فیچەرەکان

دانیشتوانی خۆرئاوای موسڵ رۆژی تاکە ژەمێك ده‌خۆن و چاوەڕوانی خراپتریشن


منداڵێکی عێراقی عەرەبانەیەکی بە گوێدرێژ-راکێشراو لێدەخوڕێت لەسەر پردێکی کاتیی بە ته‌نیشت پردی دووەوە کە لەلایەن 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام'ەوە تێکشکێنرا لە 21 کانوونی دووەمدا و دەکەوێتە گەڕەکی سوککاری خۆرهەڵاتی موسڵ. دانیشتوانی خۆرئاوای موسڵ تووشی دۆخێکی نالەبار بوونەتەوە لەکاتێكدا شەڕی رزگارکردنی ناوچەکانیان لەدژی داعش نزیکتر دەبێتەوە. [دیمیتار دیلکۆف / ئاژانسی فرانس پرێس]

منداڵێکی عێراقی عەرەبانەیەکی بە گوێدرێژ-راکێشراو لێدەخوڕێت لەسەر پردێکی کاتیی بە ته‌نیشت پردی دووەوە کە لەلایەن 'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام'ەوە تێکشکێنرا لە 21 کانوونی دووەمدا و دەکەوێتە گەڕەکی سوککاری خۆرهەڵاتی موسڵ. دانیشتوانی خۆرئاوای موسڵ تووشی دۆخێکی نالەبار بوونەتەوە لەکاتێكدا شەڕی رزگارکردنی ناوچەکانیان لەدژی داعش نزیکتر دەبێتەوە. [دیمیتار دیلکۆف / ئاژانسی فرانس پرێس]

  • + ئێستا كۆمێنت دابنێ
  • ئه‌م بابه‌ته‌ پرینت بكه‌
  • زیادكردن كه‌مكردن

بە گەمارۆدرانی حەشارگەکانی داعش لە خۆرئاوای موسڵ، سەدان هەزار مەدەنی عێراقی دەست بە خواردنەوە دەگرن بەهۆی کەمبوونەوەی پێویستییە سەرەکییەکانەوە.

ئوم سەمیر کە دایکێكی خەڵکی گەڕەکی رەئس جەددەیە لە خۆرئاوای موسڵ وتی: "دەمانەوێت نەختێك خواردن پاشەکەوت بکەین بەڵام زۆر کەم خواردنمان لە ماڵەوە ماوە."

دوای گرتنەوەی خۆرهەڵاتی موسڵ لەدەستی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لە مانگی رابوردوودا، هێزەکانی عێراق لەئێستادا ئامادەکاریی دەکەن بۆ چوونە ناو ئەو بەشەی شارەکەوە کە دەکەوێتە بەری خۆرئاوای رووبای دیجلەوە.

هەموو ئەو پردانەی ئەو دوو بەشە پێکەوە دەبەستنەوە رووخێنراون و توندڕەوەکان خۆیان لە خۆرئاوای موسڵ حەشارداوە چونکە هیچ شوێنێکی دیکەیان نیە بۆی هەڵبێن، ئەمەش گۆڕەپانەکە ئامادەدەکات بۆ خوێناویتریین شەڕی عێراق لەدژی داعش تا ئێستا ئەنجامدرابێت.

ئوم سەمیر وتی: "لە ئێستادا دەستمانکردووە بەوەی رۆژانە یەك جار نان بخۆین."

وتی: "رەفەی دووکانەکان نزیکەی بەتاڵبوونەتەوە و کاتێكیش شتێكت دەستدەکەوێت، زۆر گرانە، وەك کیلۆیەك پیاز کە ئێستا نرخی 15,000 دینارە (نزیکەی 12 دۆلار)."

ئوم سەمیر وتی 30 هێلکە بەنزیکەی 50 دۆلار دەستدەکەوت و شەکریش نزیکەی ئەستەمبوو بۆ دەستکەوتن، کورتهێنانێك کە کاریگەریی بۆ سەر هەموو ماڵباتەکانی ئەو وڵاتە هەیە کە تیایدا چا زۆر دەخورێتەوە لەگەڵ بڕێکی زۆری شەکردا.

وتی: "خەڵکی هێندە بێچارەن کە بەدیلی شەکر کە بۆ نەخۆشی شەکرە کراوە بەکاردێنن بۆ شیرینکردنی چاکانیان."

خەڵکی ناوچەکە دەڵێن ئەو چەکدارانەی نزیکەی سێ ساڵە فەرمانڕەوایی ناوچەکە دەکەن رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر سەریان لێدەشێوێت چونکە هێرشە ئاسمانییەکانی هاوپەیمانان بەردەوامن لە بەئامانجگرتنی حەشارگەکانیان.

