هێزە ئەمنییەکانی عێراق سێشەممە (24 ئازار) ئۆپەراسیۆنێکی هەڵکوتانەسەر و گەڕانیان ئهنجامدا بۆسەر حەشارگەکانی پاشماوەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) له ناوچە گوندنشینەکانی پارێزگای دیالە.
هێزەکانی فەوجی 8 و 9ی پۆلیسی ناوخۆ، یەکەی پۆلیسی فریاگوزاریی دیالە و فەوجی مۆدێل بەشداربوون لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، بەیارمەتیی تیمە ئەندازیارییەکانی پۆلیس، سەگەکان (كەی 9) و یەکەی پەیوەندییەکان.
فەرماندەیی پۆلیسی دیالە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنەکە ناوچەکانی ئەبو کهرمە و نێو قامیشەکانی دەوروبەری ڕوباری دیالەی رووماڵكرد.
وتی ئامانجی ئۆپەراسیۆنەكه "دۆزینهوهی تیرۆریستانی داعشە و رێگریکردنە لەوهی پهناگهی ئارام بدۆزنهوه لەو ناوچانە".
وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، لیوا تەحسین خەفاجی وتی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانی ئەمدواییە لە دیالە و ئەوانەی پێشتر له گردەکانی حەمرین، مهكحول، مەخمور و بیابانی ئەنبار ئەنجامدران "بە ئامانجی بنبڕکردنی ئەو هەڕەشانەبوون کە تیرۆریستان لە ئەمنییهت و ئاسایشی مەدەنییەکانی دەکەن، بەتایبەتی لە شارە ئازادکراوەکان".
بە دیارونای وت پاشماوەکانی داعش "ئەمڕۆ لە هەر کاتێکی دیکە لاوازترن، سوپاس بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە چڕانە".
وتی ئێستا ئاسانە "حەشارگەکانیان بدۆزینەوە لە ئەنجامی خزمەتگوزارییە هەواڵگرییە نایابەکان و بەتوانایی هێزەکانماندا -- بەتایبەتی هێزە ئاسمانییەکان -- بۆئەوەی بەشێوەیەکی خێرا بگەیەنه ئامانجهكانی دوژمن و دەستبەجێ بۆردومانیان بکەین".
ئۆپەراسیۆن لە گردەکانی حەمرین
خەفاجی ئاماژەیکرد بهوهی شەممە (21 ئازار) فڕۆکەیەکی جەنگیی عێراقی F-16 حەشارگەیەکی لە گردەکانی حەمرین لە دیالە بۆردومانکرد.
وتی دەزگای هەواڵگریی عێراق زانیاری لەبارەی حەشارگەکەوە دا کە ژمارەیەکی زۆر لە پاشماوەکانی داعش تێیدا کۆببوونەوە.
وتیشی دوای وەرگرتنی ئەو زانیارییە، "کارمەندانی تەکنیکی و ئەندازیارانی عێراقی فڕۆکە F-16کانیان ئامادەکرد بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکەیان".
خەفاجی وتی: "کاتی هێرشکردنەکە بەوریاییەوە هەڵبژێردرابوو بۆئەوەی لە تەواوی ئەو پاشماوەنەی دوژمن بدرێت کە لە شوێنەکە بوون، كه بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لەبەردەستماندابوون دەریانخست دەیان تیرۆریست لە ناویدا بوون."
وتی: "ئۆپەراسیۆنەکە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و حەشارگەکەی لەناوبرد و هەموو ئەوانشی کوشت کە لە نێویدا بوون."
وتیشی: "بەگوێرەی زانیارییەکانمان، ئەو تیرۆریستانەی کوژران فەرماندەی داعش نهبوون، بەڵکو چەکداری ئاسایی بوون و ئامادەکارییان دەکرد بۆ ئەنجامدانی چەند هێرشێک لە ژمارەیەک گوند و شارۆچکەی دیالە، لەگەڵ پارێزگاکانی دەوروبەر، وەک سەڵاحەدین، کەرکوک و نەینەوا."
ههروهها وتی هێرشە ئاسمانییهکە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر داعش هەبوو، ئاماژەی کرد بۆ ئەوەش کە بەشێکە لە "هەوڵێکی بەردەوام بۆ لەناوبردنی ئهو پاشماوانهی داعش کە له شاخ و بیابانەکان و ئەو ناوچانەدا خۆیان دەشارنەوە كه دارودرهختی چڕیان تێدایه".