ئەو مەدەنیانەی لە ئیدلیب هەڵدێن دەکرێنە ئامانج لەلایەن هێرشە ئاسمانیەکانی فڕۆکە جەنگیەکانی روسیا و سوریاوە، زۆرێکیان کوژراون و برینداربوون لەکاتی جێهێشتنی ناوچەکانیاندا لە باکوری خۆرئاوای سوریا کە رووبەڕووی شەڕی سەخت بوونەتەوە، چالاکوانێکی ناوچەکە بە دیارونای وت.
نەتەوە یەکگرتووەکان هەینی (27 کانونی یەکەم) رایگەیاند كه لە دوو هەفتەی رابردوودا زیاد لە 235,000 کەس لە ناوچەی ئیدلیب هەڵاتوون بەهۆی پەرەسەندنی هێرشەکانی رژێم و روسیاوە بۆسەر دوایین بنکەی سەرەکیی ئۆپۆزسیۆن.
بەگوێرەی دەزگای مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان (ئۆ سی ئێچ ئهی) ئاوارەیی بەکۆمەڵ لەنێوان 12 و 25 کانونی یەکەمدا وایکردووە مەعەرەت نوعمان لە باشوری ئیدلیب "تاڕادەیەك چۆڵ ببێت".
ماوەیەکە ئهو شاڕێگە سەرەکییهی باشوری ئیدلیب دەبەستێتەوە بە باکوری پارێزگاکەوە جەنجاڵە بەو پیکابانەی مەدەنیەکان دەگوێزنەوە لە ناوچەی شەڕهوه.
لە ناوەندی کانونی یەکەمەوە، هێزەکانی رژێم پشتیوان بە روسیا هێرشێکیان دهستپێكردووه بۆسەر تووندڕەوان لە باشوری ئیدلیب، سەرەڕای رێکەوتنێكی ئاگربەست له مانگی ئابدا داوای هێوربوونەوە دهكات لەلایەن تورکیا و فەرەنسا و نەتەوە یەکگرتوەکانەوە.
هێرشە ئاسمانیە چڕوپڕەکان لەکاتێکدان کە چەکدارانی ههواداری دیمەشق پێشڕەویی زەمینی بەدەستدەهێنن.
لە 19 کانونی یەکەمەوە دەیان شارۆچکە و گوندیان لە تووندڕەوان سەندووە دوای چەند پێکدادانێك کە سەدانی لە هەردوولا تێدا کوژراوە.
پێشڕەوییەکان بەڕادەی کەمتر لە چوار کیلۆمەتر لە مەعەرەت نوعمانی نزیککردوونهتهوه، كه یەکێك لە گەورەترین ناوەندە شارنشینەکانی ئیدلیبه.
بەگوێرەی دەزگای مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان، شەڕە بەردەوامەکان ئاوارەیی لەو ناوچەیە و شارۆچکەی سەراقیبی نزیکی زیاترکردووە.
دهزگاكه رایگەیاند: "خەڵکی سەراقیب و ناوچە گوندنشینەکانی رۆژهەڵاتی لەئێستادا هەڵدێن بەهۆی چاوەڕوانیی ئەوەی دواتر شەڕهكه راستەوخۆ زیانیان پێبگەیەنێت."
ئیدلیب لەلایەن ههواداری پێشووی قاعیدەوه، هاوپەیمانێتی تووندڕەوی تەحریر شام، دەستی بەسەردا گیراوە.
سەرۆکی تەحریر شام ئەبو محەمەد جۆلانی لە 24 کانونی یەکەم لە بەیاننامەیەکدا وتی شەڕی ئێستا لە سوریا چیتر تەنیا دژی رژێم نییە، بەڵکو دژی روسیا و ئێرانی پشتیوانانێتی کە هەوڵدەدەن وڵاتەکە داگیربکەن.
هێرشە ئاسمانیەکان مەدەنییە هەڵاتووەکان دەکەنه ئامانج
چالاکوانێكی ئیدلیب، هەیسەم ئیدلیبی بە دیارونای وت ژمارەیەك مەدەنی کوژران و برینداربوون کاتێک ئۆتۆمبیلەکانیان بەر هێرشی فڕۆکە جەنگیەکانی روسیا و سوریا کەوتن لەسەر شاڕێگەی نیودەوڵەتی نزیك بە مەعەرەت نوعمان.
وتی: "لەنیو ئۆتۆمبیلە بەئامانجکراوەکاندا تراکتۆرێك هەبوو کە زیاد لە 10 کەسی هەڵگرتبوو، سێ کەسیان کوژران و ئەوانی دیش بریندار بوون."
ئۆتۆمبیلێکی دیکە کە خێزانێکی هەڵگرتبوو لێیدرا و بووە هۆی مەرگی نەفەرێکیان.
ئیدلیبی وتی لە ئەنجامدا "دانیشتوان لەئێستادا بەدگومانن لە بەکارهێنانی شاڕێگەکە بۆ هەڵاتن بەرەو ناوچە سنوورییەکان لە گەڕانیاندا بۆ ئهمنییهت".
هاوکات، هێرشە ئاسمانیەکانی روسیا کەمپێکی ئاوارەکانیان کردە ئامانج لە کەنارەکانی شارۆچکەی جۆباس لە سەراقیب، کە بەرگری شارستانی سوریا (کڵاوسپییەکان) رایگەیاند هەشت کەسی تێدا کوژرا، لەنێویاندا پێنج منداڵ.
شەڕی تووند لە ناوچە گوندنشینەکانی ئیدلیب بەردەوامە، کە هێزەکانی رژێم و میلیشیا هاوسۆزەکانی بەردەوامن لە پێشڕەوی و شارۆچکەکانی تەح، بابولین و جەرجنازیان لە ناوچەی گوندنشینی باشوری ئیدلیب گرتووە.
وتیشی ئەو ناوچانەی رووبەڕووی زۆرترین لێدان بوونەتەوە و زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی تۆپباران و هێرشە ئاسمانیەکانەوە، بریتین له شارۆچکەکانی کەفر نەبل، ترەملا، خان سوبول، غەدفە و مەعسەران، کە پێنج کەسیان تێدا کوژراوە و ژمارەیەکی زۆری دیکە تێیاندا بریندار بوون.
وتی: "ئەمە جگە لە شاری مەعەرەت نوعمان، کە لەئێستادا تاڕادەیەك چۆڵە لە دانیشتوان." ئاماژەیکرد بەوەش كه هەندێك لە گەڕەکەکانی شارەکە تاڕادهیهك بەتەواوی رووخێنراون لە ئەنجامی تۆپباران و موشەکی زەمین بە زەمین و هێرشە ئاسمانیەکان و بەردانەوەی بۆمبی بەرمیلییەوە.
ئیدلیبی وتی هاوکات بەرگری شارستانی سوریا و خۆبەخشانی دیکە ئۆتۆمبیلەکانیان بەکاردەهێنن بۆ یارمەتیدانی گواستنەوەی دانیشتوانه سەرلێشێواوهكه بۆ ناوچەی ئهمینتر.