هه‌واڵه‌كانی عێراق

پۆلیسی یەکێتی ئەوروپا هۆشداری دەدات لەسەر ژنانی تیرۆریست

ئاژانسی فرانس پرێس لە راپۆرتێکدا رایگەیاند کە پۆلیسی یەکێتی ئەوروپا، یۆرۆپۆڵ، لە لاهای چوارشەممە (20 تەمموز) راپۆرتی ساڵانەی خۆی بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت 151 هاوڵاتی کوژراون و زیاتر لە 350 برینداربوون لەو هێرشە تیرۆریستیانەی لە 28 وڵاتەکەی یەکێتی ئەوروپا ئەنجامدراون لە ساڵی رابردودا.

راپۆرتەکەی پۆلیس کە لە 55 لاپەڕە پێکهاتوە تەنیا لێکۆڵینەوەی لە روداوەکانی ساڵی 2015 کردوە، هەر بۆیە هێرشەکانی شاری نیسی فەڕەنسا و هێرشی سەر وێستگەکانی شەمەندەفەر و فڕۆکەخانەی برۆکسلی بەلجیکای لەخۆنەگرتووە.

بەرپرسی پۆلیسی یەکێتی ئەوروپا رۆب وەینرایت وتی:" هێرشە تیرۆریستیەکان لە یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی 2015 دا ژمارەیەکی زۆر قوربانیان لێکەوتۆتەوە."

ناوبراو وتی:"ئەو هێرشانە کە بە وردی پلانیان بۆ دانراوە نیشانی دەدات کە مەترسیەکی زۆر لەسەر یەکێتی ئەوروپا هەیە لەلایەن کەمینەیەکی دەمارگیرەوە... کە لە رۆژهەڵاتی ناوینن بە پاڵپشتی تۆڕێك لە خەڵك کە لە یەکیتی ئەوروپا لەدایكبوون و گەورە بوون."

وتی ئەو خەڵكانە "لە زۆر حاڵەتدا لە کاتێکی زۆر کەم دا رادیکاڵ کراون و سەلماندویانە کە ئامادەن بۆ هاوکاریکردن و کارئاسانیکردن بۆ تیرۆریزم".

راپۆرتەکە دەڵێت کە ژمارەیەکی زۆری مێینە گەشتیان کردوە بۆ عێراق و سوریا، هەروەها ژنان "سەلماندویانە کە زۆر سەرکەوتون لە هاوکاری و کۆکردنەوەی خەڵك ئەو کاتەنەی کە هێشتا لە یەکێتی ئەوروپادان".

راپۆرتەکە دەشڵێت کە ئەو ژنانە راهێنانیان لەسەر چەك پێکراوە، هەرچەندە پێدەچێت ئێستا لە شەڕەکان دا بەشدار نەبن.

پۆلیسی یەکێتی ئەوروپا هۆشداریشی داوە کە "رۆلی ئەو ژنانە لەوانەیە لە داهاتودا گۆڕانکاری بەسەردا بێت، ئەمەش لەوانەیە کاریگەری دابنێت لە سەر سروشت و کاریگەریەکانی" دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش).

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500