هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێزی ئاسمانی عێراق تواناکانی داعش لە فەلوجە لاوازدەکات

خالید ئەلتائی

هێزی ئاسمانی عێراق بڵاوکراوە فڕێدەدەنە خوارەوە بۆ هۆشداریدان بە دانیشتوانی فەلوجە تا خۆیان لە بنکەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) بەدوربگرن. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری]

هێزی ئاسمانی عێراق بڵاوکراوە فڕێدەدەنە خوارەوە بۆ هۆشداریدان بە دانیشتوانی فەلوجە تا خۆیان لە بنکەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) بەدوربگرن. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری]

هێزی ئاسمانی عێراق رۆڵێکی یەکلاییکەرەوە دەبینێت لە شەڕی رزگارکردنی فەلوجە لە "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لەڕێگەی پشتگیریکردنی پێویستی هێزە زەمینیەکانەوە.

لە 22 ئایارەوە هێزەکانی عێراق هێرشێکی سەربازی گەورەیان دەستتپێکردووە بۆ دەرپەڕاندنی داعش لە فەلوجە کە یەکێکە لە دواهەمین قەڵا سەرەکیەکانی ئەم گروپە لە عێراق.

فەرماندەی هێزی ئاسمانی، فەریق روکن ئەنوەر حەمە ئەمین، وتی: "فڕۆکەکانی سوپای عێراق زۆر لە پێش شەڕی رزگارکردنی فەلوجەشەوە بەشدارییان لە شەڕدا دژی داعش کردووە."

وتی بەڵام لەگەڵ دەسپێکی ئۆپەراسیۆنی "تێکشکانی تێرۆریزم" بۆ گرتنەوەی فەلوجە "هێرشە ئاسمانیەکانمان چڕتر کردەوە و ئێستا رۆژانە 24 کاتژمێر بەردەوام دەبن."

حەمە ئەمین بە مەوتینی وت: "ئێستا هەر جوڵەیەکی تێرۆریستەکان یەکسەر دەکرێتە ئامانج و بواریان نادەین هەناسەش بدەن یان خۆیان رێکبخەنەوە و سەنگەربگرن بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانمان."

وتیشی: " لە زۆر ئامانجی گرنگی دوژمنمان داوە لە ناوەوە و دەوروبەری فەلوجە، لەوانە کارگەی ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو و بۆبمی دەستکرد، عەمبارەکانی چەك و کەرەسە، ناوەندەکانی کۆنترۆڵ و بنکەکانی کۆبوونەوەی خۆکوژان کە ناسراون بە 'میوانخانە'."

بۆردومانی ئامانجە گرنگەکانی داعش

بەوتەی حەمە ئەمین هێرشە ئاسمانیەکان گورزی کوشندەیان لە داعش داوە و سەدان لە ئەندامانیانی کوشتووە و تواناییە جەنگیەکانیانی تێکشکاندووە.

هەندێك لەو ئامانجانە بریتیبوون لە کارگەیەکی چەکی کیمیایی لە ناوچەی سەجەر، کارگەیەکی ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو لە حەی سەناعی و عەمبارێکی چەك و موشەك لە گەڕەکی جولان، ئەمەش بەپێی بەیاننامەیەکی هاوبەشی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان.

هێرشە ئاسمانیەکان سیستمێکی پەیوەندیکردن و حەشارگایەکی ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراویان کردۆتە ئامانج لە فەرمانگەی چاودێری کارەبای فەلوجەدا، هەروەها عەمبارێکی و کەپسولی بۆمب لەنزیکی پردی شوعەیبیە.

بەپێی بەیاننامەکە، هێرشێکی ئاسمانیی تر ناوەندێکی فەرماندەیی داعشی وێرانکرد و تیایدا 10 ئەندامی گروپەکە کوژران و بواری هەڵهاتنی بۆ ئەو زیندانیانەش کردەوە کە لە ژێرزەمینێکدا لەتەنیشت ئەو ناوەندەوە لەلایەن داعشەوە دەسبەسەر کرابوون.

حەمە ئەمین وتی: "هێرشەکانمان تەواو سەریان لە تێرۆریستەکان شێواندووە و هاوسەنگییانی تێکداوە."

