هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

هەسەدە و هاوپەیمانان بە هاوبەشی باکوری خۆرهەڵاتی سوریای دوای داعش دەپارێزن

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

چەند ئەندامێکی داعش کە لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزەکانی هاوپەیمانی نێوده‌وڵه‌تی و هەسەدەدا دەستگیرکراون لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریا. [خاوەنی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

چەند ئەندامێکی داعش کە لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزەکانی هاوپەیمانی نێوده‌وڵه‌تی و هەسەدەدا دەستگیرکراون لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریا. [خاوەنی وێنە: هێزەکانی سوریای دیموکرات]

هاوبەشیی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی زۆر گرنگ بووە بۆ پاراستنی ئاسایشی باکوری خۆرهەڵاتی سوریا لەدوای رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)، بەرپرسانی هەسەدە بە دیارونایان وت.

هێزی تایبەتی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە ئۆپەراسیۆنی ورەی خۆرسك، کە باڵی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە بەپێشەنگی ئەمریکا، ماوەیەکە لەگەڵ هەسەدە هەماهەنگی دەکات بۆ بنەبڕکردنی پاشماوەکانی داعش و شانە نوستوەکانیان.

لە 17 ئایار، هەسەدە بەپشتیوانی هاوپەیمانی نێوده‌وڵه‌تی بە پێشەنگی ئەمریکا بۆ ماوەی دوو رۆژی یەك لەدوای یەك چەند ئۆپەراسیۆنێکی ئەنجامدا دژ بە داعش لە خۆرهەڵاتی دێرەزوور.

ناوەندی هەماهەنگی و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی هەسەدە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند كه‌ ئۆپەراسیۆنەکە بووە هۆی "دەستگیرکردنی چەندین ئەندامی شانەکانی داعش و سەرکردەکانیان" لەگەڵ دەستبەسەراگرتنی ئامێری سەربازی و چەك.

وتەبێژی ئۆپەراسیۆنی ورەی خۆرسك، عەقید مایڵز کاگینز، لە گەشتێکدا بۆ سوریا دەبینرێت لەگەڵ فەرماندەکانی هەسەدەدا. [خاوەنی وێنە: وتەبێژی هەسەدە مستەفا بالی]

وتەبێژی ئۆپەراسیۆنی ورەی خۆرسك، عەقید مایڵز کاگینز، لە گەشتێکدا بۆ سوریا دەبینرێت لەگەڵ فەرماندەکانی هەسەدەدا. [خاوەنی وێنە: وتەبێژی هەسەدە مستەفا بالی]

دەوریەیەکی هاوبەشی نێوان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هەسەدە لە باکوری سوریا بۆ راوەدونانی پاشماوەکانی داعش. [خاوەنی وێنە: وتەبێژی هەسەدە مستەفا بالی]

دەوریەیەکی هاوبەشی نێوان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هەسەدە لە باکوری سوریا بۆ راوەدونانی پاشماوەکانی داعش. [خاوەنی وێنە: وتەبێژی هەسەدە مستەفا بالی]

هەفتەیەك دواتر، فەرماندەی هەسەدە، مەزڵوم عەبدی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ لیوای ئه‌مریكیدا، ئێریك هیڵ، کرد، کە فەرماندەی هێزی تایبەتی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشه‌ لە ئۆپەراسیۆنی ورەی خۆرسك، بۆ تاوتوێکردنی شەڕ لەدژی داعش.

فەرماندەییەکەی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند كه‌ هەردوولا گفتوگۆیانكرد لەسه‌ر "زیادکردنی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دژی هەوڵە شکستخواردووەکانی داعش بۆ بەکارهێنانی تیرۆریزم لەکاتی رەمەزان و پەتای کۆڤید-19دا بۆ خۆبونیادنانه‌وه‌ی هەڵەیان".

جگه‌ له‌ ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دژی داعش، ئەو دوو فەرماندەیە باسیان لە ستراتیژێكیش کرد "بۆ بەردەوامیدان به‌ دەستبەسەرکردنی مرۆڤدۆستانه‌ی 10,000 دەستبەسەری داعش لە دەزگاکانی هەسەدەدا لە تەواوی باکوری خۆرهەڵاتی سوریا و چۆنێتی گردکردنەوەی پشتیوانی [بۆ] چارەسەرکردنی ئەم کێشە نێودەوڵەتیە لە دوورمەودادا".

هاوپەیمانێتی نزیکەی 1.2 ملیۆن دۆلار پشتیوانی دابینکرد لە ئایاردا بۆ رێگرتن لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی پەتای نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەنێو ئەو زیندانانەدا، لەگەڵ كه‌ره‌سه‌ی رێگرتن له‌ ئاژاوە بۆ پاسەوانەکان.

هاوبەشیی ستراتیژی

وتەبێژی هەسەدە، کینۆ گابرێل وتی هاوپەیمانێتی ستراتیژیی نێوان هەسەدە و هێزەکانی هاوپەیمانان بەردی بناغەی هاریکاریی داهاتوویان دانا.

بە دیارونای وت: "لە پێنج ساڵی رابردوودا توانیومانە بەتەواوی گروپی تیرۆریستی داعش لە باکور و خۆرهەڵاتی سوریا دەربکەین."

