هه‌واڵه‌كانی عێراق
سیاسەت

روسیا جێی خۆی پته‌وده‌كات لە سوریا لەمیانه‌ی شه‌ڕدا بۆ باڵاده‌ستی

وەلید ئەبولخەیر لە قاهیرە

فڕۆکە روسییه‌كان لەسەر جاده‌ی قیر له‌ بنکەی ئاسمانیی حمەیم کە روسیا بەڕێوەیدەبات لە پارێزگای لازقیە لە سوریا. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی بنکەی ئاسمانی حمەیمیم]

فڕۆکە روسییه‌كان لەسەر جاده‌ی قیر له‌ بنکەی ئاسمانیی حمەیم کە روسیا بەڕێوەیدەبات لە پارێزگای لازقیە لە سوریا. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی بنکەی ئاسمانی حمەیمیم]

شارەزایان دەڵێن روسیا تا دێت زیاتر -- هه‌روه‌ها زیاتر به‌ئاشكرا -- بوونی سەربازیی فراوانتر دەکات لە سوریا و ئەمەش نیشانەیەکی روونی ململانێی راستەوخۆیە بۆ باڵاده‌ستی لەنێوان روسیا و ئیراندا.

ئاژانسی فرانس پرێس لە راپۆرتێکدا رایگه‌یاند كه‌ "ده‌یان رۆژنامەوان" کۆبوونەوە له‌ 24 ئەیلول لە دێهاتەکانی رۆژئاوای دیمەشق بۆ بینینی شەرڤانانی بەتالیۆنێکی نوێی سوپای سوریا لەکاتی نمایشی تواناکانیاندا کە لە راوێژکارە سەربازییە روسییەکانەوە فێربوون.

بەرپرسانی باڵای سەربازیی روسیا و سوریا لەوێ بوون بۆ بینینی راهێنانەکە، کە تێیدا سەربازەکان تاقیکردنەوەیان ئەنجامدەدا لە هێرشبردن و تەقاندنی هاوەن و موشەك لەگەڵ پاککردنەوەی مین و فریاکەوتنی سەرەتایی.

لە نمایشێکی ناوازەی چالاکییەکانی مۆسکۆدا لە سوریا، راوێژکارە روسەکان لەبەردەم کامێراکاندا دەرکەوتن لەڕیزی پێشەوەی ئامادەبووان لەکاتێكدا راوێژکارێکی روسی لەڕێی وەرگیڕێکی عەربییەوە رێنمایی دەدا بە هێزەکان لەسەر دۆزینەوە و پوچەڵکردنەوەی مینەکان.

ئەفسەرانی سەربازی سوریا و روسیا هاوەڵیی ئەفسەری سوپای سوریا سوهەیل حەسەن ده‌کەن لەکاتێکدا یەکەیەکی سەربازی دەپشکنێت لە پارێزگای حەما. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی لیوای قودس]

ئەفسەرانی سەربازی سوریا و روسیا هاوەڵیی ئەفسەری سوپای سوریا سوهەیل حەسەن ده‌کەن لەکاتێکدا یەکەیەکی سەربازی دەپشکنێت لە پارێزگای حەما. [خاوەنی وێنە: پەیجی فەیسبوکی لیوای قودس]

پۆلیسی سەربازیی روسیا لە سوریا دەورییە ئەنجامدەدەن. [خاوەنی وێنە: روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ]

پۆلیسی سەربازیی روسیا لە سوریا دەورییە ئەنجامدەدەن. [خاوەنی وێنە: روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ]

روسیا زۆرجار بە هێزەکانی لە سوریا دەڵیت "راوێژکارەکان" هەرچەندە هێزەکانیان و فڕۆکە جەنگییەکانیان راستەوخۆ بەشدارن لە شەڕەکاندا.

رژێمی سوریا بە پشتیوانی سەربازیی روسیا بەشێکی زۆری سوریای لە ئۆپۆزسیۆن و چەکدارە توندڕەوەکان گرتۆتەوە و ئێستاش لە سەدا 60 وڵاتەکە کۆنترۆڵ دەکات.

هەر ئەندامێكی هێزە تایبەتە نوێکە، کە 10 ئاب پێكهێنرا، دوو مانگ راهێنانی سەربازیی تاكه‌كه‌سیی بینی بەرلەوەی فێرببن چۆن هەڵسوڕێن به‌ گروپی گەورە.

