حكومهتی ناوخۆیی شاری فەلوجە لە پارێزگای ئەنبار هەینی (1 حوزەیران) رایگهیاند كه یەکەم وهجبه پارەی قەربوو دراوەتە ئەو دانیشتوانەی شارەکە کە ماڵەکانیان لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش)هوه روخێنرابوون.
قائیمقامی فەلوجە، عیسا سایەر، پشتڕاستیکردەوە یەکەم خولی قەرەبووی دارایی دراوەتە ئەو کەسانەی ماڵەکانیان سوتێنرابوون یان رووخێنرابوون لەلایەن چەکدارانی داعشهوه یان لە ئەنجامی شەڕدا.
سایەر بە دیارونای وت: "پارەمان داوەتە 108 هاوڵاتی وەك هاوکاری بۆ درووستکردنەوەی ماڵەکانیان بەپێی یاسای ژمارە 20ی ساڵی 2009 بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەوانەی تیرۆریزم و شهڕ زیانی پێگهیاندوون."
وتی قەرەبووکردنەوەکە لە 8 ملیۆن دینارهوە (6,720 دۆلار) بۆ 70 ملیۆن دینار (58,800 دۆلار) بوو، ئەو بڕەش بەگوێرهی رادهی زیانپێگهیشتنی موڵكوماڵهكانیان بوو.
وتی: "ئێستا نزیکەی 2,000 کەیسی قەرەبوومان لەلایە کە بەتەواوەتی کاری ئیدارییان بۆ کراوە و لەلایەن لیژنەی قەرەبووی ئەنبارەوە پهسهندکراون." ههروهها وتی ئەو کەسانەش لە خولی دووەمی پێدانی پارەی قەرەبووکردنەوەکە بەشی خۆیان وەردەگرن.
وتی نزیکهی 39,000 داوای قەرەبووکردنەوە پێشکەشکراون لەلایەن هاوڵاتیانهوه کە داوای هاوکاری دارایی دەکەن بۆ درووستکردنەوەی ماڵەکانیان و وتیشی: "لانیکەم 5,000 لەو داخوازیانە لهلایهن ئەو کەسانەوهن کە ماڵەکانیان بهڕادهیهكی زۆر تێکدراون."
بنیاتنانەوەی فەلوجە
سایەر وتی هەوڵەکان بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانی تێكدراوی فەلوجە و خزمەتگوزاریەکان بەردەوامن و ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد كه "کارەکانمان بەردەوامن بۆ نۆژەنکردنەوەی شارەکە بۆ ئەوەی سەرکەوین بەسەر کاریگەریەکانی شەڕ و ماڵوێرانیەکەدا".
وتیشی: "سەرکەوتنی باشمـان بەدەستهێناوە لە دانانەوەی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانی وەك کارەبا و ئاو و کارەکانی دیکەی شارەوانیدا."
وتی ئەنبار حەوت پرۆژە ئەنجامدەدات بۆ نۆژەنکردنەوەی شەقامە سەرەکیەکانی فەلوجە، وەك ستین، فورقان، عەرهبەین و هەروەها 20 قوتابخانەی نوێ کە چاوەڕواندەکرێت لە تەمموزدا تەواوببن لەلایەن بهرنامهی گەشەی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە.
سایەر وتی ئەو قوتابخانانە لەکاتی خۆیاندا دەکرێنەوە بەڕووی قوتابیاندا لە ساڵی ئەکادیمی داهاتوودا.
وتیشی نۆژەنکردنەوەی پردی ئاسنینی فەلوجەش خەریکە تەواودەبێت و چاوەڕوانیش دەکرێت دوو هەفەتەی دیکە بکرێتەوە، ههروههاکاری نۆژەنکردنەوە لەسەر ژمارەیەك پردی دیکەش دستیپێکردووە ، لهوانه پردەکانی توفاحە و کەرمە.
سایەر وتی شارەکە ئەمڕۆ "خۆشحاڵە بەو رەوشە ئارام و ئاسایشە". وتیشی: "هێزەکانمان ئەرکە ئەمنیەکانیان تا دوا رادە ئەنجامدەدەن." ههروهها رەوشی باشی ئەمنیش "هانماندەدات بەردەوامبین لە خزمەتکردنی شارەکەماندا".