http://diyaruna.com/ckb/articles/cnmi_di/features/2018/11/22/feature-01

ئاساییش |

2018-11-22

شانە نوستووەکانی داعش بێهێزده‌بن لە شارانی ئەنبار

Di icons tw 35 Di icons fb 35

فەرماندەی پۆلیسی ئەنبار، هادی کەسار رزه‌یج، دەستگیرکردنی شانەیەکی نوستووی لە فەلوجە راگەیاند له‌ کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە تشرینی دووەم. [خاوەنی وێنە: پۆلیسی ئەنبار]
فەرماندەی پۆلیسی ئەنبار، هادی کەسار رزه‌یج، دەستگیرکردنی شانەیەکی نوستووی لە فەلوجە راگەیاند له‌ کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە تشرینی دووەم. [خاوەنی وێنە: پۆلیسی ئەنبار]

شانە نوستووەکانی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا" (داعش) لەنێو شاره‌كانی پارێزگای ئه‌نباردا روو لە کەمبوونەوەن ده‌كه‌ن بەهۆی هەوڵەکانی هێزەکانی عێراقه‌وه‌ بۆ بنەبڕکردنیان و وریایی دانیشتوانی ناوچەکە، بەرپرسان بە دیارونایان وت.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، نەعیم کەعود وتی: "دوای شکستهێنانی، داعش زۆر پشتی بەست بە شانە نوستووەکانی بۆ نانه‌وه‌ی ئاژاوە لە ناوچە ئازادکراوەکاندا."

كه‌عود بە دیارونای وت: "تیرۆریستان پلانیان دانابوو چالاکیەکانیان دەستپێبکەنەوە به‌مه‌به‌ستی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌، بە جڵەوشلکردن بۆ ئەم شانانە و کردنیان بە هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ مەدەنیەکان و بەربەستێك له‌به‌رده‌م سەقامگیری و بنیاتنانەوەدا."


سەربازێکی عێراقی دەوریە ئه‌نجامده‌دات لەسەر شەقامێکی پارێزگای ئەنبار. [خاوەنی وێنە: پۆلیسی ئەنبار]

سەربازێکی عێراقی دەوریە ئه‌نجامده‌دات لەسەر شەقامێکی پارێزگای ئەنبار. [خاوەنی وێنە: پۆلیسی ئەنبار]

وتی هەڵمەتە ئەمنیە بەردەوامەکان و وریایی خەڵکە مەدەنیەکە ئەم پلانانەی تێکشکاند، بەجۆرێك هێزە ئەمنی و دەزگا هەواڵگرییەکان "چالاکانە بەدوای هەواڵگرە نهێنیەکانی داعش دەکەون و چاودێریی جوڵەکانیان دەکەن".

وتیشی چەندین شانەی مەترسیداری تیرۆریستی لەکارخراون کە خۆیان لەنێو مەدەنیەكاندا شاردبۆوە، لەکاتێکدا لەگەڵ سەرکردەکانیان پەیوەندییان هەبوو، پلانیان پێدەگەیشت لەوانەوە بۆ ئەنجامدانی هێرش.

هه‌روه‌ها وتی: "لەمڕوەوە هێزەکانی عێراق پێشڕەویی بەرچاویان بەدەستهێناوە، بەهۆی پشتگیریی خەڵکی ناوچەکەوە، چونکە زۆرێك لەم شانانە دەستگیرکران بەهۆی زانیاریی ورد لە مەدەنیەکانەوە."

وتی دانیشتوانی ئەنبار زۆرترین چەوسانەوەیان بەدەستی دڕندەیی تیرۆریزم چەشتووە و ئێستا تێگەیشتوون لەوەی ئاسایشی شارەکانیان بەرپرسیارێتیەکی هاوبەشە.

چەند دەستگیرکردنێك

لە دوو هەفتەی یەکەمی تشرینی دووەمدا دەزگا هەواڵگرییەکانی عێراق لە ئەنبار 17 کەسیان دەستگیرکرد کە داواکرابوون له‌سه‌ر بوونی پەیوەندی بە چالاکی- گومانلێکراوی تیرۆریزمەوە لە رەمادی، فەلوجە، کەرمە، سەقڵاوییە، عامریەت فەلوجە و روتبە.

