هێزەکانی عێراق شاڵاویان بردەنێو گەڕەکی ئیقتیسادیە لە خۆرئاوای موسڵ پێنجشەممە (11 ئایار) دوای ئەوەی کۆنترۆڵی دوو گەڕەکیان بە پاڵپشتیی هاوپەیمانان بەدەستهێنا، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا رایگەیاند.
وتەبێژی فەرماندەییەکە فەریق عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا بە دیارونای وت: "هێزەکانی عێراق چەندین بەشی گەڕەکی ئیقتیسادیەیان گرتۆتەوە و لە پرۆسەکەدا دەیان خێزانی عێراقییان ئازادکردووە و گواستوویاننەتەوە بۆ ناوچەی ئارام."
وتی هێرشکردنەسەر ئیقتیسادیە دوای گرتنەوەی گەڕەکەکانی 30 تەمموز و مهشهیرفە هات لەدەستی رێکخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی" (داعش).
ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند كه هاوکات، چەکدارانی داعش ئامادەکاری دەکەن بۆ دوایین رووبەڕوبوونەوەی بێهیوایانەیان لە موسڵ و ماڵەکان بۆمبڕێژدەکەن لەکاتێکدا خهڵكه مهدهنییهكانیان تێدایە و دەرگاکان لە خێزانە برسییەکان دادەخەن بۆ رێگرتن لە خەڵکەکە لە هەڵهاتن.
دانیشتوویەکی گەڕەکی زینجیلی وتی: "داعش هاتە ماڵەکەمان و دەرگای لەسەرمان داخست. بڕێکی کەم ئاو و پارچەیەك جلی سپییان پێداین و وتیان: 'ئەمە کفنێك بۆ ئێوە'."
ژنێك پەیامێکی دەنگیی نارد بۆ خزمێکی لە بەشی "ئازادکراو"ی خۆرهەڵاتی موسڵ و وتی لەئێستادا لەگەڵ مێردەکەی و چوار منداڵەکەیدا گیریخواردووە بەبێ خواردن.
بەرپرسێکی باڵای هێزهكانی بهرپهرچدانهوهی خێرای سهربه وەزارەتی ناوخۆ وتی چەندین خێزانیشیان دۆزیوەتەوە کە گیریانخواردووە لە ماڵی بۆمبڕێژکراودا، لەوکاتەوەی هەفتەی پێشوو ئۆپەراسیۆنێك لە باکوری خۆرئاوای موسڵ دەستیپێکرد.
وتیشی: "هەشت ماڵی لەمشێوەیەمان دۆزییەوە، کە تیمەکانی نەهێشتنی تەقەمەنیمان توانییان بۆمبەکان پوچەڵبکەنەوە و خێزانەکان بهێننەدەرەوە."