نرخی نەوت دووشەممە (30 ئەیلول) لهسهدا 1 دابەزی دوای ئەوەی شازادەی سعودیە محەمەد بن سەلمان وتی جەنگ لەگەڵ ئێران ئابوریی جیهان تێكدهشكێنێت و لەجیاتی ئەوە ئاماژەیکرد بە گرتنەبەری چارەسەری ناسەربازی.
واشنتۆن، ریاز، بەرلین، لەندەن و پاریس ئێران تۆمەتباردەکەن بەو هێرشانەی زیانیان گەیاند بە کەرتی نەوتی سعودیە لە 14 ئەیلول و گەورەترین هەناردەکەری نەوتیان ناچارکرد بەشێوەیەکی بەرچاو بەرهەمهێنان کەمبکاتەوە.
شیکاروان نەعیم ئەسلام لە دەزگای سینك ماركێت، به ئاماژەكردن به وتەکانی شازادەكه لە بەرنامەی "60 خولەك"ی سی بی ئێسدا رۆژی یەکشەممە، وتی: "لەبارەی بابەتە جیۆپۆلەتیکیەکانەوە، لەئێستادا بۆچوونی عاقڵانه لەنێو سعودیەدا لهئارادایه."
محەمەد بن سەلمان وتی جەنگ کارەساتبار دەبێت بۆ گەشەی جیهانی.
شازادەكه وتی: "هەناردەی نەوت دەوەستێت و نرخی نەوت بازدەدات بۆ بەرزییەکی بێوێنە کە لە ژیانماندا نەمانبینیووە."
وتی: "ناوچەکە لهسهدا 30 تەواوی وزەی جیهان دابیندەکات، نزیکەی لهسهدا 20ی راڕەوی بازرگانیی جیهانە و نزیکەی لهسهدا 4% کۆی داهاتی ساڵانەی جیهانە. وێنای ئەوە بکە تەواوی ئەم سێ شتە پێکەوە بوەستن."
وتیشی: "ئەمە مانای داڕوخانی تەواوەتیی ئابوریی جیهانە، نەك تەنیا هی سعودیە یان خۆرهەڵاتی ناوەڕاست."
گەشبینی سەرەڕای پاشەکشەکان
شیکاروانێكی باڵای ئابوری لە گروپی بازرگانی ئۆواندا، کرەیگ ئێرلام، وتی: "لە دوو هەفتەی رابردوودا نەوت هەمووانی سەرسام کردووە، بەجۆرێك نرخی بەرزبووهوە بە هێرشەکانی سەر وێستگەکانی سعودیە پێشئەوەی ماوەیەك دواتر تەواو پێچەوانە ببێتەوە."
وتی: "ئاشکرایە بازرگانانزۆر گوێنادهن بە بیمهی مەترسی له بواری نهوتدا. لەجیاتی ئەوە، دووبارە تەرکیزەکە لەسەر جوڵەی داوایه لهسهر نەوت و مەترسی دابەزینی زیاتر دەکرێت لهكاتێكدا خاوبوونهوهی ئابوری جیهان بهردهوام دهبێت."
ئاژانسی فیچ رەیتینگ دووشەممە ئاستی متمانەی دارایی سعودیەی بە یەك پلە دابەزاند، بەهۆی "بارگرژییە جیۆپۆلەتیکی و سەربازییەکانهوه لە ناوچەی کەنداو".
لە کاتی دابەزاندنی ئاستەکەدا، فیچ ددانی نا بەوەدا كه ئارامکۆ بەهێزیی نیشانداوە لەبەرامبەر هێرشەکاندا بەوەی خێرا کارەکانی دەستپێکردۆتەوە یاخود جێگرەوەی بۆ بەرهەمە لەدەستچووەکە داناوە و زیاتر بەهۆی ئەو بڕە زۆرەی بەرهەمی یەدەگهوه کە بنیاتی ناوە.
بەڵام وتیشی "هەرچەندە بەرهەمهێنانی نەوت لە کۆتایی ئەیلولدا بەتەواوەتی دەستیپێکردەوە، پێمانوایە مەترسی هێرشی زیاتر هەیە بۆ سەر سعودیە، کە دەکرێت ببێتە هۆی زیانی ئابوری".
ئاژانسەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند كه ئاستی دراوی بیانیی دوورمەودای سعودیەی لە ئەی پڵەسەوە دابەزاندووە بۆ ئەی، بەڵام سەقامگیرە.
لە بەیاننامەیەکدا، وەزیری دارایی سعودیە رەخنەی لە دابەزاندنەکە گرت و وتی دابەزاندنەکە رەنگدانەوەی دەستپێکردنەوەی خێرای بەرهەمهێنانی نەوتی شانشینەکە نەبوو، داوای لە فیچ کرد بڕیارەکەی پێچەوانە بکاتەوە.
وتی بهپێچهوانهوه هێرشەکانی 14 ئەیلول و بارودۆخی دوای ئهوه "توانای بەرچاوی سعودیە دهردهخهن بۆ مامهڵهكردنێكی كارامانه لەگەڵ بەڵادا... (و) پابەندبوونی بە راگرتنی سەقامگیرییهوه لە بازاڕی نەوتی جیهاندا".
بەیاننامەکەی سعودیە رایگەیاند کە شانشینەکە هەناردەی نەوتی خاوی گەڕاندۆتەوە بۆ ئاستی پێش هێرشەکان و توانای بەرهەمهێنانی گەیاندۆتە 11.3 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا و پلانیشی هەیە لە تشرینی دووەمدا بگاتە توانای تەواوەتیی كه 12 ملیۆن بەرمیله لە رۆژێکدا.