هه‌واڵه‌كانی عێراق

فەرەنسا داوای رۆڵی زیاتر ده‌كات بۆ خۆرئاوا لە قەیرانی سوریادا

سەرۆکی فەرەنسا، ئیمانوێڵ ماکرۆن، پێنجشەممە (4 کانونی دووەم) داوای لە وڵاتانی خۆرئاوایی کرد رۆڵی گەورەتر ببینن لە کۆتاییهێنان به‌ شەڕی سوریا و وتی ناتوانرێت قەیرانەکە تەنیا بە چەند هێزێکی بیانی "کەم" چارەسەربکرێت، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

وتەکانی ماکرۆن لەکاتێکدایە کە روسیا و تورکیا و ئێران دەخوازن "کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی" ببەستن سەبارەت بە سوریا لە هاوینەهەواری سۆچی له‌سەر دەریای رەش ئەم مانگە وەك بەشێك لەو هەوڵانەی هەندێك رەخنەگر دەڵێن بۆ وه‌لاوه‌نانی ئه‌و وتووێژانه‌یه‌ له‌ جنێڤ كه‌ لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانه‌وه‌ پاڵپشتیکراوه‌.

ماکرۆن وتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نابێت "مەیدان چۆڵبکات بۆ چەند هێزێکی دیاریکراو کە وا بیردەکەنەوە تەنیا چەند بەشێکی کەمی دانپێدانراوی ئۆپۆزسیۆن لە دەرەوە دەتوانن چارەسەرێکی جێگیر و بەردەوام بدۆزنەوە بۆ بارودۆخی سوریا."

ماکرۆن بە ده‌سته‌ی دیپلۆماتکارانی لە پاریس وت : "لەم رووەوە نەتەوە یەکگرتووەکان، دەسەڵاتە ئیقلیمیەکان، ئەوروپا و ئەمریکا بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان هەیە و من بەتەواوی پابەندم... لە سەرخستنی بنیاتنانی ئاشتیدا لە سوریا."

سەرۆکی فەرەنسا وتیشی ئاشتی لە سوریا و عێراقی دراوسێی بەپەلە پێویستە بۆ دوورکەوتنەوە لە سەرهەڵدانەوەی هەر هێرشێکی توندڕەو کاتێك رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش) لەرووی "سەربازییەوە" تێکشکا.

ماکرۆن وتی فەرەنسا هەوڵەکانی چڕده‌كاته‌وه‌ بۆ دڵنیابوون لە هەڵبژاردنی ئازاد و پارێزراو لە عێراق ئەم بەهارە و پێده‌چوو مه‌به‌ستی ئێران بێت له‌ بانگه‌شه‌ی بۆ "وریایی" لەمه‌ڕ "هه‌ر پشێوییه‌ك کە پەیوەندی هه‌بێت بە هێزه‌ بیانییەكانه‌وە".

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500