هێزە ئەمنیەکانی پێشڕەویکراو بە کوردەکان رایانگەیاند دووشەممە (30 ئازار) دوای پشێوییەکی زیندانیانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) ئارامییان گەڕاندۆتەوە بۆ نێو زیندانێکی باکوری خۆرهەڵاتی سوریا.
رێكخراوی روانگەی سوری بۆ چاودێری مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند كه چوار دەستبەسەر کە گوماندهكرا لە زیندانی غوهیران لە شاری حەسەکە هەڵاتبن دۆزرانەوە لەنێو هەمان زینداندا بە یارمەتی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان.
بەگوێرەی رێکخراوەکە نزیکەی 5,000 گومانلێکراو لە زیندانێکدان کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)وه، كه لهلایهن كوردهوه پێشهوایی دهكرێت، بەڕێوەدەبرێت.
یەکشەممە هەسەدە رایگەیاند كه زیندانیان توانییان دەرگای ژوورەکانیان بشکێنن و بە دەلاقەی دیوارەکاندا بێنە دەرەوە و دەستیانگرت بەسەر نهۆمی زەمینیی زیندانەکەدا.
هەسەدە دووشەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "دۆخی نێو زیندانەکە بەتەواوی کۆنترۆڵکراوە."
راشیگەیاند كه هێزی دەستێوەردانی خێرای هەسەدە "راستەوخۆ دەستێوەردانی کرد و پشێوییەکەی کۆتایی پێهێنا و دەزگاکەی پاراست".
بەیاننامەکە راپۆرتهكانی پێشتری رهتكردهوه و رایگهیاند كه "هیچ هەڵاتنێك رووینەداوه".
وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، عەقید مایڵز کاگینز وتی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ به داعش بە رابەرایەتی ئەمریکا یارمەتیی دابینکرد لە گەڕانی ئەو شەوە و بەیانیی دووشەممەدا.
وتیشی تەنیا زیندانیانێك لە زیندانەکەدا هێڵرابوونەوە كه مەترسییهكی كهمیان ههیه.
داعش لە 2014 بەشێکی گەورەی سوریا و عێراقی دراوسێی داگیرکرد و فەرمانڕەوایی خۆی بەسەر ملیۆناندا سەپاند.
بەڵام چەندین هێرشی سەربازی دەوڵەتە نیوەچڵەکەی گروپەکەیان بەهێواشی بچووککردەوە، کە ساڵی رابردوو لەناوبرا.
کوردەکانی سوریا نزیکەی 12,000 گومانلێکراوی تووندڕەویان لە چەندین زینداندا گلداوهتهوه لە تەواوی باکوری خۆرهەڵاتی وڵاتەکە.
ئەوانه زیاتر سوری و عێراقیین بەڵام 2,500 بۆ 3,000 چەکداری بیانیشیان تێدایە لە وڵاتانی دیکەوە.
دەسەڵاتدارانی کورد داوایان لە وڵاتانی بیانی کردەوە هاوڵاتیەکانیان وەربگرنەوە کە تۆمەتبارن بە ئەندامێتی داعش، بەڵام زۆربەیان دوودڵن.
لەجیاتی ئەوە کوردەکان لەئێستادا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن یارمەتییان بدەن لە باشتر پاراستنی زیندانەکان و دادگاییکردنی دەستبەسەرانی سەر بە داعش لەسەر خاکی خۆیان.
سەرەڕای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی بەسەر ناوچەکەدا، چەکدارانی داعش هێشتا بوونیان لە ناوچەکانی ژێردەستی هەسەدەدا ماوە و بەردەوامن لە ئەنجامدانی هێرشی یەك لەدوای یەك.