ژنی چالاکوانێکی بەناوبانگی بواری ئینتەرنێت کە دەستگیرکرا لەیەکەم ساڵیادی راپەڕینی 2011 کە شەڕی سوریای لێکەوتەوە، وتی دوو ساڵ لەوەوبەر مێردەکەی بەنهێنی لەسێدارەدراوە، ئاژانسی فرانس پرێس چوارشەممە (2 ئاب) رایگەیاند.
نورا غازی سەفادی وتی باسل خەرتابی سەفادی، داهێنهرێكی بهرنامهی کۆمپیوتەری کە لەکاتی راپەڕینەکەدا بانگەشەی بۆ ئازادی رادەربڕین دەکرد، لە تشرینی یەکەمی 2015 کوژرا، دوای دوو ساڵ و نیو لە دەستگیرکردنی.
لهو مانگەدا، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووهوە کە سزای مەرگی بەسەردا سەپێنراوە دوای گواستنەوەی لە زیندانی عەدرای ناوزڕاو رژێمەوە لەنزیك دیمەشق بۆ شوێنێکی نادیار.
خێزانەکەی لە پۆستێكی فەیسبوکدا درەنگانێکی سێشەممە هیچ ئاماژەی بەوەنەکرد چۆن مەرگی مێردەکەی پشتڕاستکردۆتەوە.
سەفادی، كه لەکاتی مردنیدا 34 ساڵ بوو، ناسرابوو بەوەی بانگەشەی بۆ ئازادی زانیاری و دەستڕاگەیشتنی زیاتر بە ئینتەرنێتی دەکرد.
لە 2010 دا 'ئەیکی لاب'ی دامەزراند کە ئەندازیاران و هونەرمەندان و هاککەرانی دیمەشقی کۆکردەوە و بەشدارییکرد لە پرۆژەی كۆمپیوتهریی خۆڕاییدا، وەك کرییەتیڤ کۆمۆنز و ویکیپیدیا.
پسپۆڕییەکانی سەفادی بەتایبەتی پێویست بوون دوای دروستبوونی راپەڕین، چونکە بانگەوازی خۆپیشاندان زیاتر لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاودەکرایەوە.
گروپە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ ماوەیەکی زۆرە فشاردەکەن بۆ زانیاری دەربارەی چارەنوسی سەفادی.