هێزەکانی عێراق یەکشەممە (23 ئاب) ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیی بەرفراوانیان راگەیاند بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی لەلایەن دهسهڵاتی دادوەریی بەسرەوە داواکراون دوای زنجیرەیەک کردەوەی تیرۆرکردن کە چالاکوانانیان کردە ئامانج لە پارێزگاکە.
بەرپرسێکی ناوخۆ بە دیارونای وت تائێستا زیاتر لە 200 گومانلێکراو دەستگیرکراون.
چەند چەکدارێکی نەناسراو لە هەفتەی رابردوودا دوو چالاکوانی ناوداریان کوشت کە بەشداربوون لە خۆپێشاندانەکانی بەسرەدا -- ریهام یەعقوب و تەحسین ئوسامە شهحمانی -- لەکاتێکدا چەند چالاکوانێکی دیکە لە هەوڵەكانی تیرۆریکردن دەربازیانبوو.
سەرەکوەزیران مستەفا کازمی، لەکاتێکدا لەگەڵ سەرکردە مەدەنییەکان لە سەردانێکدا شەممە لە بەسرە کۆبووهوە، وتی کوشتنەکان "پێشێلکارین و مایەی پهسهندكردن نیین".
وتی: "ماوەیەکە چەند گروپێکی لە یاسادەرچوو هەوڵدەدەن کردەوەی تیرۆریستی لەدژی خەڵکی بەسرە ئەنجامبدەن" و وتیشی ئەو گروپانە مایەی مەترسین "بۆ هەموو عێراقییەکان".
داوای لە هێزە ئەمنییەکان کرد بە هەموو شێوەیەک کاربکەن "بۆ دابینکردنی ئەمنیەت بۆ خەڵکی بەسرە و بۆ دۆزینەوەی بەزوویی تاوانکارەکان".
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە، عەلی شەداد فارس بە دیارونای وت تووندوتیژییەکانی ئەمدواییە لە بەسرە ئاماژەن به "ئامادەیی چەکی نایاسایی کە لەژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتدا نین".
وتی تووندوتیژییەکە بۆتههۆی خراپکردنی دۆخی ئەمنی و ئابوری و کۆمەڵایەتی لە بەسرە، کە ئەمەش بۆتههۆی تووڕەکردنی دانیشتوانی ناوچەکە و گەڕانەوەیان بۆسەر شەقامەکان لە ناوەڕاستی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێدا (کۆڤید-19).
چەندین دەستگیرکردن
هەڵمەتە ئەمنییەکە دوای سەردانەکەی شەممەی کازمی بۆ پارێزگای بەسرە و سەردانەکەی 20 ئابی وەزیری ناوخۆ عوسمان غانمی، دەستیپێکرد.
فارس وتی هێزە ئەمنییەکان گەڕان و هەڵکوتانەسەر لە چەند بەشێکی پارێزگاکە ئەنجامدەدەن بۆ گەڕان بەدوای تاوانبارە داواکراوەکاندا.
وتی ئەو هەوڵانە تائێستا بوونەتەهۆی "دەستگیرکردنی 200 کەسی داواکراو کە فەرمانی دەستگیرکردنیان لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە بۆ دەرچووە بەتۆمەتی چەندین تاوانی جیاواز".
وتیشی: "جێبەجێکردنی فەرمانەکانی دەستگیرکردن کاری سەرەکیی هێزە ئەمنییەکانە و بەشێکی گرنگی بەرپرسیارێتییانە."
ههروهها وتی نزیکەی "5,000 فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو کەسە داواکراوانە دەرچووە کە هێشتا بە ئازادی دەسووڕێنەوە" و وتیشی "هیچ مانایەکی نییە کە لە بهرپرسیارێتی دەربازببن و هیچ سزایەک نەدرێن".
وتی دانیشتوانی بەسرە رازیبوونی خۆیان پیشاندا بهرامبهر هەوڵەکانی ئەمدواییانە بۆ دەستگیرکردنی هەموو ئەوانەی لە دادپەروەری رادەکەن و لەمڕووەشەوە زۆر هاوکاری سوپا و پۆلیس و هێزەکانی هەواڵگری بوون.
فارس وتی هیوایان هەیە کە هێزە ئەمنییەکان بەمنزیکانە ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکانیان لە بەئامانجکردنی چالاکوانان رابگهیهنن.