لەکاتێکدا خۆپێشاندانە قەرەباڵغەکانی پارێزگای زیقار له باشوری وڵاتهكه بەهۆی راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆی سەرتاسەرییەوە وەستێنراون بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید-19)، کۆمیتە ناوخۆییەکانی هەماهەنگیکردن هاتوونەتە مەیدان بۆ یارمەتیدانی ئەو خێزانانەی پێویستیان بە یارمەتییە.
چەندین کۆمیتەی رێکخستنی خۆپێشاندان و رێکخراوە مەدەنییەکان لە باشوری عێراق سەرنجیان خستۆتە سەر یارمەتیدانی ئەوانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی قەیرانە تەندروستی و ئابورییەکانهوه کە زیانێکی زۆریان بە وڵاتەکە گەیاندووە.
کۆمیتەی رێکخستنی خۆپێشاندانەکانی زیقار، محەمەد هیلالی بە دیارونای وت چالاکوانان هاوکاریی مادییان کۆکردۆتەوە کە بەکارهاتووە بۆ کڕینی سەبەتە خواردنهكان بۆ خێزانانی کەمدەرامەت لە پارێزگاکە.
وتی لە کاتی رەمەزاندا چالاکوانان خوانی ئێواران و کۆبوونەوەی پێکەوەییان رێکدەخست بۆ ئەو کەسانەی بەڕۆژوو دەبوون لە مەیدانی حەبوبی لە ناسریە، ناوەندی سهرهكیی خۆپێشاندانەکان.
کۆمیتە هەماهەنگییەکانی تر لە قەزای شهترهی باکوری زیقار، 215 سەبەتەی خۆراکیان بۆ خێزانە هەژارەکانی شارەکە ئامادەکرد، لهنێویاندا خۆراکه سەرەتاییەکانی وەک شەکر و رۆنی چێشتلێنان و برنج.
وتی ئەو هاوکارییانە "گیانی پێکەوەیی لەنێو دانیشتوانی هەمان شاردا" دهردهخهن و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە زۆربەی ئەو کەسانەی هاوکارییان پێشکەشکردووە خۆیان دووچاری سەختی و کەمدهرامهتی بوونەتەوە.
بەڕێوبەری کۆمیتەی بەڕێوەبردنی یەکێتی کرێکاران لە زیقار، عیماد شهزهر وتی یەکێتییە بازرگانییەکان و رێکخراوە مرۆییەکان چەند هەڵمەتێکی هاوکارییان راگەیاندووە.
بە دیارونای وت ئەو هەڵمەتانە بهگوێرهی گەورەیی قەبارەی کارەساتەکە رێکخراون کە بەهۆی قەیرانی ئابوری و نزمبوونەوەی نرخی نەوتهوه هاتووەتە ئاراوە و دواتریش پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای بەسەرداهات.
یارمەتیدانی ئەوانەی زۆرترین پێویستییان بە كۆمهكه
بۆ یارمەتیدانی ئەوانەی زۆرترین پێویستییان بە كۆمهكه، کۆمیتەی بەڕێوەبردنی یەکێتی کرێکاران 400 سەبەتەی خۆراکیان دابەشکرد لەگەل کهسوات عید (جلی جەژن) بۆ خێزانه کەمدەرامەتهكان لە مانگی پیرۆزی رەمەزاندا.
شهزهر وتی کەسە سوودمەندبووەکان بریتیین لە منداڵانی بێ دایک یان باوک، خێزانی شەهید، ئەوانەی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان نییە و تەنانەت ئەو کرێکارانەی لە بەڕێوبەرێتیەکانی شارەوانی کاردەکان و بەگوێرەی ئهو لیستانه دیاریكراون کە بۆ پرۆسەی دابەشکردنەکە ئامادەکرابوون.
وتی چەند خۆبەخشێک خولی راهێنانیان بۆ گەنجانی بێکار سازكردووه، بە بێبەرامبەر سەریان بۆ چاککردوون و بە نرخێکی کەمتر دەرمانیان بۆ دابینکردوون.
وتەبێژی بانکی ناوەند، ئەیسەر جەبار بە دیارونای وت بانکی ناوەندی عێراق لەهەمانکاتدا میکانیزمێکی نوێی بۆ دابەشکردنی ئەو بڕە هاوکارییە داناوە کە لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە دابینکراوە بۆ ئەو خێزانانەی بەهۆی قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە زیانیان بەرکەوتووە.
جەبار وتی یارمەتییە فریاگوزارییەکان لەڕێی مۆبایلەوە دەبەخشرێن بەو کەسانەی سوودمەندبوون و پێشوەختە لەلایەن حکومەتەوە پهسهندکراون.
وتی کۆمپانیاکانی مۆبایل هەژماری گیرفانی مۆبایل دەکەنەوە بۆ ئەو کەسانەی سوودمەندبوون، کە دواتر دەتوانن لەڕێی ئامێری بانکی ئەلیکترۆینییهوه (ATM) لە سەرانسەری وڵاتدا پارهكه دهربهێنن.
کۆمیتەی باڵای عێراق بۆ تەندروستی و سەلامەتی لە 7 نیسان رایگەیاند کە 600 ملیار دینار (500 ملیۆن دۆلار)ی دابینکردووە بۆ یارمەتیدانی نزیکەی 10 ملیۆن عێراقی لە کاتی قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنادا.