هه‌واڵه‌كانی عێراق
تێرۆریزم

پاسداران موشەکی کورتمەودا و چەکی پێشکەوتوو دەداتە میلیشیا عێراقیەکان

فارس عومران لە بەغدا

وێنەیەك كه‌ لە 5 کانونی یەکەم لە ماڵپەڕە هەواڵیەکانی ئێراندا بڵاوکرایەوە، سەرکردەکانی ئێران نیشاندەدات لە نمایشێکی موشەكدا لە تاران. راپۆرتە هەواڵگرییەکان بەمدواییانە پاسدارانیان تۆمەتباركرد بە گواستنەوەی موشەکی بالیستیی کورتمەودا بۆ عێراق.

وێنەیەك كه‌ لە 5 کانونی یەکەم لە ماڵپەڕە هەواڵیەکانی ئێراندا بڵاوکرایەوە، سەرکردەکانی ئێران نیشاندەدات لە نمایشێکی موشەكدا لە تاران. راپۆرتە هەواڵگرییەکان بەمدواییانە پاسدارانیان تۆمەتباركرد بە گواستنەوەی موشەکی بالیستیی کورتمەودا بۆ عێراق.

چاودێرانی عێراقی پشتڕاستیانکردەوە کە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران (پاسداران) جبەخانەی میلیشیا عێراقیەکانی هاوسۆزی پتەودەکات بە موشەك و چەکی پێشکەوتوو، کە زیاتر لە سەقامگیریی عێراق و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە کەمدەکاتەوە.

ئەم پشتڕاستکردنەوەیە دوای چەند راپۆرتێکی رۆژنامەوانی هاتن كه‌ لە 4 کانونی یەکەم بڵاوکرانەوە و لە سەرچاوە هەواڵگرییەکانی ئەمریکاوە وەرگیراون و ئاماژە بەوە دەکەن كه‌ رژێمی ئێران موشەکی بالیستیی کورتمەودا دەداتە میلیشیاکانی لە عێراق.

راپۆرتەکان زیاتر پشتڕاستیدەکەنەوە کە ئێران یارمەتی میلیشیا عێراقیەکان دەدات ئەم موشەکانە ئه‌مباربكه‌ن، کە مەودای 700 کیلۆمەتریان هەیە و دەتوانن تەقەمەنی وا هەڵبگرن كه‌ قورساییان لەنێوان 500 بۆ 900 کیلۆگرامدا بێت.

لە بەناوبانگترینی ئەم موشەکانە مۆدێلەکانی زیلزال و فاتیح و زولفەقارن.

'جبەخانەیەك' بۆ موشەكی ئێرانی

شیکاروانی سیاسی و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، تەها لەهیبی وتی پاسداران چەکی پێشکەوتوو دەداتە میلیشیا عێراقیەکانی دڵسۆزی خۆی و جبەخانەکانیان بە موشەکی کورتمەودا پتەودەکات.

وتی بە دابینکردنی ئەم چەکانە، سەرکردەکانی ئێران هەوڵی "بەهێزکردنی تۆڕە تیرۆریستیەکان دەدەن و عێراق دەکەنە سەرچاوەیەکی مەترسی لە ناوچەکە".

بە دیارونای وت: "رژێمی ئێران هێشتا بێچاووڕووانە سەروەریی عێراق پێشێلدەکات و وڵاتەکە دەکاتە جبەخانەیەك بۆ موشەك و چەکە کوشندەکانی لەژێر سەرپەرشتی و چادوێریی میلیشیا دڵسۆزەکانی خۆیدا."

وتیشی: "بەوجۆرە، ئێران بەردەوامە لە پلانەکانی بۆ تێکدانی سەقامگیریی عێراق و کردنی بە پێگەی هێرشە موشەکیەکانی دژی وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتی وڵاتانی کەنداو."

لەهیبی وتی رژێمی ئێران دەیەوێت ناوچەکە بکاتە ئامانج لەڕێگەی به‌كرێگیراوه‌ دەرەکیەکانیەوە کە درك بەوە ناکەن "تەنیا ئامرازێکن و فڕێده‌درێنه‌ ناو ئاگره‌وه‌ هەرکات پێویستی پێیان نەما".

وتی به‌كرێگیراوانی ئێران لە عێراق تەنیا بەدوای بەرژەوەندییەکانی ئێرانەوەن و گرنگی بە کاریگەریی کارەکانیان نادەن لەسەر یەکێتی عێراق.