وتی: "بەردەوامدەبین لە راوەدونانی پاشماوەکانی داعش، دوای هەڵوەشاندنەوەی شانە نوستوەکان و دەستگیرکردن یان کوشتنی دەیان لە تیرۆریستان."

گابرێل وتی هاوبەشییەکە دەبێت بەردەوامبێت تا بەتەواوی دڵنیایی لە ئاسایش و سەقامگیریی باکور و خۆرهەڵاتی سوریا بدرێت، چونکە تائێستا یارمەتی سەقامگیرکردنی چەند ناوچەیەکی رزگارکراوی داوە وەك مەنبیج، گرێ سپی، کۆبانی و تەبقە.

وتی جیا لەوەش، دۆخی ناوچە رزگارکراوەکانی دێرەزوور لەدەستی داعش تادێت زیاتر سەقامگیر دەبێت.

گابرێل وتی هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیماناندا تەنیا سنووردارنییە بۆ هەماهەنگی سەربازیی، به‌ڵكو هەردوولا کاردەکەن بۆ "بەهێزکردنی ژینگەی لەبار بۆ گەڕانەوەی دانیشتوان بۆ ماڵەکانیان و دڵنیاییدان لە ژیانێکی باشتر بۆیان".

چالاکوانێكی حەسەکە، عەمار ساڵح بە دیارونای وت لەگەڵ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا، هەسەدە کاردەکات بۆ گەڕاندنەوەی ژیانی ئاسایی بۆ دانیشتوان لەو ناوچانەی لەژێردەستی خۆیدان بە بنیاتنانەوەی خزمەتگوزارییە سەرەکیەکان.

وتی لەنێو ئەمانەدا ئاو، کارەبا، ژێرخان و دەزگا خزمەتگوزارییەکان هەن.

وتیشی ئەمە لەڕێی ئەو پشتیوانییەوە دەکرێت کە هاوپەیمانان پێشکەشی ئەنجومەنە خۆجێیەکانیان کردووە، کە لەئێستادا یارمەتی دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتیەکان و بنیاتنانەوەی پردەکان و چاککردنەوەی سیستمی ئاوەڕۆی داوە.

ساڵح وتی هاوپەیمانان راهێنانی تایبەتیش پێشکەش ده‌كه‌ن بە کارمەندانی تەندروستی تا بتوانن پێداویستیە پزیشکیەکانی دانیشتوان دابینبکەن.

وتی: "ناوچەکانی ژێردەستی رژێمی [سوریا] و هەسەدە بەراورد ناکرێن." ئاماژەیکرد بەوەش كه‌ دانیشتوانی ئەو ناوچانەی لەژێردەستی رژێم و میلیشیا هاوپەیمانەکانیدان لە دۆخێکی زۆر هەژاردا دەژین.

وتی شوانەکانی دێرەزوور رووبه‌ڕووی چەندین پێشێلکاری بوونه‌ته‌وه‌ له‌لایه‌ن میلیشیا خۆجێیەکانه‌وه‌ و باسی لە رووداوێکی ئەمدواییانە کرد کە میلیشیای لیوای قودسی هاوپەیمانی روسیا لە دێرەزوور مەڕوماڵاتی لە شوانەکان دزیوه‌.

لە 22 ئایار، پیاوانی میلیشیای لیوای قودس لە دێرەزوور پێکدادانێکی ساختەیان لەو ناوچەیە دروستکرد کە شوانەکان مەڕوماڵاتی لێ دەلەوەڕێنن تا قەناعەتیان پێبکەن بەوەی شەڕ لەگەڵ ئەندامانی داعش لەئارادایە و بووە هۆی ئەوەی شوانەکان رابکەن لە ناوچەکە و مەڕوماڵاتەکەیان جێبهێڵن.

دانانی بەردی بناغەی ئاشتی

ئەندامێكی باڵی سیاسی هەسەدە لە کارگێڕیی خۆسەریی باکور و خۆرهەڵاتی سوریا، سیهانوك دیبۆ وتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هەسەدە "پەیوەندییەکی تایبەتیان هەیە کە کاریگەری بۆسەر شەڕی دژی تیرۆریزم نەك تەنیا له‌ سوریا هه‌یە، بەڵکو له‌ تەواوی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا".

بە دیارونای وت پێویستی هه‌یه‌ بەم هاوبەشییە، چونكه‌ پاشماوەکانی داعش هەوڵدەدەن چالاکیەکانیان دەستپێبکەنەوە و هێرشی تیرۆریستی ئەنجامبدەن.

وتی سەرکەوتنی ئەم هاوبەشییە دەبێتە هۆی پێشڕەوی لە جێبەجێکردنی بڕیاری 2254ی نەتەوە یەکگرتوەکان و ئاکامەکانی گفتوگۆکانی ئاشتی لە جنێڤ و ڤیەننا تا بگەنە چارەسەرێکی سیاسی بۆ ناكۆكیه‌كانی سوریا.

بڕیاری 2254 داوای دانوستانی ئاشتی و نوسینەوەی دەستورێکی نوێ و هەڵبژاردن دەکات به‌سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتوەکان.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500