هه‌واڵه‌كانی عێراق
ئاساییش

تۆڕەکانی راکێشانی ئەندامانی داعش لەژێر هێرشدان لە عێراق

خالید تائی

هێزەکانی ئاژانسی دژە تیرۆریزمی عێراق لە تەنیشت 'بەرپرسێکی راکێشانی منداڵان'ی داعش لە فەلوجە راوەستاون دوای دەستگیرکردنی لە 29 تشرینی دووەم. [خاوەنی وێنە: ئاژانسی دژە تیرۆریزم]

هێزەکانی ئاژانسی دژە تیرۆریزمی عێراق لە تەنیشت 'بەرپرسێکی راکێشانی منداڵان'ی داعش لە فەلوجە راوەستاون دوای دەستگیرکردنی لە 29 تشرینی دووەم. [خاوەنی وێنە: ئاژانسی دژە تیرۆریزم]

بە بەدووکەوتنی چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) و هەڵوەشاندنەوەی شانە و تۆڕەکانیان، هێزەکانی عێراق بەردەوامن لە هێشتنەوەی فشار لەسەر گروپەکە و رێگریکردن لە خۆڕێکخستنەوەی.

ئەندامێكی لیژنەی ئەمنی و بەرگری له‌ پەرلەمان، كه‌تاح نەجمان ریکابی وتی داعش چەندین چەکداری لەم ساڵانەی دواییدا لەدەستدا، دۆخێک کە لە کەمبوونەوەی چڕیی هێرشەکانیدا دەردەکەوێت.

بە دیارونای وت لەگەڵ کەمبوونەوەی ژمارەی ئەندامانی گروپەکە، بەهەموو شێوەیەک هەوڵی ئەوە دەدات سەرنجی ئەندامانی نوێ بۆ لای خۆی رابکێشێت.

وتی بەتایبەتی سەرنجیان خستۆتە سەر خێزانی ئەو چەکدارانەی داعش کە کوژراون و کوڕەکانیان رادەکێشن بە پێبەخشینی هاوکاری دارایی و هەوڵدەدەن ئایدیۆلۆژیا تووندەکەیان بخنە نێو مێشکیانەوە.

هێزە ئەمنییەکان بەشداردەبن لە ئۆپەراسیۆنێکی دەستگیرکردنی شانەکانی داعشدا لە پارێزگای نەینەوا، 3 ئازار. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

هێزە ئەمنییەکان بەشداردەبن لە ئۆپەراسیۆنێکی دەستگیرکردنی شانەکانی داعشدا لە پارێزگای نەینەوا، 3 ئازار. [خاوەنی وێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق]

وتی کوڕانی گەنج بە پارە هاندەدەرێن بچنە ریزی گروپەکەوە، یان گوشار دەخرێتە سەر خێزانەکانیان بۆ ناردنیان لەڕێی هەڕەشە و تۆقاندنەوە. بەتایبەتی ئەمە لە ناوچە دوورەدەستەکان روودەدات، ئەو شوێنانەی هێشتا مۆڵگەکانی پاشماوەکانی داعشیان لێیە.

'رووپۆشەکەیان لادراوە'

لە تشرینی یەکەمدا، هەواڵگریی سەربازیی عێراق شەش پیاوی لە کەرکوک و ئەنبار و بەغدا دەستگیرکرد کە بەشێوەیەکی چالاک بەناو "گەرەنتییەکان"یان دابەشدەکرد -- برە پارەیەک وەک هاوکاری لە دەدرا بە خێزانەکانی داعش و بۆ هاندانی کوڕەکانیشیان تا بچنە ریزەکانی گروپەکەوە.

لە تشرینی یەکەمدا، ئاژانسی دژە تیرۆریزم دەستگیرکردنی ئەندامێکی داعشی راگەیاند کە منداڵانی رادەکێشا بۆ نێو ریزەکانی داعش لە فەلوجە.

ئاژانسی دژە تیرۆریزم رایگەیاند کە "بەردەوامدەبین لە بڕینی سەرچاوەکانی تووندڕەوان، کە بریتین لە پاشماوەی سەرکردە شکستخواردووەکانی داعش کە هەوڵدەدەن بنکەیەکی تیرۆریستی دابمەزرێنن لەڕێی فریودانی منداڵانەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەجەندا تیرۆریستییەکەیان".

بەڵێنیدا ئەو شانانە و "ئایدیۆلۆژۆیا تەکفیرییەکانیان" بنەبڕبکات.

شارەزایەکی بواری هەواڵگری، فازڵ ئەبو رەغیف بە دیارونای وت ژمارەیەکی کەم چەکداری داعش هەن لەئێستادا، لە مەزەنە دەکرێت کەمتر بێت لە 3,000 چەکداری داعش لە دۆڵ و بیابان و ناوچە نائاوەدانەکانی عێراق.