پەلامارەکانی داعش

ئەبو محەمەد، کە لە گەڕەکی شەفەع دەژی، وتی: "ئەندامانی (داعش) زیاتر هەڵدەکوتنە سەر ماڵی خەڵک، بۆ مۆبایل دەگەڕێن. گەر دانەیەکت هەبێت، رووبەڕووی لەسێدارەدان دەبیتەوە."

وتی هەندێك لەو کەسانەی کە بەنهێنی و لە 2014وە مۆبایلێکیان هەبووە، بەمدواییانە ئامێرەکەیان شکاندووە.

لەبەر ترس، هیچ یەك لەو کەسانەی لەلایەن ئاژانسی فرانس پرێسەوە بە مۆبایل پەیوەندییان پێوەکرا، ئامادەنەبوون ناوی تەواویان بدەن.

ئەبو محەمەد وتی سەرکردەکانی داعش، کە زۆریان بیانیین، تەنیا کەسێکن تووشی کورتهێنانی خۆراك نەبوون و هێشتا لەڕێی سوریاوە دەستیان بە شمەك رادەگات.

وتی: "بەڵام چەکدارانی خۆجێی داعش کەم تا زۆرێك رووبەڕووی هەمان کێشە دەبنەوە وەك زۆربەی خەڵکی."

هەندێك لە دانیشتوان لە ناوخۆدا راگوێزراون بەهۆی ئەو ئامادەکارییانەی داعش دەیکات لە چاوەڕوانی هێرشی هێزە فیدراڵییەکاندا بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر گروپەکە لە خۆرئاوای موسڵ.

چەکداران پێگەیان بە درێژایی رووبارەکە داناوە لە هەوڵێكدا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هەوڵێکی هێزەکانی عێراق بۆ پەڕینەوە لە رووباری دیجلە لەڕێی پردی کاتییەوە.

توندڕەوەکان دیواری ماڵانیشیان کونکردووە کە وادەکات بتوانن لەنێو گەڕەکەکاندا جووڵەبکەن لە ماڵێکەوە بۆ ماڵێکی دیکە بێ ئەوەی خۆیان بۆ چاودێریی ئاسمانیی دەربخەن بە چوونە سەر شەقامەکان.

خەڵکەکە دەلێن ماڵی ئەو کەسانەی کە دەتوانن هەڵبێن راستەوخۆ لەلایەن داعشەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت، لەگەڵ ئەو دووکانانەی کە خاوەنەکانیان لە بەشی خۆرهەڵات دەژین.

سوتاندنی جلوبەرگ بۆ سووتەمەنی

ئەمەش دانیشتوان دەخاتە بەردەم ئەو بژاردەیەی کە دەستبەرداری ماڵ و شمەکەکانیان بن یان لە شوێنێك بمێننەوە کە لەلایەن داعشەوە بەکاردەهێنرێت و بەمەش مەترسیی بوونیان بە ئامانجێکی سەربازیی هەیە.

رێکخەری کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لیز گراندی چوارشەممە (15 شوبات) بە رۆژنامەنووسانی وت: "بەتەواوی نیگەرانین لە خراپبوونی خێرای دۆخی خۆرئاوای موسڵ."

لەکاتی سەردانیدا بۆ کەمپێکی ئاوارەکانی ئەو نزیکانە، وتی: "خێزانەکان کێشەیەکی گەورەیان تووشبووە، نیوەی دووکانەکان داخراون."

عەبدولکەریم عوبێدی، کە بەڕێوەبەری رێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنییە لە موسڵ، تکای لە حکومەت کرد کە دەستبکات بە بەردانەوەی خواردەمەنی.

لە باشترین دۆخدا، ئاو و کارەبا بەردەوام نین و هەندێك لە دانێشتوانی موسڵ باس لەوە دەکەن چۆن پەنا دەبەنە بەر سووتاندنی ئەساسی ناوماڵەکانیان تا گەرم ببنەوە لە شارێكدا کە لەم هەفتانەی دواییدا پلەی گەرمی بەشێوەیەکی ئاسایی بۆ ژێر سفر دابەزیوە.

پیاوێك لە گەڕەکی 17 تەمموز کە خۆی بە ئەبو زەید ناساند وتی تەنانەت جلە کۆنەکانیشی سوتاندووە چونکە گاز و نەوت ئاسان دەستناکەون.

وتی: "جانتای پڕ لە جلی کۆنمان لە ژێرزەمینەکە هەیە، کاتێك شەڕەکە دەستپێدەکات، کاتێکی زۆر لەوێ بەسەردەبەین."

كۆمێنت دابنێ (رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین) * مانای ئەوەیە ئەم خانەیە دەبێت پڕبکرێتەوە

* مانای ئەوەیە ئەم خانەیە دەبێت پڕبکرێتەوە

Test