لاوانی سوریا لە چەند بەشێکی ئیدلیبەوە لەژێردەستی تەحریر شامدا کەمپینێکی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیارییان دەستپێکردووە بۆ وریاکردنەوەی مەدەنیەکان لە مەترسیەکانی ئایدۆلۆژیای توندڕەوی، چالاکوانێکی ناوخۆیی بە دیارونای وت.
لەڕێی کەمپینەکەوە، کە بە سەرچاوەی کەم کراوە، چالاکوانە لاوەکان هۆشداریی دەدەن بە دانیشتوان کە هاوپەیمانێتیە توندڕەوەکە، کە لەلایەن بەرەی نوسرەی پێشوەوە کۆنترۆڵکراوە، هەوڵدەدات ئایدۆلۆژیای قاعیدە بڵاوبکاتەوە.
ئەم چالاکوانانە لە مەترسی بەردەوامدان لەکاتی بڵاوکردنەوەی پەیامەکانیان لەڕێی کەمپینی "سورییەکان دژی توندڕەوی" و دەستبەسەردەکرێن و سزای توندیان بەسەردا دەسەپێنرێت لەڕێی چەکدارانی تەحریر شامەوە.
چالاکوان هەیسەم ئیدلیبی کە ناوی خوازراوی بەکارهێنا لە ترسی تۆڵەلێکردنەوە وتی کەمپینەکە چەند رۆژێك لەمەوبەر دەستیپێکرد لە دەوروبەری ئیدلیب بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری دەربارەی مەترسیەکانی ئایدۆلۆژیای هاوپەیمانێتیەکە کە هەوڵدەدات بڵاویبکاتەوە.
ئیدلیبی بە دیارونای وت نەوەی نوێ بەتایبەتی لەبەردەم مەترسیی مێشك شۆردنەوەدایە.
دەرخستنی راستی
وتی کەمپینەکە وەك وەڵامێکە بۆهەوڵەکانی بەرەی نوسرە بۆ شاردنەوەی شوناسی راستەقینەی خۆی بە پێکهێنانی هاوپەیمانێتی تەحریر شام و وێناکردنی ئەوەی گوایە خۆی لە قاعیدە دووردەخاتەوە.
وتیشی ناو و شێوازی خۆی گۆڕی تا بوونی لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە دوای ئەوەی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە بە رێکخراوێکی تیرۆریستی لەقەڵەمدرا، وەك هەوڵێکی ئاشکرا بۆئەوەی خۆی لە بوونە ئامانجی هاوپەیمانان لابدات.
ئیدلیبی وتی کەمپینەکە پشتیوانی دارایی خۆی دەکات و پشت دەبەستێت بە هەوڵی ئەندامانی. پەیامەکەی لەڕێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و وێنەکێشانی سەر دیوار و پۆستەر دەگوازێتەوە لە ناوچە قەرەباڵغەکاندا، وەك دەروازەی مزگەوت و قوتابخانە.
وتی چالاکوانە لاوەکان کاریان کردووە بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامیان لەو ناوچانە، لەنێویاندا ئیدلیب، کەفر نەبل، سارمین، ئەتاریب، مەعارەت نوعمان و سەراقیب.
لەڕێی وێنەی کێشراوی سەر دیوارەوە لەم ناوچانە، بانگەواز بۆ خەڵك دەکەن میانڕەو بن، خۆیان لە توندڕەوی لابدەن و زانیاری بەدەستبێنن بۆ بەرەنگاربوونەوەی بیری توندڕەوی.
ئیدلیبی وتی ئەوەش بیری خەڵك دەهێننەوە کە میانڕەوی سەرکەوتن دەهێنێت بۆ خەڵکی سوریا و ئاماژەی بەوەشکرد کە کەمپینەکە باش پێشوازی لێکراوە و بۆتە بابەتی گفتوگۆی ئێستا و بوژاندنەوەی گفتوگۆ و دیبهیت.