وتی ئەو چەکدارانە دووچاری چەندین بەربەست و سەختی دەبنەوە، لەنێویاندا بێتوانایی راکێشانی ئەندامانی نوێ و پشتیوانیی خەڵک.

ئەبو رەغیف وتی: "رووپۆشەکەیان لادراوە، هەموو ئەو کەس و لایەنانەی پێشتر بە قسە و بیرۆکەکانیان فریویانخواردووە راستییەکانیان بۆ ئاشکرابووە و چیتر پشتیوانییان ناکەن."

وتی دانیشتوانی ئەو ناوچانەی پێشتر داعش کۆنتڕۆڵی کردبوون مامەڵەی گروپەکە بە دوژمنکارانە لەقەڵەمدەدەن و سوپاس بۆ چاودێریی وردی دانیشتوانی ناوچەکە، هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکان زیاتر توانیویانە دزەبکەنە نێو پێگەکانی داعشەوە.

وتیSi لە سێ مانگی رابردوودا، ژمارەیەک شانەی تیرۆریستی هەڵوەشێنراونەتەوە، لەنێویاندا شانەیەکی نوستووی 15 ئەندامی کە لە نەینەوا ئاشکراکران لە ناوەڕاستی تشرینی دووەمدا.

وتی ئەو شانەیە چالاکانە ئەندامی نوێی بۆ ریزەکانی گروپەکە رادەکێشا و پلانیان بۆ هێرشکردن دادەنا.

هەڵوەشاندنەوەی هەوڵەکانی راکێشانی ئەندامانی نوێ

ئەبو رەغیف وتی چاودێریکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لابردنی هەژمارە تووندڕەوەکان کاریگەریی پڕوپاگەندەی داعشیان سنووردار کردووە و هەوڵەکانی گروپەکەیان هەڵوەشاندۆتەوە بۆ بەلاڕێدابردن و راکێشانی ئەندامان و بەدەستهێنانی متمانەی پیاوانی گەنج.

وەزارەتی ناوخۆ لە 11 تشرینی دووەم رایگەیاند کە دەیان ماڵپەڕیان داخستووە بەهۆی ئەوەی هانی تووندوتیژی و رقوکینەیان دەدا.

شرۆڤەکاری ئەمنی محەمەد روبەیعی ئاماژەیکرد بەوەی زیادبوونی هەوڵە ئەمنی و هەواڵگرییەکان بە ئاڕاستەی کۆتاییهێنانە بە هەڵمەتەکانی راکێشانی ئەندامانی داعش کە ئامانج لێی منداڵ و لاوانن، ئینجا بە شێوەیەکی راستەوخۆ بێت یان لەڕێی ئینتەرنێتەوە.

بە دیارونای وت هەوڵە بەردەوامەکانی بەدووکەوتنی تۆڕەکانی راکێشانی ئەندامان و بەئامانجکردنی چالاکییەکانیان، دەروازەگەلێکی زۆر دەکەنەوە، کە لە دەرئەنجامدا داعش کێشەی دەبێت لە زیادکردنی ژمارەی ئەندامانیدا.

بەهۆی ئەم هۆکارەوە، گروپەکە تاکتیکەکانی خۆی گۆڕیوە و پشت بە چالاکییەکانی "گورگی تەنیا" دەبەستێت بۆ ئەنجامدانی هێرشی بچووک و کەمکردنەوەی هێرشە خۆکوژییەکان، بۆئەوەی ئەو چەکدارانەی کە هەینی لەدەستیان نەدات.

وتی پێشکەوتنی دەزگای ئەمنی و گەشەسەندنی توانای ئاشکراکردنی شانە نوستووەکان و ئەو لایەنانەی سپۆنسەری و هاوکاریی دارایی پێشکەشی تیرۆریزم دەکەن هاوکاربوون لە بەردەوام چاودێریکردنی داعش و سنووردارکردنی هێزەکەیدا.

وتی: "بەڵام هێشتا زووە بۆئەوەی دڵنیابین لەوەی مەترسییەکە بەتەواوی نەماوە" و ئاماژەیکرد بۆ ئەوەش کە گروپەکە بەردەوامە لە ئەنجامدانی هێرشەکانی لە پارێزگاکانی دیالە و ئەنبار و سەڵاحەدین، تەنانەت لە دەوروبەری بەغداش.

وتیشی بنبڕکردنی مەترسییەکانی پێویستی بە رووبەڕووبوونەوەی چڕی پاشماوەکانی داعشە و بۆ بونیادنانی پەیوەندییەکی ئەرێنیانە و دروستکردنی پردی متمانە لەگەڵ دانیشتوانی ناوچەکە بۆ پشتیوانیکردنی ئەو هەوڵانە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500