هه‌واڵه‌كانی عێراق

نەتەوە یەکگرتووەکان: کارەساتی حەلەب "هاوشێوەی نیە" لە سوریا

سکرتێری کۆمەکی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی پێنجشەممە (29 ئەیلول) هۆشداریدا کە حەلەب روبەڕوی کارەساتێکی مرۆیی وا بووەتەوە کە تائێستا "هاوشێوەی نەبووە" لە جەنگی پێنج ساڵەی سوریادا، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

ستیڤن ئۆبرایان بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی وت: "با بەڕونی قسەبکەم: رۆژهەڵاتی حەلەب لەم ساتەدا لە دۆخێکی نزیك لە کارەساتدا نیە بەڵکو بەشێوەیەکی تەواو ترسناك خزاوەتە ناو دۆزەخی بێبەزەیی و دڵڕەقی کارەساتێکی مرۆیی کە هاوشێوەی نەبووە و نەمانبینیوە لە سوریا."

ئەنجومەنەکە کۆبوبوەوە بۆ تاوتوێکردنی قەیرانی سوریا دوای ئەوەی فەرەنسا رایگەیاند کە هەوڵدەدات بۆ دەرکردنی بڕیارێك لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ سەپاندنی ئاگربەستێك لە حەلەب کە هەفتەیەکە لەژێر بۆردومانێکی سەختدایە.

ئۆبرایان داوای کرداری لە ئەنجومەنەکە کرد دوای ئەوەی هەوڵە دیپلۆماسیەکانی هەفتەی رابردوو شکستیان هێنا، کەبووە هۆی پەرەسەندنی توندوتیژی لە ناوچەکەدا.

زیاتر لە 100,000 منداڵ گیریانخواردووە لە ناوچەکانی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن لە رۆژهەڵاتی حەلەب، کە کەوتووەتە ژێر بۆردومانی قورس لەوکاتەوەی رژێمی سوریا لە (22 ئەیلول) هێرشێکی رایگەیاند بۆ گرتنەوەی شارەکە.

رۆژی هەینی، هێزەکانی رژێم بە پاڵپشتی هێرشە ئاسمانیەکان لە باکور و ناوەڕاستی حەلەب پێشڕەوییانکرد.

رێکخراوی دکتۆرانی بێسنور رۆژی هەینی رژێمی سوریا و هاوپەیمانانی تاوانبارکرد بە هاندانی "گۆمیێکی خوێنین" لە شارەکەدا و وتی ناوچەی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆن بووەتە "مەیدانێکی گەورەی کوشتن."

لەهەمانکاتدا رێکخراوی منداڵپارێز رۆژی هەینی رایگەیاند کە بەکارهێنانی بۆمبی سەنگەربڕ زۆر مەترسیدار دەبێت کاتێك مندڵان دەگەڕێنەوە قوتابخانەکان لە کۆتایی ئەم هەفتەیە تەنانەت بۆ ئەو پۆلانەی کە لەژێر زەویشدان.

رێکخراوە خێرخوازیەکە کە پشتگیری سیانزە قوتابخانە دەکات لە شارەکەدا کە هەشتیان لەژێر زەویدان وتی کە "‌هێرشە دڕندەکەی" سەر حەلەب نزیکەی 100,000 منداڵی لە خوێندن بێبەشکردووە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500