وتی: "هەرکاتێك فەلوجە بەتەواوی ئازادکرا و شەڕەکە کۆتایی پێهات، میدیا دەتوانن ببینن چۆن هێرشەکانمان تەرکیزیان خستۆتەسەر ئەو ئامانج و پێگانەی بەوریاییەوە هەڵبژێردراون."

ئەم فەرماندەیە وتیشی بۆردومانەکان بەوریاییەوە ئەنجامدراون تا قوربانی مەدەنییان لێنەکەوێتەوە و زیان بە ژێرخانی شوێنەکانیش نەگەیەنن.

هەروەها وتی: "لەڕێگای بەردانەوەی بڵاوکراوەوە داوامان لە دانیشتوان کردووە پێش دەسپێکی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان خۆیان لە بنکەکانی داعش بەدووربگرن لەبەر سەلامەتییان و بۆ ئاسانکردنی جێبەجێکردنی ئەرکی بەنیشانگرتنی تێرۆریستەکانیش."

مەزەنە دەکرێت نزیکەی 50,000 مەدەنی لە فەلوجەدا گیریان خواردبێت.

حەمە ئەمین وتی هێزی ئاسمانی بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی هێزە زەمینیەکاندا "تا بەدەستهێنانی سەرکەوتن و نەهێشتنی داعش لە عێراق."

شکانەوەی شەڕ بەسودی عێراق

ئەندامی ئەمجومەنی پارێزگای ئەنبار، عەزال ئەلفەهداوی، بە مەوتینی وت پشتگیری هێزە ئاسمانیەکانی عێراق رۆڵێکی یەکلاییکەرەوەیان گێڕاوە لە شکانەوەی شەڕەکاندا بەسودی عێراق.

فەهداوی وتی: " فڕۆکە جەنگیەکانی عێراق لە مۆڵگە و هێڵەکانی بەرگری تێرۆریستان دەدەن تا بوار بە هێزە زەمینیەکان بدەن هێرش بکەن، بڵاوببنەوە و بەخێرایی شوێنەکان بگرن و تیایدا بمێننەوە."

وتی: "بۆردومانەکان پاڵنەرێکی گەورەن بۆ جەنگاوەرەکان و بەرگری دوژمنی لاوازکردووە، کە لەم رۆژانەی دواییدا چەندین جێگایان لەدەوروبەری فەلوجە لەدەستداوە، بەناوبانگترینیان کەرمە، ئەلبو شەجەل، ئەلبو عەلی، ئەلبو عوبەید، ئەلبو عاسی، ئەلبو شیهاب، ئەلبو هەوا و ئەلبو بالی بوون."

وتیشی هێزە ئەمنیەکان سەرکەوتنی باش بەدەستدێنن و بەردەوام لە پێشڕەویدان. "بەزووترین کات هەموو شارەکانی پارێزگاکەمان لەدەست تێرۆریستان رزگاردەکرێن."

قایمقامی فەلوجە، عیسا سایر ئەلعیساوی، بە مەوتینی وت کە بۆردومانەکان تواناکانی داعشیان تێکشکاندووە و هەنگاوی خێراتر دەنێن بەرەو سەرکەوتنی زیاتر.

عیساوی وتی: "ئەمڕۆ، سوپاس بۆ پشتگیری ئاسمانی، هێزەکانمان بەهێواشی لە رزگارکردنی تەواوەتی فەلوجە نزیکدەبنەوە، پاشئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا داعشیان لە دەوروبەری شارەکە تێکشکاندووە.

وتی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فەلوجە، وەك کەرمە و سەجەر، تا دەگاتە پردی توفاحە، کارگەی چیمەنتۆ، دوکانەکانی خواردن و تایە و گەڕەکی نوعەیمیە لە باشوری شارەکە، هەمووی ئێستا رزگارکراون.

وتیشی هێزەکانی عێراق ئێستا لە پێشڕەویدان لە سەقلاویەوە بەرەو رۆژئاوا، لەکاتێکدا ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان بەردەوامن بۆ پاکردنەوەی ناوچەی حەسی لە باشوری رۆژئاوا.

عیساوی وتی: "چەتە تێرۆریستەکان دواهەمین رۆژەکانیان بەسەردەبەن لە فەلوجە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500