شارەزایان و چالاکوانانی سوری بە دیارونایان وت ترسی دانیشتووانە مەدەنییەکان لە زیادبووندایە لە پارێزگاکانی ئیدلیب و حەما و حەلەب بههۆی ئەوەی گروپە توندڕەوەکانی ناوچەکە هەوڵدەدەن هاوپەیمانییەکی نوێ پێكبهێنن.
نیگەرانیەکان لەسەر دروستبوونی هاوپەیمانییەکن بەسەرۆکایەتی تەحریر شام و چەکدارانی"دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) و قاعیدە، كه ناوچەکەیان خستۆتە مەترسییەوە هەرچەندە بەمدواییانە ئاگربەست و هەرێمێكی لە چەك داماڵدراو راگەیەندرا .
چالاکوانێكی ئیدلیب، موسعەب عەساف بە دیارونای وت چەند مانگێکە تەحریر شام دەستیکردووە بە پەیوەندیکردن بە گروپە توندڕەوەکانەوە لە ئیدلیب و حەما و حەلەب و لازقیە بە مەبەستی دامەزراندنی هاوپەیمانیەکی نوێی توندڕەو لەكاتی پێشبینیكردنی ئەگەری بەرپابوونی ههر هێرشێكدا.
وتی: "هەوڵەکانی تەحریر شام سەرکەوتنی باشیان بەخۆیانەوە بینیوە. ئەمەش ترسی دروستکردوە لەناو مەدەنیەکاندا لەسەر ئەگەری ئەوەی ئەم هەوڵە ناوچەکە دووچاری هێرشی توند و کوشندە بکاتەوە بۆ لەناوبردنی ئەو گروپانە."
عەساف وتی دانیشتوانە مەدەنییەکە ترسیشیان هەیە لە شەڕی لابەلای نێوان گروپەکان کە چەند جارێك روویاندوە لەنێوان تەحریر شام و گروپەکانی سوپای سوریای ئازادا كه بەشێکن لە بەرەی رزگاری سوریا.
'لە ئان و ساتدایە'
عەساف وتی: "مەدەنییەکان لە ناوچەی ئیدلیب دەڵێن دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی لەدژی هەرێمەکەیان لە ئان و ساتدایە و لهئێستاشدا روودانی حهتمییه،" چونکە ئیدلیب بۆتە مۆڵگەی گروپە توندڕەوەکان.
وتی وەك وەڵامدانەوە بۆ ئەو ترسە، مەدەنییەکان رێوشوێنی پاراستنیان گرتۆتەبەر، وەك دروستکردنی ژێرزەمین و هەڵکەندن و فراوانکردنی ئەشکەوتە سروشتییەکان بۆ ئەوەی خۆیانی تێیدا لە هێرشی ئاسمانی بپارێزن.
وتی ئەنجامی هەر هێرشێك کارەساتبارە، چونکە خەڵكێکی زۆر لە ئیدلیب کۆبوونەتەوە، لانیکەم سێ ملیۆن دانیشتوانەکەیەتی و هەزاران ئاوارەش لەوێن.
عەساف وتی دانیشتووانە ئاوارەکە لە کەمپە رووخاوەکاندا دەژین لە رەوشێکی زۆر نالەباردا کە زۆر خراپتر دەبێت ئەگەر ئاگربەستەکە ههڵوهشێتهوه.
وتی مەدەنییەکان ترسێکی زۆر زیاتریان ئەوەیە تەحریر شام و گروپە توندڕەوەکانی دیکە بەندەکانی رێکەوتنی ئاگربەستەکە جێبەجێنەکەن.
هیچ کام لە گروپە توندڕەوەکان چەکە قورسەکانیان لانەبردووە لە هەرێمه ئارامهكه، هەرچەندە ئەمە بەندێکە لەوەی لەسەری رێکەوتن، لەبری ئەوەش لە شوێنەکانیان سەنگەرەکانیان پتەودەکەن و هێزی زۆر و چەكی بۆ دەنێرن.
وتی چەندین تونێلیان دروستکردووە کە شوێنەکانیان بەیەکەوە دەبەستێتەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە چەند سەرچاوەیەك دەڵێن تەحریر شام بەزۆر كار به بەندکراوەکان دەکات بۆ هەڵکەندنی تونێلەکان.
هاوپەیمانێتی لەگەڵ توندڕەوان
رۆژنامەوانی سوری، محەمەد عەبدوڵا بە دیارونای وت: "تەحریر شام توانی هاپەیمانی لەگەڵ زۆربەی گروپە توندڕەوەکاندا بکات".
ناوبراو وتی زۆربەی ئەو گروپانە سەربە ئایدۆلۆژیای قاعیدەن و بەردەوام شانازیشدەکەن بە بەیعەتدان بهسەرۆکی قاعیدە ئەیمەن زەواهری.
ئاماژەیکرد بەوەش كه گروپەکان پێشتر رەتیانکردبووهوە بچنەناو تەحریر شامهوه، چونکە پاشگەزبووبووهوە لە بەیعەتدانی بە زەواهری.
