هه‌واڵه‌كانی عێراق

تورکیا میوانداریی گردبوونه‌وه‌ی چوارلایەنە ده‌رباره‌ی سوریا دەکات لە 27 تشرینی یەکەم لە ئەستەنبوڵ

سەرۆکی تورکیا، رەجەب تەییب ئەردۆگان، میوانداریی دیدارێك دەکات سەبارەت بە شەڕی سوریا لەگەڵ سەرکردەکانی روسیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا لە 27 تشرینی یەکەم لە ئەستەنبوڵ کە یەکەم کۆبوونەوەی هاوشێوەیە لەگەڵ سەرکردە سەرەکیەکانی یەکێتی ئەوروپا، ئاژانسی فرانس پرێس هەینی (19 تشرینی یەکەم) رایگەیاند.

ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی سەربە دەوڵەت لەزاری وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیاوه‌، ئیبراهیم کاڵین، رایگەیاند کۆنفرانسەکە بەبەشداری سەرۆکی روسیا، ڤلادیمێر پوتین، لەگەڵ سەرکردەکانی فەرەنسا و ئەڵمانیا، ئیمانوێڵ ماکرۆن و ئەنجێلا مێرکڵ، بەڕێوەدەچێت.

ئەردۆگان سێ جار بەشداریی کۆنفرانسە سێقۆڵیەکانی کردووە سەبارەت بە سوریا لەگەڵ پوتین و سەرۆکی ئێران، حەسەن رۆحانی. بەڵام ئەمە جاری یەکەمە کۆبوونەوەیەك سەرکردە بەهێزەکانی تورکیا و روسیا لەگەڵ دوو سەرکردەی نەتەوەیی هەرە گرنگی یەکێتی ئەوروپا بەیەك بگەیەنێت.

کاڵین وتی کۆبوونەوەكه‌ مەبەستی دۆزینەوەی "چارەسەرێکی بنەڕەتیە" بۆ شەڕی سوریا و بارودۆخی ئیدلیبی دوا قەڵای سەرەکی ژێردەستی ئۆپۆزسیۆنی سوریا.

ئەردۆگان پێشتر پلانی دانابوو کۆنفرانسەکە لە ئەیلول ئەنجامبدات، بەڵام ئەوکاتە ئەنجامنەدرا. کرێملین و ئیلێسێ و نوسینگەی مێرکڵ هەموویان بەرواری کۆبوونەوەکەیان لە 27 تشرینی یەکەم پشتڕاستکردەوە.

کرێملین رایگەیاند كه‌ کۆبوونەوەی ئەستەنبوڵ "گۆڕینەوەی بیروڕا سەبارەت بە کێشەی سوریا، لەنێویاندا کێشەی بەرەوپێشچوونی پرۆسەی سەقامگیری سیاسی و هەنگاوەکانی تر لەبەرژەوەندی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری" لەخۆدەگرێت.

ئیلێسێش لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند كه‌ فەرەنسا بەتایبەتی دەیەوێت دڵنیابێت ئاگربەستی ئیدلیب جێبەجێدەکرێت بۆ دوورکەوتنەوە لە "کارەساتێکی مرۆیی و شەپۆلێکی گەورەی نوێی پەنابەران."

سەرچاوەیەك لە ئیلێسێ هۆشدارییدا کە ماکرۆن چاو بە پلانی ئامادەبوونیدا دەخشێنێتەوە ئەگەر هه‌ر هێرشێکی رژێم بۆسەر ئیدلیب ئەنجامبدرێت.

وتەبێژی مێرکڵ، مارتینا فیتز، وتی بەرلین دەیەوێت کاربکات بەرەو پرۆسەیەکی سەقامگیری لە سوریا.

"ئێمە پێشبینیدەکەین كه‌ بتوانین پێشوەچوون بەرەو سەقامگیری لە سوریادا بەدەستبهێنین و دەشزانین ئەو پرۆسەیە زۆر سەخت دەبێت و چەند ساڵێکی دەوێت."

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500