ئۆتۆمبیلێكی بۆمبڕێژكراو سێشه‌ممه (22 كانونی دووه‌م) له كه‌ناراوی لازقیه‌ی ژێرده‌سه‌ڵاتی رژێم له سوریا ته‌قییه‌وه، ئه‌مه‌ش بووه هۆی كوشتنی كه‌سێك و برینداركردنی چوار كه‌سی دیكه، ئاژانسی فرانس پرێس رایگه‌یاند.
ئاژانسی هه‌واڵی سانای زمانحاڵی ده‌وڵه‌ت رایگه‌یاند: "راپۆرته سه‌ره‌تاییه‌كان ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه ئۆتۆمبیلێكی بۆمبڕێژكراو ته‌قییه‌وه و له ئه‌نجامدا شۆفێرێك كوژرا و چوار كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون." راشیگه‌یاند كه ته‌قینه‌وه‌كه له مه‌یدانی حه‌مامی شاره‌كه‌دا روویدا.
ئاژانسه‌كه رایگه‌یاند كه به‌رپرسان بۆمبی دووه‌میان له هه‌مان شوێن دۆزییه‌وه و پوچهڵیانكردهوه پێشئه‌وه‌ی بته‌قێته‌وه.
ئاژانسه‌كه گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی بڵاوكرده‌وه كه تیایدا ئۆتۆمبیلێكی سووتاو ده‌رده‌كه‌وێت كه چه‌ندین ئاگركوژێنه‌ره‌وه و سه‌ربازی له چوارده‌وره.
شاره‌كه، پایته‌ختی پارێزگای لازقیه، كه ده‌كه‌وێته سه‌ر كه‌ناراوه‌كانی ده‌ریای ناوه‌ڕاست، به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ئه‌و تووندووتیژیانهی تێپه‌ڕاندووه كه ناوچه‌كانی دیكه‌ی سوریای وێرانكردووه له‌وكاته‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه له 2011 ده‌ستیپێكرد.
به‌گوێره‌ی روانگه‌ی سوری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، ته‌قینه‌وه‌كه‌ی سێشه‌ممه به ته‌قینه‌وه‌ی ئامێرێكی شاردراوه له نێو ئۆتۆمبێله‌كه‌دا یان له نزیكییه‌وه روویداوه.
سه‌رۆكی روانگه‌كه، رامی عه‌بدولره‌حمان به ئاژانسی فرانس پرێسی وت كه ئه‌و شۆفێره‌ی له ته‌قینه‌وه‌كه‌دا كوژرا، خۆكوژ نه‌بووه.