ئۆپۆزسیۆنی سوریا پێنجشەممە (21 کانونی یهكهم) رایگەیاند لە "هەر کاتێکی تر" گرنگترە کە روسیا گوشار بخاتە سەر حکومەتەکەی بەشار ئەسەد بەرەو چارەسەری ئاشتی هەر کە وتوێژی نوێی ئاشتی دەستیپێكرد لە کازاغستان، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
گەڕێکی نوێی وتوێژی ئاشتی سوریا بە پاڵپشتی روسیا و ئێران و تورکیا سەرلەبەیانی پێنجشەممە دەستیپێکرد لە ئەستانەی پایتەختی کازاغستان.
وتەبێژێكی وەزارەتی دەرەوەی کازاغستان وتی، شاندەکانی روسیا و ئێران و تورکیا لەگەڵ نوێنەرانی رژێمی سوریا و شاندێكی ئۆپۆزسیۆنی پێكهاتوو له 20 كهس گەیشتنە ئەستانە بۆ وتوێژێکی دوو رۆژه.
وەزارەتەکە رایگەیاند پێشبینی دهكرێت نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا، ستافان دی میستورا، ئامادهی دووەم رۆژی وتوێژەکان بێت كه ههینی بهڕێوهدهچن.
دی میستورا پێنجشەممە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی روسیا، سێرگی لاڤرۆڤ، لە مۆسکۆ کۆدەبێتەوە.
لە ئەستانە شاندی ئۆپۆزسیۆنی سوریا داوای لە روسیا کرد گوشاربخاتە سەر حکومەتەکەی ئەسەد بەرەو چارەسەری ئاشتی.
شاندی ئۆپۆزسیۆنی سوری لە بەیاننامەیەکدا دوای کۆبونەوەی لەگەڵ تیمێکی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "بەندکراوان لەپێشینەی کارەکانن بۆ ئەو شاندە سەربازیە."
بەیاننامەکە رایگەیاند وتوێژکەرانی سوریا هەروەها تەرکیز دەکەنە سەر جێبەجێکردنی ئاگربەست بەتایبەتی لە هەرێمە هێورکەرەوەکاندا لەگەڵ لابردنی گەمارۆی سەر هەموو شارۆچکە و گوندەکان و گەیاندنی هاوکاری بۆ ئەوانەی پێویستیان پێیە.
ئاژانسی هەواڵی سەنای دەوڵەتی سوریا رایگەیاند شاندی روسیا "بەجیا لەگەڵ شاندی ئێران و تورکیا کۆبوونەوە."
راشیگەیاند: "دوای کۆبوونەوە دووقۆڵییهكان، کۆبوونەوەی سێقۆڵی لەنێوان ئەو سێ دەوڵەتە سپۆنسەرەدا ئەنجامدەدرێت."
ههینی دانوسانەکان كۆتایی دێن بە کۆبونەوەیەکی فراوان به بهشداری ههموو لایهنهكان.
گەڕی هەشتەمی وتوێژەکان دوای ئەوە دێت کە سەرۆکی روسیا، ڤلادیمێر پوتن، فەرمانی پاشەکشێی بەشێکی هێزەکانی روسیای دەرکرد لەمیانهی سەردانێکی چاوهڕواننهكراودا بۆ سوریا هەفتەی رابردو.