هه‌واڵه‌كانی عێراق

رژیمی سوریا بەردەوامە لە پەلاماری سەر حەلەب هەرچەندە ئاگربەستی درێژکردەوە

ئاژانسی فرانس پرێس لە راپۆرتێکدا دەڵێت سوریا ئاگربەستێکی سەرتاسەری راگەیاند بۆ سێ رۆژ بەڵام سێشەممە (12 تەمموز) بەردەوام بوە لە هێرشەکانی بۆ سەر چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن لە شاری حەلەب لە باکوری سوریا.

هێزە سەربازیەکانی سوریا لە بەیاننامەیەکدا درەنگانی دووشەممە رایانگەیاند کە "وەستانی شەڕ لە سەرتاسەری خاکی سوریا بۆ ماوەی 27 کاتژمێر"درێژدەبێتەوە، ئاگربەستەکەش لە کاتژمێرەکانی سەرەتای رۆژی سێشەمە بەدواوە جێبەجێدەکرێت.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ لە سوریا رایگەیاند کە ئەمە دووەمین جارە ئاگربەست درێژدەکرێتەوە. یەکەمیان هەفتەی رابردو راگەیەندرا بۆ جەژنی رەمەزان، بەڵام درێژکردنەوەکان هیچ لەسەر رەوشی شەڕەکە ناگۆڕێت چونکە هێرشە ئاسمانیەکان لە چواردەوەری حەلەب بەردەوامن.

بەرپرسی ڕێکخراوەکە رامی عەبدولڕەحمان وتی فڕۆکە جەنگیەکان رۆخی باکوری شارەکەیان بۆردومان کردووە و رژێم چەند باڵەخانەیەکی گرتوە لە ناوچەی پیشەسازی لێرەمون.

وتیشی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن ناوچەی لێرەمون و گەڕەکی بانی زەیدی تەنیشتیان بەکاردەهێنا بۆ تەقاندنی موشەك و تۆپبارانکردنی ناوچەکانی ژێر دەستی رژێم لەناو شارەکەدا.

چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن لەچەند رۆژی رابردودا ناوچەکانی رژێمیان لە رۆژئاوای حەلەب موشەکباران کرد و چەند مەدەنیەکیان کوشت. ئەمە لەکاتێکدا لە رۆژهەڵاتی حەلەب هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن چەندین هێرشیان کردە سەر هێزەکانی رژێم لەسەر ئەو هێڵەی پێشەوەی شەڕ کە ناوچەکانی هەردوولایان لەیەکتری جیادەکاتەوە.

عەبدولڕەحمان وتی بەڵگەیەکی ئەوتۆ لەئارادا نییە کە پیشانی بدات ئاگربڕەکە لە هیچ شوێنێکی وڵات کەوتبێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ناوبراو وتی: "پێکدادان لە هەموو شوێنێک هەیە، لە حومس، حەما، لازقیە، حەلەب. تەنیا دەرعا بێدەنگە."

رێکخراوەکە رایگەیاند کە هێرشە ئاسمانیەکان رۆژی سێشەممە رێگای کاستیلۆیان کردە ئامانج، کە ڕێگای سەرەکی گواستنەوەی شمەکی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنە بۆ حەلەب. چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن هێرشی پێچەوانەیان ئەنجامدا بۆ کردنەوەی رێگاکە بەڵام هیچ بەرەوپێشچوونێکیان بەدەستنەهێناوە.

رێکخراوەکە وتی داخستنی رێگاکە مەترسی گەمارۆی رژێم دروستدەکات لەسەر نزیکەی 200,000 دانیشتوانی نیشتەجێی گەڕەکەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن لە شارەکەدا.

نەتەوە یەکگرتوەکان سێشەممە وتی کە "زۆر نیگەرانن" لەبارەی رەوشی ناو حەلەب و چواردەوری.

وتەبێژی UN ئەلیخاندرا ڤەلوچی وتی خەڵکی رۆژهەڵاتی حەلەب "زۆرتر پشتیان بەستوە بە هاوکاریە مرۆییەکان"، بەڵام هاتوچۆ بۆ بەشەکەی تری شارەکە ئێستا "تەقریبەن مەحاڵە".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500