هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هێزەکانی عێراق سەدان هێرشی داعش پوچەڵدەکەنەوە لە 7 مانگی رابردوودا

خالید تائی

سەربازێکی عێراق لە 25 ئازار بەدوای پاشماوەکانی داعشدا دەگەڕێت لە شاخەکانی قەزای مەخمور. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

سەربازێکی عێراق لە 25 ئازار بەدوای پاشماوەکانی داعشدا دەگەڕێت لە شاخەکانی قەزای مەخمور. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

لە حەوت مانگی رابردوودا، هێزەکانی عێراق لانیکەم 400 هێرشی تیرۆریستیی پاشماوەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)یان پوچەڵکردۆتەوە، شارەزای هەواڵگری، فازڵ ئەبو ره‌غیف سێشەممە (21 نیسان) بە دیارونای وت.

وتی هێرشەکان پوچەڵکرانەوە لەڕێی هێرشی پێشگیری ورد و گونجاوه‌وه‌ لەلایەن هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکانه‌وه‌.

وتیشی ئەو هێرشانە زۆربەیان لە گردەکانی حەمرین و ئەو زنجیرە چیایە روویاندا کە بە پارێزگاکانی سەڵاحەدین و کەرکوکدا درێژده‌بێته‌وه‌، تا دورگەی نەینەوا و خۆرئاوای بیابانی ئەنبار.

ئەبو ره‌غیف وتی: "زۆربەی شانەکان [ی داعش] هەڵوەشێندراونەتەوە، سەرکردەکانیش لە پێگەكانی بەرپرسی شەریعە، موفتی گەورە، بەرپرسی تۆماری گشتی، بەرپرسی گواستنەوەی بۆمبە خۆکوژییەکان و سەرکردەی گروپە جوڵاو و جێگیرەکان له‌ناوبراون."

پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق 19 نیسان چەند کەرەستەیەکی تەقەمەنییان دۆزییەوە لە حەشارگەیەکی داعشدا لە قەزای حەویجە، خۆرئاوای پارێزگای کەرکوک. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی پۆلیسی فیدڕاڵی]

پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق 19 نیسان چەند کەرەستەیەکی تەقەمەنییان دۆزییەوە لە حەشارگەیەکی داعشدا لە قەزای حەویجە، خۆرئاوای پارێزگای کەرکوک. [خاوەنی وێنە: فەرماندەیی پۆلیسی فیدڕاڵی]

لەگەڵ هەر هێرشێکی پوچەڵکراوەدا، هێزە ئەمنییەکان چەندین بەڵگەیان دۆزیوەتەوە لە حەشارگەکانی گروپەکەدا کە زانیاری هەواڵگری دەخه‌نه‌ڕوو دەربارەی پاشماوەکانی داعش و ئەو شوێنانەی خۆیانی لێ حەشاردەدەن، ئەمەش دەبێتە سەرەداو بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە پێشگیره‌كان.

وتی بەرزبوونەوەی هێرشەکانی داعش لەمدواییەدا دەکرێت سەیربکرێت وەک هەوڵی گروپەکە بۆ قۆزتنەوەی کێشە ناوخۆیی و سیاسییەکان بۆ به‌رفراوانکردنی چالاکییەکانی خۆی.

ناوبراو وتی گروپەکە لەئێستادا لە هەوڵی ئەوەدایە سه‌رقاڵیی هێزە ئەمنییەکان به‌ بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-19) بقۆزێتەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشی گەریلایی لەو ناوچانەی ئەمنیەتێکی پتەویان نییە.

وتی ئەو ئۆپەراسیۆنانە دەریدەخەن کە داعش بە چالاکی دەمێنێتەوە و دەتوانێت جارجار هێرشی تیرۆریستی ئەنجامبدات و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە بەردەوامیی هەوڵەکان پێویستە بۆ رێگریکردن لە گروپەکە تا جارێکی تر پێگەکەی بەدەستنەهێنێتەوە.

سەرکردەی داعش لە عێراق ده‌مێنێته‌وه‌

بەگوێرەی راپۆرتەکانی میدیا دەربارەی هاتنەناوەوەی ئەمدواییەی سەرکردە نوێكه‌ی داعش، ئەبو ئیبراهیم هاشمی قوڕەیشی بۆ عێراق، ئەبو ره‌غیف وتی قوڕەیشی "هەرگیز عێراقی بەجێنێهشتووە".

وتی ئەو زانیاریانەی بەردەستن ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە قوڕەیشی، کە ناوی راستەقینەی ئەمیر محەمەد عەبدولڕەحمان مەولایە، لە چەندین شوێنی جیاواز لە باکور و خۆرئاوای عێراق خۆی حەشاردەدات.

وتیشی: "هاتوچۆی کردووە بەبێ ئەوەی گومان دروستبکات، بە گۆڕینی روخساری و بەکارهێنانی رێگای نهێنی."

ئەبو ره‌غیف وتی: "ئاژانسە هەواڵگرییەکانمان بەدووی جموجۆڵی تاوانبارەکە کەوتوون لەوکاتەوەی لە سەرەتای تشرینی دووەمدا وەک سەرکردەی نوێ [ی داعش] هەڵبژێردرا" و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە ئێستا زانیاری زیاتر دەربارەی جموجۆڵ و پلانەکانی قوڕەیشی له‌به‌رده‌ستدایه‌.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500