وتی ئەو گروپانە پێکهاتوون لە حوراس ئهلدین، داعش، ئەنسار تەوحید، پارتی ئیسلامی تورکستان، جەیش ئهلعیزە و لیوای سقور ئەلغاب و ئەوانی دیکەش بریتین لە لیوای ئەلئەقسا، ئەنسار ئەلدین، جەیشی ساحل، جوند ئەلمەلاحم لەگەڵ چەندین چەکداری جوند ئەلئەقسا کە بەمدواییانە خۆی هەڵوەشاندەوە.
وتیشی حوراس ئەلدین زۆرترین چەکداری توندڕەوی بیانی لە ریزەکانیدایە و دوای ئەویش پارتی ئیسلامی تورکستان لە سوریا دێت.
عەبدوڵا وتی: تەحریر شام هەوڵێکی زۆری داوە بۆ ئەوەی چەکداری بیانی بەلای خۆیدا راکێشێت و لەم لایەنەشەوە زۆر سەرکەوتوو بووە،" بەتایبەتی لە گروپە ئاسیایی و ئەورپییەکانهوه.
جگه لە چەکدارەکانی گروپێك نهبێت کە تەحریر شام هێرشی کردە سەریان، لەوانەش گروپێکی توندڕەوی فەڕەنسیكه خۆیان ناونابوو "بیانییەکان".
ناكۆكیهكان لهسهر باوهڕ
عەبدوڵا وتی تەحریر شام بەگشتی رێگەیداوە بەو گروپە بیانیانە بۆ ئەوەی سەربەخۆیی خۆشیان هەبێت و کۆنترۆڵیان بەسەر ناوچەکانیانەوە هەبێت.
وتی ئەوانە زۆربەیان لە دێهاتەکانی باکوری حەما و باکوری رۆژهەڵاتی لازقییەن، لەگەڵ چەند شارۆچکەیەك لە ئیدلیب، وەك کەفر تەحریم، سارمەدە، حریم، سارمین، سەراقیب، جەبەل زاویە، سالقین و جسر ئهلشغور.
هەندێك لە چەکدارە توندڕەوەکان رەتیانکردۆتەوە بچنەناو هاوپەیمانییەوە لەگەڵ تەحریر شام لەسەر کێشەی باوەڕ، ئەمەش چەندینجار بووتە هۆی بەرپابوونی شەڕ.
عەبدوڵا وتی تەحریر شام هەوڵدەدات گروپە توندڕەوەکان بەلای خۆیدا راکێشێت بەوەی پێیان دەڵێت ئامادەیە پابەندی ئاگربەست نەبێت و شەڕی هێزەکانی رژێم و میلیشاکانی بکات.
عەبدوڵا وتی هەوڵیشیداوە توندڕەوەکان بۆ لای خۆی کۆبکاتەوەبە زیادکردنی وشهی شەهادە لەسەر ئاڵای شۆڕشی سوریا، وەك هەنگاوێك بۆ یەکخستنی هەموو ئهو گروپانهی لە ناوچهكانی ژێر کۆنترۆڵیدان.
وتی بەتایبەتی لە ئیدلیب، تەحریر شام رێگە بە گروپەکانی ناوچەکە دەدات کاری خۆیان بکەن وەك دانانی سهرانه و باج لەگەڵ بەشداربوونیان لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و قاچاخچێتیدا بۆ ئەوەی داهاتی خۆیان دابینکەن.
'تهنها ناوچهی ژێردهستیان'
شارەزایهكی بواری سەربازی، لیوا عەبدول موتەڵیب، کە خانەنشینێكی سوپای میسرە، وتی سروشتییە گروپە توندڕەوەکان بیانەوێت هاوپەیمانییەك لە ئیدلیب پێكبهێنن، چونکە دوا ناوچەیە بەدەستیانەوە."
بە دیارونای وت ئەمە نەك هەر بۆ سوریا راستە، بهڵكو بۆ ههموو ناوچەكه، چونکە ناتوانن بچن بۆ عێراق وەك پێشتر دەیانکرد یان تەنانەت بچنە بەشێکی دیکە لە سوریا چونکە چواردەوریان گیراوه لە هەموو لایەکەوە.
کێشەی پێكهێنانی هاوپەیمانی مەسەلەی مان و نهمانه بۆ گروپە توندڕەوەکانی گەمارۆدراون لەلایەن رژێمی سوریا و میلیشیاکانی ههوادارییهوه لەلایەکەوە و لەلایەکی دیکەوە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتهوه کە لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە پشتگیریدەکرێن.
عەبدول موتەڵیب وتی لەڕێی داواکردن لە گروپە توندڕەوەکانی ماونەتەوە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانییهك، تەحریر شام ئامانجی ئەوەیە خۆی وەك هێزی سەرەکی لەوێ نیشانبدات.
وتی هەوڵەکانی بەردەوامن سەرباری ئەوەی چەند گروپێك دژی وەستاونەتەوە.
عەبدول موتەڵیب هۆشداریدا لەوەی شەڕی ئیدلیب، گەر رووبدات، ئەوە "دژوارترین شەڕ" دەبێت کە تا ئێستا لە سوریا کرابێت.
وتی دەرئەنجامی نەرێنیی دەبێت، بەتایبەتی بۆ مەدەنییەکان، چونکە دواجار ئەوان باجی كهلهڕهقیی توندڕەوەکان دەدەن.