فەرماندەکانیان نایشارنەوه‌ کە ئەگەر هەیە ئەو هێزانە رەوانەی دوا قەڵای ئۆپۆزسیۆن بکەن لە ئیدلیب، کە رژێمی سوریا چەندین جار دووپاتیکردۆتەوە دەیگرێتەوە لەگەڵ تەواوی ناوچەکانی دیکەی سوریا.

بوونی سەربازیی روسیا

پارێزەری سوری بەشیر بەسام وتی لەکاتێكدا دەسوەردانی روسیا لە شەڕی سوریادا لە 2015 دەستیپێکرد، روسیا زۆر بەرلەوە لە سوریا هێزی سەربازیی هەبوو.

بە دیارونای وت روسیا دەمێكە چەندین بنکەی سەربازی و راوێژکاریی لە سوریا هەیە و کاریگەریی راستەوخۆی هەیە لەسەر یەکینەکانی سوپا و ئەفسەرەکان.

وتی لە دەسپێکردنی شەڕی سوریاوە، بوونی روسیا شێوه‌ی جیاوازی وەرگرتووە و ئەوەش زۆر کاریکردۆتە سەر رەوتی رووداوەکان.

بەسام وتی دەسوەردانی راستەوخۆ لە شه‌ڕه‌كه‌دا بە ناردنی سەدان بەکرێگیراوی روسی بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکان دەستیپێکرد.

رۆژنامەوانی سوری، محەمەد عەبدوڵا بە دیارونای وت دەسوەردانی راستەوخۆی روسیا لە سوریادا هەرگیز ئەوەندەی ئێستا روون نەبووە، بە بەڵگەی ئەوەی کە لەبەردەم رای گشتیدا ستایشی راهێنانپێكردنی یەکەکانی سوپای رژێمی سوریا دەکەن.

ئاماژەی بۆ ئەوە کرد كه‌ ئەو میلیشیانەی لە چەندین ناوچە پێكهێنراون، بەشداربوون لە شەڕکردن لەژێر فەرمانی راستەوخۆی فەرماندەیی روسەکاندا لە سوریا.

عەبدوڵا وتی بنکەی ئاسمانیی حمەیمیم لە پارێزگای لازقیەی سوریا "بەردەوام چالاکیی ئەو فڕۆکە سەربازییانەی تێدایه‌ کە هێرشی ئاسمانی دەکەن بۆ پشتیوانیكردنی هێزە زەمینییەکانی رژێم، بەتایبەتی لە شەڕەکانی ئیدلیبدا".

وتیشی بنکەکە ئێستا فراوان دەکرێت و پێشبینیدەکرێت توانای زیاتر بێت بۆ لەخۆگرتنی فڕۆکەی جەنگی و ئاماژەشیکرد به‌وه‌ی ئه‌مه‌ "نیشانەی ئەوەیە روسیا سووره‌ له‌سه‌ر هێشتنه‌وه‌ی بوونی سەربازیی خۆی و ئەوەش وا بەئاشکرا دەکات".

ململانێ بۆ باڵاده‌ستی

لێکۆڵەری سیاسی، عەبدولنەبی بەکار بە دیارونای وت بانگهێشتکردنی میدیا بۆ رووماڵکردنی راهێنانی روسیا بە بەتالیۆنێکی نوێی سوریا ململانێی تووندی نیوان روسیا و ئێران بۆ باڵاده‌ستی دەردەخات.

وتی هەر لایەنێكیان ململانێ دەکات بۆ سەپاندنی نفوزی خۆی له‌ زۆرترین یەکەکانی سوپای رژێمی سوریادا.

ئاماژی بۆ ئەوەش کرد كه‌ ژمارەی پۆلیسی سەربازیی روسیا زیادیکردووە، بەتایبەتی لەو ناوچانه‌ی بەهاوبەشی کۆنترۆڵکراون لەگەڵ هێزە ئێرانییەکان یان میلیشیاکانی سەر بە سوپای پاسداران یان ئەو ناوچانه‌ی به‌ ناوچەی ئارام ده‌ژمێردرێن لەنیوان هەردوولادا.

بەکار وتی ئەم نمایشکردنەی هێز لەکاتێکدایه‌ كه‌ زۆر باس لەوە دەکریت "شەڕی گرتنه‌وه‌ی ئیدلیب بەرەو کۆتایی ده‌چێت"، کە نیشانی دەدات روسیا وا دیارە سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی "زاڵبێت بەسەر هەرێمەکەدا لە رووی سەربازی و سیاسییەوە".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500