نێرده‌ی نه‌ته‌و یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاریی عێراق (یونامی) پێنجشه‌ممه (19 ئه‌یلول) به‌فه‌رمی نوسینگه‌ی خۆی له موسڵ كرده‌وه بۆ یارمه‌تیدانی دانیشتوانی نه‌ینه‌وا و پێشكه‌شكردنی هاوكاری له هه‌وڵه‌كاندا بۆ سه‌قامگیری له ناوچه ئازادكراوه‌كان.
نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری عێراق، جێنین هێنیس-پلاسخه‌رت له بۆنه‌ی راگه‌یاندنه‌كه‌دا وتی: "كردنه‌وه‌ی نوسینگه‌كه خاڵێكی وه‌رچه‌رخانه و هه‌نگاوێكه كه هاوكارییه‌كانمان قوڵتر ده‌كاته‌وه، هه‌ماهه‌نگییه‌كانمان په‌ره‌پێده‌دات و په‌یوه‌ندیی به‌رده‌وامیش له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بۆ هه‌موو لایه‌نه هاوبه‌شه‌كان دابینده‌كات."
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، سه‌یدۆ چه‌تۆ وتی ئه‌مه یارمه‌تی 750,000 كه‌سی ئاواره ده‌دات كه پێویستیان به خزمه‌تگوزارییه.
ناوبراو وتی: "هیوادارین نوسینگه‌كه به‌گشتی خزمه‌تگوزاری پێشكه‌ش به خه‌ڵكی نه‌ینه‌وا بكات، له‌كاتێكدا هێشتا زیاتر له 750,000 ئاواره هه‌ن كه پێویستیان به خزمه‌تگوزارییه." وتیشی كه "چه‌ندین ناوچه هه‌ن زیانیان به‌ركه‌وتووه و پێویستیان به بونیادنانه‌وه هه‌یه".
هه‌روه‌ها وتی: "هیوادارم نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له‌ڕێی ئه‌م نوسینگه‌یه‌وه یارمه‌تی ئاواره‌كان بدات بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ماڵوحاڵی خۆیان و نه‌ینه‌وا بونیاد بنێنه‌وه."
هێنیس-پلاسخه‌رت وتی: "حكومه‌تی خۆجێیی نه‌ینه‌وا له چه‌ندین كه‌رتی جیاوازدا سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێناوه." ئه‌و هه‌وڵانه "پێویسته به‌رده‌وامبن به پێشكه‌شكردنی كه‌ره‌سته و هاوكاریی مرۆیی به نه‌ینه‌وا، به‌تایبه‌تی دوای ده‌ستكه‌وته‌كانیان له یارمه‌تیدانی ئاواره‌كاندا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان و باشتركردنی ئابوری و پێشخستنی لایه‌نی ئه‌منی".