ئەو ژنانەی بەهۆی پەیوەندییانەوە لەگەڵ رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) دەستبەسەرکراون زانیاری "گرنگ" دەدەنە بەرپرسان دەربارەی خانە و چەکدارانی گروپەکە، پسپۆڕان وتیان.
پسپۆڕێکی ئەمنی عێراقی دووشەممە (26 شوبات) بە دیارونای وت دانپێدانانەکانیان سەریکێشاوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی چەندین شانەی مەترسیداری تیرۆریستی، لەنێویاندا یەکێك "لە مەترسیدارترین کەتیبەكان" کە لەنێو داعشدا لە عێراق کاریکردبێت.
زیاد لە 1,000 کەسی سەر بە داعش، زیاتر ژن و منداڵ، لەلایەن هێزەکانی عێراقەوە دەستگیرکراون یان خۆیان رادەستکردووە لەکاتی شەڕی رزگارکردنی شاری موسڵ و شارەکانی دیکەی پارێزگای نەینەوادا.
پسپۆڕی ئەمنی فازیل ئەبوڕەغیف باسی لە زانیاری ئەمنی کرد کە پشتڕاستیدەکاتەوە ئەو ژنانە "هاریکاری و هاوکاری ئاشکرا نیشاندەدەن لەگەڵ دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان".
بە دیارونای وت: "زۆر ژن دەستبەسەرکراون بە تۆمەتی ئەندامبوون یان سەر بە داعش بوون."
وتی هەندێکیان دادگاییکراون بۆ بەشدارییان لە خوێنڕێژیی خەڵکی بێتاواندا، بەڵام زۆربەیان هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدان.
وتی زۆربەی ژنەکان خەڵکی ئاسیای ناوەند و کۆمارەکانی سۆڤێتی پێشوو و تورکیان.
هەڵوەشاندنەوەی کەتیبەی بەتار
ئەبوڕەغیف وتی هێزە ئەمنیەکان "زانیاری گرنگیان بەدەستهێناوە لەکاتی لێکۆڵینەوەدا لەم ژنانه" و ئاماژەشیکرد بەوەی کە زانیارییەکان بوونەتە هۆی ئەوەی هێزە عێراقیەکان ئەندامانی داواکراوی داعش و چەند فەرماندەیەکی باڵا دەستگیربکەن.
وتی: "گرنگترین دەستکەوتی ئەمنی کە بەهۆی ئەم هاریکارییەوە بەدەستهاتووە لەکارخستنی پاشماوەکانی کەتیبەیەکی داعشە بەناوی کەتیبەی بەتار."
وتی کەتیبەکە، یەکێکە لە ترسناکترین گروپەکان کە پەیوەندیان بە داعشەوە هەیە و دڕندەترینە.
وتیشی پێکهاتووە لە چەکدارانی عێراقی بیانی کە دادەنرێن بە "ئەندامە بژاردە"کانی گروپەکە.
وتی: "چیتر بوونیان [لە عێراق] نەماوە." وتیشی هەندێکیان دەستگیرکراون و ههندێكی تریش کوژراون لە ئۆپەراسیۆنه ئەمنییهكاندا لەسەر بنەمای زانیاری لەلایەن ژنە دەستگیرکراوەکانی گروپەکەوە.
ئەبوڕەغیف وتی هەروەها دانپێدانانی ژنەکان بۆتە هۆی ئەوەی هێزە ئەمنیەکان حەشارگە نهێنیەکانی داعش و شوێنکارهكان بۆ دروستکردنی بۆمبی دەستکرد و چەند ئەمبارێك بدۆزنەوە بۆ پاراستنی چەك و تەقەمەنی.
دادگای عێراق بەمدواییانە چەندین بڕیاری دژی ژمارەیەك لە ژنی بیانی دەرکردووە بەتۆمەتی بەشداریکردن لە یارمەتیدانی داعشدا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی لە عێراق.
ژنانی دیکە ئازادکراون و گەڕێندراونەتەوە بۆ وڵاتەکانیان لەگەڵ منداڵەکانیان دوای ئەوەی بێتاوانییان پشتڕاستکراوەتەوە.
سڵاوتان لێبێت!
وهڵام بدهرهوه1 كۆمێنت