هەواڵگرە خۆجێیەکان زانیارییان دا کە سەریکێشا بۆ ئەو دەستگیرکردنانە.

لە 5 تشرینی دووەمدا پۆلیسی ئەنبار رایگەیاند شانەیەکی نوستووی داعشیان لە فەلوجە دەستگیرکردووە کە پێکهاتبوو لە سێ توندڕەوی مەترسیدار: موزیر عەبدولهادی ئەسوەد فازیل، بەرەکات مەلوکی محەمەد فازیل و سیاب موشریف عەواد.

ئەو سیانە بەرپرس بوون لە تەقاندنەوەی ئۆتۆمبیلێكی بۆمبڕێژکراو و ئەنجامدانی چەندین هێرش بە بۆمبی دەستکرد و بۆمبی لکێنراو کە مەدەنیەکان و کارمەندانی ئەمنی و دادوەرێکیان کردە ئامانج کە دادگایی کەیسە تیرۆریستیەکانی دەکرد.

ئەو شانەیە بەڕێوەدەبرا و پشتگیریی دارایی دەکرا لەلایەن فەرماندەی داعشه‌وه‌ لە هەولێر، محەمەد یونس محەمەد فازل، کە دواتر لەو شارە دەستگیرکرا.

قائیمقامی فەلوجە، عیسا سایەر بە دیارونای وت دۆزینەوەی ئەم شانەیە "دواترین سەرکەوتن"ە کە تاجی زنجیرەیەك دەستکەوتی هێزە ئەمنیەکانە لە هەوڵەکانیاندا بۆ بنەبڕکردنی شانە نوستووەکانی داعش.

وتی: "شانەکانی داعش یەک لەدوای یەك دەکەونە دەستی هێزەکانمان." وتیشی گروپەکە کۆنترۆڵی لەدەستداوە و توانای نەماوە بۆ راکێشانی ئەندامی دیکە تا جێی ئەوانەیان بۆ بگرێتەوە کە لەدەستیانداوە.

سنوردارکردنی هەڕەشەکە

سایەر وتی هێزە ئەمنیەکان زۆر کاریگەربوون لە سنووردارکردنی ئەو هەڕەشەیەی توندڕەوان دەیانکرد کە خۆیان لە شارەکانی پارێزگاکەدا شاردۆتەوە.

وتی هەندێکیان رەنگە مابێتنەوە، "بەڵام ناکرێت ژمارەیان زۆر بێت، ناشتوانن ئازادانە بسوڕێنەوە و ببنە هەڕەشەی ئەمنی جددی".

سایەر وتیشی: "ئەندامانی داعش بەتەواوی لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە رەتکراونەتەوە و هیچ شوێنێکی ئارامیان نیە لە فەلوجە. دروستکردنی متمانە لەنێوان خەڵکی مەدەنی و هێزە ئەمنیەکاندا زۆر گرنگە بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری."

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار، عەزال فەهداوی بە دیارونای وت: "چالاکیەکانی داعش روو لە کەمبوونەوەن بەهۆی گرتنەبەری رێکاری چالاكه‌وه‌ لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە."

وتی: "شتەکان بە ئاراستەیەکی دروستدا دەڕۆن و پۆلیس، سوپا، دەزگا هەواڵگرییەکان و خێلەکان هەموویان کاری خۆیان دەکەن لە پاراستنی شارەکانیاندا."

وتیشی: "مەترسییەکە کەمبۆتەوە، بەڵام هێشتا ماوە. پێویستمان بە زیادکردنی ئۆپەراسیۆنە ئەمنیەکان و بەردەوامیدان به‌ هاوبەشیكردنی بەهێزە لەگەڵ خەڵکی مەدەنیی ناوچەکە."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 Di icons no

0 كۆمێنت

* واتە ئەم خانەیە پێویستە
Captcha