هه‌واڵه‌كانی عێراق

بانگەشەکان بۆ رژێمی سوری بۆ کۆتاییهێنان بە گەمارۆی حەلەب لەزیادبووندان

ئاژانسەکانی کۆمەککردن رۆژی هەینی (29 تەمموز) داوایان لە رژێمی سوری کرد کۆتایی بهێنێت بە گەمارۆدانی رۆژهەڵاتی حەلەب کە لەژێردەستی یاخیبووەکاندایە، لەکاتێکدا کۆمەڵێکی کەم لە مەدەنی توانیویانە راڕەوە مرۆییەکان بەکاربهێنن و لەو شارە وێرانبووە هەڵبێن، بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی فرانس پرێس.

لەهەمانکاتدا، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا، ستافان دی میستورا، داوای لە روسیا کرد رێگا بە نەتەوە یەکگرتووەکان بدات راڕەوە مرۆییەکان بگرێتەدەست کە روسیا رۆژی پێنجشەممە پێشنیاری کرد بۆ مەدەنیەکان و ئەو شەڕکەرانەی خۆیان دەدەن بەدەستەوە و هەوڵی دەرچوون لە گەڕەکەکانی رۆژهەڵاتی شارەکە دەدەن کە لەژێردەستی یاخیبووەکاندان.

دی میستورا وتی: "پێشنیاری ئێمە بۆ روسیا ئەوەیە کە ئەو راڕەوانەی بە هەوڵی ئەوان دامەزراون بەجێ بهێڵن بۆ ئێمە."

وتیشی: "چۆن دەتوانیت چاوەڕوانی ئەوە بکەیت خەڵك بیانەوێت بە هەزاران بە راڕەوێکدا بڕۆن لەکاتێکدا تۆپباران و بۆردومان و شەڕ بەردەوامە."

لەهەمانکاتدا فەرەنساش وتی راڕەوەکان بۆ دەرچوون لە شارەکە "وەڵامێکی باش نەبوو بۆ رەوشەکە"، بەڵکو دەبێت کۆمەکەکان بگەیەنرێن بە خەڵك لە ماڵەکانی خۆیاندا.

هێزە هەوادارەکانی رژێم لە 17 تەمموزەوە گەمارۆی گەڕەکەکانی رۆژهەڵاتی حەلەبیان داوە و بوونەتەهۆی گیرخواردنی نزیکەی 250,000 کەس بەبێ بواری دەستگەیشتنیان بە کۆمەك لە خۆراك و دەرمان.

کۆمیتەی رزگارکردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند کە ئەوانەی لە رۆژهەڵاتی حەلەب ماونەتەوە مەترسیی لەبرسامردنیان لەسەرە و داوای پشوویەکی مرۆییانەی شەڕەکەی کرد.

بەڕێوبەری بەشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی لیژنەکە، زۆی دانیەڵس، وتی: "نابێت خەڵکی حەلەب ناچاربکرێن بە هەڵبژاردن لەنێوان هەڵهاتن لە ماڵەکانیان یان مانەوە لەژێر هێرشدا لە ناوچەیەکی گەمارۆدراودا."

بەڵام بەوتەی روانگەی سوری بۆ مافی مرۆڤ، تەنها ژمارەیەکی کەم لە دانیشتوانی حەلەب توانیویانە گەڕەکەکانی رۆژهەڵات بەجێبهێڵن لەڕێگای رێڕەوەکانەوە پێشئەوەی یاخیبووەکان رێگایان لێبگرن لە هەڵهاتن.

سەرۆکی روانگەکە، رامی عەبدولڕەحمان، وتی: "نزیکەی 12 کەس توانییان راڕەوی بوستان ئەلقەسر بەکاربهێنن پێشئەوەی گروپە یاخیبووەکان رێوشوێنە ئەمنیەکان چڕتربکەنەوە و رێگا لە خێزانەکان بگرن لە راڕەوەکان نزیکببنەوە."

پەیامنێرێکی ئاژانسی فرانس پرێس لە رۆژهەڵاتی حەلەب وتی لە بەرەبەیانی رۆژی هەینیدا شەقامەکان چۆڵبوون و دانیشتووان لەماڵەوە مابوونەوە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500