سێ خۆکوژی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) خۆیان تەقاندەوە دوای ئەوەی لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی عێراقهوه دەورەدران لە باشوری خۆرئاوای پارێزگای کەرکوک، سێشەممە (8 ئەیلول)، بەرپرسێکی ناوخۆ بە دیارونای وت.
راوێژکاری یەکەمی پارێزگاری کەرکوک، عیماد دەهام وتی هێزەکانی پۆلیسی فیدڕاڵی ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی ئەمنییان دەستپێکرد بۆ دەستگیرکردنی چەکدارانی داعش لە ناحیەکانی رەشاد و ریازی سەر بە حەویجە، خۆرئاوای کەرکوک.
بە دیارونای وت یەکەکانی فیرقەی 5ی پۆلیسی فیدراڵی، فیرقەی میکانیكی و لیوای ئەرکە تایبەتەکان بەشداربوون لە ئۆپەراسیۆنەکەدا و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە لەلایەن یەکە هەواڵگری و ئەندازیارییەکانەوە پشتیوانیکران.
دەهام وتی لهمیانهی ئۆپەراسیۆنی گەڕان و پشکنینەکەدا، هێزە ئەمنییەکان دەوری سێ چەکداریان گرت کە لە حەشارگەیەکدا لە وادی شەهامە لە رەشاد خۆیان حەشاردابوو.
وتی دوو چەکدار خۆیان تەقاندەوە دوای ئەوەی لهلایهن هێزە ئەمنییهكانهوه تهقهیان لێكرا. ئەوەی سێیەمیان هەوڵی راکردنی دا، بەڵام دوای ئەوەی پۆلیس بەدوای کەوت و دەوریدا، پشتێنە بۆمبڕێژکراوەکەی تەقاندەوە.
دەهام وتی هێزە ئەمنییەکان هیچ زیانێکی گیانییان نەبوو.
ئۆپەراسیۆنەکە تائێستا بۆته هۆی لەناوبردنی حەوت خانووی حەوانەوەی داعش کە تەقەمەنی، چەکی سووک، پێداویستی خۆراکی، دەرمان و جلوبەرگیان لەنێودابوو.
تیمی ئەندازیاری زیاتر لە 30 موشەکهاوێژیان تەقاندەوە.
دەهام وتی نۆ گوند، لەنێویاندا تەل عید، سالح عەجەم، توەیلەعە و سەلام، پشكنراون و لە چەکدارانی داعش پاککرانەتەوە.
دەهام وتی لە چەند هەفتەی رابردوودا، داعش هێرشەکانی لە دەوروبەری کەرکوک زیاترکرد، بەڵام هێزەکانی عێراق کاردەکەن بۆ وەڵامدانەوەی هێرشە تیرۆریستییەکان لەڕێی ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتووی ئەمنییەوە.
وتی لە 1 ئەیلول، هێرشێکی تیرۆریستی پوچەڵکرایەوە کاتێک هێزە ئەمنییەکان رێگرییان کرد لە خۆکوژێك کە ئۆتۆمبیلێکەی بە ئاڕاستەی مەراسیمێکی بەخاکسپاردن لە باشوری کەرکوک لێدەخوڕی.
چەکدارەکە ناچاركرا ئۆتۆمبیلە بۆمبڕێژکراوەکەی دوور لە شوێنی ئامانج بتەقێنێتەوە و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە دەکرا هێرشەکە ببێتە هۆی کوشتنی ژمارەیەکی زۆر له خەڵکی مەدەنی، بەڵام تەنیا بووە هۆی برینداربوونی چەند کەسێک.