زیاتر لە یەك ملیۆن مەدەنی لە موسڵ لە مەترسیەکی گەورەدان و کرێکارانی کۆمەكە مرۆییەکان خۆیان ئامادەکردووە بۆ "خراپترین بارودۆخ،" رێکخراوێکی کۆمەكبەخش رایگەیاند چوارشەممە (2 تشرینی دووەم)، دوای ئەوەی هێزەکانی عێراق گەیشتنە موسڵ، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
فەریق عەبدولئەمیر رەشید بە دیارونای راگەیاند کە هێزەکانی عێراق چوارشەممە بەتەواوی گۆگجەلیان گرت و چوار گوندیشان لە حەمام عەلیل گرتەوە لە باشوری موسڵ و گەڕەکی شەلالات لە باکور.
دەنگی تەقە لە سەرانسەری گۆگجەلی بیسترا، خەڵکی مەدەنی هاتنە دەرەوە و دەستیانکرد بە گێڕانەوەی چیرۆکی دڕندایەتی لەژێر دەستی داعشدا.
یوسف فەریق وتی: "داعشەکان دەستیان بەسەر تراکتۆرەکەمدا گرت و دواتر فڕێیاندام بۆناو زیندان بۆ ماوەی شەش رۆژ. لێیاندام و کاتێك هاتمەدەرەوە نەمدەتوانی چیتر کار بکەم."
جوتیارێکی تەمەن 40 ساڵە، لە ماڵەکەی خۆی لە گۆگجەلی قسەی دەکرد کە دایك و دوو کوڕی دەورەیاندابوو، هێشتا ریشیکی درێژی هەبوو کە چەکدارانی داعش ناچاریانکردبوو بیهێڵێتەوە.
دایکی وتی: "ئەوان ئێمەیان دەکوشت، هەمیشە داوای پارەیان دەکرد، نەماندەتوانی لەوە زیاتر بەردەوام بین. لە دۆزەخدا دەژیاین."
رێکخراوی ئەنجومەنی نەرویجی ئاوارەکان (NRC) کە یەکێکە لە رێکخراوە هەرە چالاکەکانی هاوکاری مرۆیی لە عێراق، هۆشداریدا کە قەیرانێکی مرۆیی درێژخایەن و ترسێنەر لەهەرکاتێك نزیکترە.
بەڕێوەبەری رێکخراوەکە لە عێراق، وۆڵفگانگ گرێسمان، رایگەیاند: "ئێمە ئیستا خۆمان بۆ خراپترین بارودۆخ ئامادەدەکەین. ژیانی 1.2ملیۆن مەدەنی لە مەترسیەکی گەورەدایە و داهاتوی هەموو عێراق ئێستا لە مەترسیدایە."
گرێسمان وتی: "خەڵکی موسڵ و دەوروبەری نزیکەی دوو ساڵ و نیو لە کابوسێکی سەخت و تۆقێنەردا ژیاون. ئێستا هەمومان بەرپرسیارین لە کۆتایهێنان بەم بارودۆخە."
بەگوێرەی رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچبەران، زیاتر لە 20,000 کەس تاکو ئێستا رایانکردووە بۆ ناوچەکانی ژێردەستی حکومەت لەو کاتەوەی هێرشەکە دەستی پێکردووە لە 17 تشرینی یەکەم دا.