هه‌واڵه‌كانی عێراق

تەقینەوەی تونێلەکەی حەلەب 38 کەسی کوشت لەکاتێکدا نەتەوە یەکگرتوەکان داوای ئاگربەست دەکات

نزیکەی 40 چەکداری لایەنگری رژێم کوژران دوای ئەوەی شەڕڤانانی ئۆپۆزسیۆن رۆژی پێنجشەممە (21 تەمموز) تونێلێکیان لەژێر پێگەیەکی رژێمدا تەقاندەوە لە شاری حەلەب لە سوریا، ئاژانسی فرانس پرێس رۆژی هەینی لە راپۆرتێکدا رایگەیاند.

رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ لە سوریا وتی 38 ئەندامی هێزەکانی رژێم لە تەقینەوەکەدا کوژران کە باڵەخەنایەکی لە بەشە دێرینەکەی ناوشاری حەلەب خاپور کرد.

ڤیدیۆیەك کە گوایە گرتەی تەقینەوەکەیە و لەلایەن گروپی ئۆپۆزسیۆنی سوار ئەلشام لە سەر ئینتەرنێت بڵاوکراوەتەوە، پیشانی دەدات کە چۆن ئەندامانی گروپەکە بەناو تونێلێکی درێژدا دەڕۆن و بەرمیلی پڕ لە تەقەمەنی ئامادە دەکەن، دواتریش کردەی تەقینەوەکە لە چەند گۆشەیەکەوە فیلمی گیراوە کە چۆن باڵاخانەیەکی چەند نهۆمی لەگەڵ زەوی تەخت دەکات.

رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە سوریا وتیشی پێنجشەممە بۆردومانی رژێم دوو گەڕەکی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆنیان لە رۆژهەڵاتی حەلەب بۆردومان کردووە و 15 کەسیان کوشتووە کە شەشیان منداڵ بوون.

لەهەمانکاتدا، رۆژی پێنجشەممە نەتەوە یەکگرتوەکان داوای ئاگربەستێکی 48 کاتژمێریی هەفتانەی کرد لە حەلەب بۆئەوەی رێگابدرێت بە گەیاندنی هاوکاریە مرۆییەکان بە نزیکەی 250,000 مەدەنی کە روبەروی برسێتی بوونەتەوە.

سەرۆکی چالاکی هاوکاریە مرۆییەکان لە سوریا کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە پشتگیری دەکرێت، ژان ئێگەلاند، وتی رێکخراوەکانی هاوکاری ئامادەبوون شمەك بگەیننە ناوچەکانی ژێر دەستی ئۆپۆزسیۆن لە گەڕەکەکانی رۆژهەڵاتی حەلەب، بەڵام بەردەوامیی توندوتیژیەکان ڕێگەی لە قافڵەکان گرتووە کارەکە ئەنجامبدەن.

وتی: "کات چرکە بە چرکە دەڕوات" و رەوشی دانیشتوانی حەلەبیشی پێناسەکرد بەوەی کە "لەسەر لێواری برسێتین".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500