هه‌واڵه‌كانی عێراق

عێراق دەڵێت لە شەڕی فەلوجەدا 260 ئۆتۆمبیلی داعش تێکشکێنراون

هێرشی ئاسمانیی دژی چەکدارە هەڵاتووەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) دوای شکستیان لە فەلوجە بۆتە هۆی تێکشکاندنی 260 ئۆتۆمبیل و کوژرانی لانیکەم 150 چەکدار، بەپێی ئاژانسی فرانس پرێس.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رایگەیاند هێرشەکان درەنگانێکی سێشەممە دەستیانپێکرد لەکاتێکدا بەسەدان ئۆتۆمبیل چەك و تەقەمەنییان بارکربوو و هەوڵیاندەدا دواهەمین پێگەکانی داعش لەخۆرئاوای شارەکە بەجێبهێڵن بەرەو باشوری فەلوجە و بیابان بڕۆن، دیارە بۆ ئەو ناوچانەی هێشتا لەژێر دەستی داعشدان نزیك بە سنوری سوریا.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عەمید یەحیا رەسوڵ وتی "پاڵەوانەکانمان لە هێزی ئاسمانی زیاتر لە 200 ئۆتۆمبیلیان تێکشکاند."

وتیشی دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر لە چەك و تەقەمەنیدا گرت، و لانیکەم 150 چەکداری داعش لە هێرشەکەدا کوژران.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار ئیسماعیل ئەلمەحەلاوی بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت لانیکەم 60 ئۆتۆمبیلی دیکەی داعش تێکشکێنران لە هێرشەکانی دواتری هێزی ئاسمانیی عێراق و هاوپەیمانان بۆ سەر کاروانێك کە بەرەو باکوری خۆرئاوای فەلوجە دەڕۆیشت.

رۆژی یەکشەممە هێزەکانی عێراق فەلوجەیان بەتەواوەتیی کۆنترۆڵ کردەوە دوای ئۆپەراسیۆنێکی فراوان کە رۆژی 22 ئایار دەستیپێکرد.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500