هه‌واڵه‌كانی عێراق

هێزە عێراقیەکان بەردەوامن لە کەمپینی گرتنەوەی فەلوجە

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی عێراق بۆ سەندنەوەی فەلوجە لە دەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) رۆژی سێشەممە (7 حوزەیران) وتی سەرکەوتن چەند رۆژێکی ماوە، بەڵام پێشڕەویەکان بەهۆی بۆمب و تەڵەوە خاوبوونەتەوە.

فەریق عەبدولوەهاب ئەلساعدی بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت، "هێزە ئەمنیەکان لە لای باشورەوە بەرەو ناوەندی فەلوجە پێشڕەویی دەکەن، بەڵام بە هۆشدارییەوە ئەمە دەکەن تا ژیانی خەڵکی مەدەنیی بپارێزن."

ساعدی وتی، "چەند رۆژێکی تر ئازادبوونی فەلوجە رادەگەیەنین."

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دانی بەوەدا نا کە پێشڕەوییەکان بەهۆی ژمارەیەکی بەرچاوی بۆمبی دەستکردەوە، کە لەلایەن داعشەوە لە شارەکەدا چێنراون، خاوبوونەتەوە.

لە راگەیەندراوێکدا وتی، "تونێل لێدراوە ولەهەر 100 مەترێکیدا 150-200 بۆمب پوچەڵکدرێنەوە."

راگەیەندراوەکە وتی، "بەگوێرەی زانیاریەکانمان داعش ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراوی ئامادەکردووە و لە ماڵەکاندا حەشاری داون، بەنیازی هێرشکردنە سەرمان کاتێك دەچینە ناو شارەکەوە."

وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عەمید یەحیا رەسوڵ بە مەوتینی وت کە رۆژی دووشەممە هێزە عێراقیەکان ئەلبوهەوایان لە باشوری فەلوجە گرتۆتەوە و گەیشتوونەتە شەقامی هۆر کە باشوری فەلوجە بە ناوەندەوە دەبەستێتەوە.

وتی، "ئەو پێشڕەویەی ئەمڕۆ بەدەستمان هێناوە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنێکی راستەقینەیە بۆ چوونە ناوەندی شارەکەوە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500