ئارامی بەرقەراربوو پێنجشەممە (20 ئەیلول) لە ئیدلیبی سوریا و دەشتەکانی پارێزگای حەما كاتێك ههواڵی رێكهوتنێكی ئاشتیانە بڵاوبووهوه و هەزاران کەس گهڕانهوه بۆ ماڵەکانیان کە جێیانهێشتبوو لەترسی ئەوەی لە هێرشێکی رژێمدا بکرێنە ئامانج.
نزیکەی 7،000 کەس گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەکانیان لەدوای راگەیاندنی رێکەوتنەکەی رۆژی دووشەممە، بەتایبەتی لە باشوری رۆژهەڵاتی ئیدلیب و باکوری حەما، رامی عەبدولرەحمان، سەرۆکی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ وتی.
چالاکوانێك لە ئیدلیب، هەیسەم ئیدلیبی وتی ژمارەیەکی زۆر خێزان هێشتا چاوەڕێن بزانن گۆڕانکارییەکان چی دەبن لە رۆژانی داهاتوودا بەر لەوەی بگەڕێنەوە.
بە دیارونای وت لەگەڵ ئارامییەکەدا، هەستێكی دڵەڕاوكێ لە پارێزگای ئیدلیب و دەشتەکانی پارێزگاکانی حەما و حەلەب هەیە، لهكاتێكدا هەواڵی رێکەوتنی نێوان تورکیا و روسیاش ههیه لەسەر دانانی هەرێمی ناسەربازی ئارام بەدرێژایی هێڵەکانی بەریەککەوتن.
وتی رێکەوتنەکە کە پشتگیرییەکی وریایانەی نەتەوە یەکگرتووەکانی بەدەستهێناوە، ئامانجی پاراستنی ناوچەکەیە لە ئەگەری هێرشێكی رژێمی سوریا بەپشتگیری روسیا کە بۆ مەدەنیەکان ماڵوێرانکەر دەبوو.
هەزاران دەگەڕێنەوە
ترسی هێرشەکە بووە هۆی شەپۆلێکی گەورەی ئاوارەیی بۆ ناوچە سنوورییەکان دوور لە هێڵەکانی بەریەککەوتنی هێزەکانی رژێم و هاوپەیمانەکانی.
زۆربەی ئەو خەڵكە دەستیانکردووە بە گەڕانەوە بەڵام ئەوانەی دیکە چاوەڕێن تا رەوشەکە روونترببێتەوە لە رۆژانی داهاتوودا.
ئیدلیبی وتی: "گەڕانەوە بەڕادەیەکی زۆر هەڕەمەکییە." ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه "شارۆچکەکانی سەر سنووری پارێزگای ئیدلیب کەمتر خەڵك لێوەیان گەڕاونەتەوە بە بەراورد لەگەڵ ئەو ناوچانەی لەناو پارێزگاکەدان."
ئەو ناوچانە بەردەوام لەلایەن هێرشی ئاسمانی روسیا و سوریاوە کراونەته ئامانج.
وتی زۆربەی زۆری ئاوارەکان لە کەمپەکانی ناوچە سنووریەکانی نزیك سنووری تورکیا و شارۆچکەکانی دەوروبەریانن، لەکاتێكدا خەڵكانی دیکە لە شارۆچکەکانی دیکەن کە تاڕادەیەك پارێزراون چونکە لە هێڵەکانی بەریەککەوتنەوە دوورن.
وتی لەکاتی راگەیاندنی رێکەوتنەکەوە، هێڵەکانی بەریەککەوتن بێدەنگن و هێرشە ئاسمانییەکان و تۆپبارانیش وەستاون.
وتی ئەوەش کاریگەرییهكی ئەرێنی ههیه بۆسهر چالاکیەکان لە ناوچەکە و بازاڕەکاندا، بەتایبەتی چونکە هەواڵەکە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن راگەیەنرا.
خوێندنگاکان پێشتر رایانگەیاندبوو كه دەرگاکانیان دادەخەن بەهۆی نیگهرانییان له ئهمنیهتی قوتبایەکانیان.