بەهۆی ئەوەی رووبەڕووی کورتهێنانێکی تووند بوونەتەوە لە كهلوپهل و ماددە و ئامرازه بنەڕەتییه پزیشکییهكان بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا، رێکخراوە پزیشکی و فریاگوزاری و مرۆییەکان لە ئیدلیبی سوریا هەڵمەتێکی خۆبەخشییان راگەیاندووە.
ئەندامی کڵاوسپیەکان، خالید خەتیب بە دیارونای وت هەموو رێکخراو و تاکەکان کە دەیانەوێت خۆبەخشی بکەن بۆ شەڕ دژی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بانگهێشت کراون بۆ پەیوەندیکردن بە ریزەکانیانەوە.
وتی بهڕێوبهرێتی تەندروستی حکومەتی کاتی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و کڵاوسپیەکان پرۆژەیەکی خۆبەخشیان دەستپێکردووە کە رووماڵی هەموو ناوچەکانی پارێزگای ئیدلیب دەکات کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی رژێمی سوریان.
خەتیب وتی هەوڵە هاوبەشەکە ئامانجی جێبەجێکردنی چەند هەنگاوێکی بەرپێگرانەیە دژی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناوچەکە و ئامادەکارییە بۆ وەڵامدانەوەیەکی کتوپڕی چڕوپڕ لە دۆخی بڵاوبوونەوەیدا.
روونیشیکردەوە كه هەڵمەتەکە بە دوو قۆناغ جێبەجێدەکرێت.
لە قۆناغی یەکەمدا، خەمڵاندنێك دەکرێت بۆ هەموو ئەو رێخکراوە مرۆیی و پزیشکیانەی لە ناوچەکەدا کاردەکەن تا دڵنیایی بدرێت لەوەی ناوچەکانی هەموو پارێزگاکە روماڵکراون، بەجۆرێك هەر رێکخراوێك دیاریکراوە بۆ ناوچەیەکی تایبەتی.
لە قۆناغی دووەمدا، خۆبەخشان دابەشدەکرێن بەسەر چەندین ناوچەیهكی دیاریکراوی قۆناغی یەکەمدا، تا هەر ناوچەیەك ژمارەیەك خۆبەخشی بەربکەوێت کە پێویستێتی.
خەتیب وتی خۆبەخشان بە راهێنانی تایبەتمەندانەوە دەخرێنە ئەو ناوچانەی زۆرترین پێویستییان پێیانە.
هەنگاوە بەرپێگرەکان
خەتیب ئاماژەیکرد بەوەی هەنگاوە بەرپێگرەکان جێبەجێدەکرێن بۆ بەرگرتن بە پەتاکە، هەرچەند هێشتا هیچ پەتایەکی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیدلیب تۆمارنەکراوە.
وتی کڵاوسپیەکان و رێکخراوەکانی دیکە بهسەختی کاردەکەن بۆ پاکژکردنەوەی دەیان بینا، شەقام، گەڕەك و کەمپی ئاوارەکان، جیا لە ئەنجامدانی هەڵمەتی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری بۆ بەرگرتن بە پەتاکە.
وتیشی: "بیرۆکەی پشت هەڵمەتی خۆبەخشیەکە ئەوە بوو كه بەربگیرێت بە تێکچڕانی چالاکیە بەردەوامەکانی پەیوەست بە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە و ئەوەندەی بکرێت رێکبخرێن لە هەوڵێکی یەکگرتوودا."
ئاماژەیکرد بەوەش كه هەندێك لە ناوەندە پزیشکیەکان تەرخانکراون بۆ پێشوازیكردن لە توشبووەکان لە دۆخێکدا گەر پەتاکە بڵاوببێتەوە.
ههروهها وتی: "هەموو ئەم چالاکیانە بە سەرچاوەی زۆر سنووردار ئەنجامدەدرێن، لەکاتێکدا ناوچەکە دەناڵێنێت بەدەست کورتهێنانێكی تووندی ئەو جۆرە لە ئامرازی پزیشکییەوە کە پێویستە بۆ وەڵامدانەوەی پەتاکە، بەتایبەتی هەواكێش."