حکومەتی عێراقی هەنگاوی جۆراوجۆر دەنێت بۆ پشتیوانیكردنی ئەو ژنانەی بەهۆی تیرۆریزمەوە زیانیان بەرکەوتووە، لەڕێی چەند میکانیزمێکەوە، لهنێویاندا موچەی مانگانە، لەگەڵ دەستڕاگەیشتن بە قەرز و خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتیەکان.
هەرچەندە بەرنامەکانی هاریکاریی حکومهت باری سەرشانی هەزاران ژن و بێوەژن و قوربانییهكانی تووندوتیژییان سوككردووه، مەینەتییان هێشتاوە زۆرە، چالاکوانان و بەرپرسانی عێراق بە دیارونایان وت.
روقیە مهحمود (ئوم عەلیا)، كه بێوەژنێکە سێ کچی هەیە، نزیکەی دوو ساڵی لە کەمپی ئاوارەکانی گەیارە بەسەربرد دوای ئەوەی مێردەکەی لەلایەن رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)ەوە کوژرا کاتێك گروپەکە موسڵی داگیرکرد.
خۆی و کچەکانی ساڵێك لەمەوبەر گەڕانەوە بۆ ماڵەکەیان لە خۆرهەڵاتی موسڵ.
ئوم عەلیا کە چێشتلێنەرێکی کارامەیە، خواردن ئامادە دەکات لە چێشتخانە بچوکەکەی ماڵەوە و له گەڕەکەکەیدا دەیفرۆشێت و پارەکەی بەکاردەهێنێت بۆ بهخێوكردنی كچەکانی.
بە دیارونای وت هەرچەندە زۆر کەم پارە پەیدا دەکات، ئەو داهاتەی بەدەستیدەهێنێت لە فرۆشتنی خواردنهوه "لە هیچ باشترە".
وتی: "موچەم نییە و خزمەکانم بەشی خۆیان کێشەیان هەیە. بۆیە هەوڵدەدەم پشت بەخۆم ببەستم و پێداویستیەکانی کچەکانم دابینبکەم."
پێویستی به کۆمەکی مرۆیی
نەتەوە یەکگرتوەکان خەمڵاندنی کرد بەوەی لە ساڵی رابردوودا، نزیکەی 3.3 ملیۆن ژن و کچی عێراق پێویستیان بە کۆمەکی مرۆیی بووە -- ئامارێك کە ئاماژەیە بە جددییەتی ئاکامە نەرێنیەکانی ساڵانێك لە شهڕ و تیرۆریزم بۆ ژنان.
عەبیر چەلەبی کە بەڕێوبەری دەزگای منداڵانان و ژنانە لە وەزارەتی کار، وتی ژنانی عێراق پشکی شێری ئەو بارەیان کەوتۆتە سەرشان.
بە دیارونای وت دوای شەڕی داعش، دۆخەکە بۆ ژنان سەختتربووە، کە زۆرێکیان ئاوارەبوون یان بوونەتە بێوەژن، بوونەتە پەیداکەری بژێویی خێزانەکانیان یان بەجۆرێکی دیکە بەهۆی تیرۆریزمەوە زیانیان بەرکەوتووە.
چەلەبی وتی ژنانی ئاوارە "دۆخیان لە هەمووان خراپترە" چونکە دۆخی ژیانیان لەنێو کەمپەکانی ئاوارەییدا زۆر ناههمواره و ژنانیش پارێزگارییان لێنەکراوە.
وتی: "تەنانەت ئەو ژنانەش کە ئەم شوێنانەیان جێهێشتووە باشتر نەبوون و زۆرێکیان بهدهست دۆخێکی سەختهوه دهناڵێنن."
وتی وەزارەت "چەندین پرۆگرامی هەیە کە پشتیوانی توێژی زیانمەندی دانیشتوان دەکات لەڕێی موچەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی مانگانەوە بۆ هەزاران ژن، بەتایبەتی ئەوانەی بەهۆی تیرۆریزمەوە زیانیان بەرکەوتووە و هەژارترین".
چەلەبی وتی کۆمەك و قەرزی نەرمیش بۆ ژنان لهبەردەستدان تا یارمەتییان بدەن دەست بە کارێکی بچوك بکەن، خولەکانی راهێنانی پیشەییش دابینکراون، هەرچەندە ئەم بهرنامانه بەتەنیا بەس نین بۆ کۆتاییهێنان بە مەینەتیەکانی ژنان.
وتی: "بەرپرسیارێتی لەسەر شانی وەزارەتێك یان دەزگایەکی حکومیی تایبەت نییە بەڵكو لەسەر پەرلەمانە، لەڕێی دەرکردنی یاساکان و چالاککردنی رێنماییەکان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان."
وتیشی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هاوبەشەکانی کەرتی تایبەت دەبێت رۆڵێك بگێڕن و "گرنگن بۆ بەدەستهێنانی پێشڕەویی خوازراو".
کێشەیەکی سەخت بۆ چارەسەرکردن
پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، پاسکاڵ وەردە، کە چالاکوانێکی مافەکانی ژنانیشە، وتی حکومەت هەنگاوی جددی دهنێت بۆ پشتیوانیکردنی ژنان و "دەتوانین ئەمە لەڕێی کارەکان و کۆبوونەوەکانمانەوە ببینین لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتدا".
بە دیارونای وت ئەو سەختییەی تووندوتیژی و کردەوەکانی تیرۆریزم هێناویانهته ئاراوه بۆ چارەسەرکردن سهخته، "چونکە ژمارهیهكی زۆر له بێوەژن و ئەوانەش هەن کە پێویستیان بە کۆمەکە".
خاتوو وەردە، کە بەڕێوبەری رێکخراوی حامورابیە بۆ مافەکانی مرۆڤ، وتی: "لهگهڵ ئهوهشدا كه ئەم خزمەتگوزاریانە چەند گرنگن، هێشتا ناتوانێت بدرێنە هەمووان و کاریگەرییه ئەرێنیهكانیشیان زۆر روون نییه."
وتی منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت و ئەوانەش کە له خێزانی بێ نانپهیداكهردا دهژین، پێویستیان بە پشتیوانی زیاترە.
جێگری بەڕێوبەر لە لقی نەینەوای وەزارەتهكه، عازم حازم وتی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران "هەموو هەوڵێکی داوە بۆ یارمەتیدانی هەموو ژنان".
بە دیارونای وت گرنگیدان بە ژنان و ئاوارە گەڕاوەکان چەقی کارکردنی وەزارەتە.
باربووهكان و خزمەتگوزاری بۆ ژنان
لەمساڵدا، وەزارەت قەرزی نەرمی داوەتە نزیکەی 100 ژنی ئاوارەی گەڕاوە لە موسڵ تا یارمەتییان بدات دەستبکەن بە کارێك کە داهات پەیدا بکات.
وتی لە نێو ئهوانەدا کاری چنین، جوانکاریی قژ تا کردنەوەی دوکانی بچوك و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی چاکسازیی هەن بۆ ئەو ژنانەی کە هەوڵی گەشەدان بە تواناکانی خۆیان دەدەن.
وتی وەزارەت کۆمەك دەستەبەردەکات بۆ پشتیوانیکردنی گەڕاوەکان، لەنێویاندا ژمارەیەکی زۆر لەو ژنانەی کە پێویستیان بە پارەیە بۆ بونیاتنانهوهی ژیان و نیشتەجێبوونەوەیان لە گەڕەکەکانی خۆیان.
ئاماژەیکرد بەوەی لەبارەی ژنانی ئاوارەوە، چاودێریی بەردەوامی وەزارەت و بەڕێوەبەرانی کەمپەکان هەیە بۆ دۆخی کۆمەڵایەتی و تەندروستی و دەروونییان، سەرەڕای دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتیەکانیان.
ئەمەش دەستبەرکردنی شمەکی فریاگوزاری لهخۆدهگرێت، لەگەڵ تۆمارکردنیان لە بهرنامهكانی پشتیوانیدا.