بەمدواییانە رژێمی ئێران و هاوسۆزانی تۆمەتبارکران به‌ کردەكانی تووندوتیژی لە ناوچەکە كه‌ ده‌زگا نه‌وتییه‌كانی سعودیەیان کردە ئامانج لەگەڵ کەشتیە نەوتی و کەشتیە بازرگانیەکان لە ئاوەکانی کەنداوی عەرەبیدا.

میلیشیا عێراقیەکانیش تۆمەتبارکراون بەوەی لەپشت ئەو هێرشە موشەکیانەوە بن کە ناوچەی سەوزی نێودەوڵەتییان کردۆتە ئامانج لە ناوەندی بەغدا، لەگەڵ بنکەکانی ئەمریکا و پێگە دبلۆماسیەکان لە وڵاتەكه‌دا.

دوو موشەك ئاراستەی بنکەیەکی سەربازی کران کە سەربازانی ئەمریکایان لێیە نزیك بە فڕۆکەخانەی بەغدا لە 12 کانونی یەکەم، کە 10یەمین هێرشی لەوشێوەیە بوو لە تشرینی یەکەمەوە.

هیچ قوربانییەك نەبوون لەو هێرشەدا کە شەو ئه‌نجامدرا و دوای هێرشێك هات بۆسەر هەمان بنکە لە 9 کانونی یەکەم، کە شەش ئەندامی هێزە تایبەتەکانی دژە تیرۆری عێراقی تێدا بریندار بوون، دووانیان دۆخیان هەستیار بوو، وه‌ك سوپا رایگەیاند.

ئێران سەقامگیریی عێراق تێکدەدات

سکرتێری گشتی ئەنجومەنی خێڵە عەرەبیەکانی سەلاحەدین، سائیر بەیاتی وتی ئامانجی ئەم هێرشە لاوازکردنی سوپای عێراقە تا بووترێت ناتوانێت نه‌ بەرگری لە وڵاتەکە بکات و نە هێزه‌كان و بەرژەوەندی و شاندە نێودەوڵەتیەکان بپارێزێت.

وتی هاوکات، پاسداران بەردەوامە لە پشتیوانیکردنی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بە چەك و پارە "بۆ بەهێزکردنی پێگەیان وەك هێزێکی خاوەن نفوز بە دەسەڵاتێكی بەرچاوەوە و ببێته‌ هێزێكی پاسدارانی عێراقی كه‌ دڵسۆزی ئێران بێت".

وتی لە چەند مانگی رابردوودا، ئێران موشەکی کورتمەودای گواستۆتەوە بۆ عێراق و لە بنکە سەربازییەکان شاردونیەتەوە لەژێر دەسەڵاتی ئەم میلیشیانەدا لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە.

بەیاتی وتی بەقاچاخبردنی ئەم موشەکانە لە سنوورەوە و پاراستنیان لە شوێنی نهێنی "هێشتا بەردەوامە" و رەنگە زۆرتریش بووبێت.

وتی: "ئێرانیەکان هەوڵدەدەن موشەکی زیاتر بخەنە دەستی به‌كرێگیراوه‌ عێراقیەکانیان تا بەردەوامبن لە ئەنجامدانی هێرشی موشەکی دژی بنکە سەربازییەکان لەنێو ئەو وڵاتەدا."

وتیشی دەیانەوێت خاکی عێراق بەکاربهێنن "وەك پێگەیەك بۆ موشەکەکانیان دژی وڵاتانی کەنداو و هەوڵدەدەن عێراق تێوەبگلێنن و بیکەنە مەیدانی شەڕ، کە لە سەلامەتی و سەروەریی دەدات".

هه‌روه‌ها وتی پیلانەکانی ئێران وادەکات عێراق ببێتە "داڵانێك کە لێیەوە [پاسداران] چەندین جۆر چەك و موشەکهاوێژ و موشەکی بالیستی هەناردە دەکات" بۆ به‌كرێگیراوانی دیکەی لە لوبنان و سوریا و یەمەن.

ئەم کارانە تەنیا خزمەتیان بەوە کردووە کە گۆشەگیرکردنی ئێران و هەڵمەتی فشاری کەڵەکەبوو بۆ سەری زیاتر بێت بەهۆی دەستێوەردانیەوە لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی ناوچەکەدا.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500