆژهەڵاتی حەلەبی لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە.

روانگەکە هەروەها رایگەیاند کە شەوی یەكشەممە نزیکەی 10,000 کەسی مەدەنی رۆژهەڵاتی شارەکەیان جێهێشتووە، کە نزیکەی 6,000 کەس بەرەو گەڕەکی شێخ مەقسودی ژێر دەستی کوردەکان رۆیشتن و 4,000 کەسی تریش بەرەو رۆژئاوای ژێر دەستی رژێم. مەدەنیەکان هەروەها بەرەو ناوچەکانی باشور کە لە ژێر دەستی ئۆپۆزسیۆن ماون دەڕۆیشتن.

بەگوێرەی روانگەکە هێرشەکە لەگەڵ بۆردومانی ئاسمانی سەخت و هێرشی بەرمیلی بۆمبی و ئاراستەکردنی موشەك ئەنجامدراوە کە بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 225 کەس، لەنێویاندا 27 منداڵ، لە رۆژهەڵاتی حەلەب.

هەروەها وتی کە بۆردومانی ئۆپۆزسیۆن بۆ رۆژئاوای ژێردەستی رژێم لانیکەم 27 کەسی کوشتووە، لەنێویاندا 11 منداڵ، لە 15 تشرینی دووەمەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500