هه‌واڵه‌كانی عێراق

تورکیا، ئێران، روسیا رێککەوتن لەسەر دروستکردنی هەرێمی هێور لە سوریا

روسیا و ئێرانی پشتیوانی رژێمی سوریا و تورکیای پشتیوانی ئۆپۆزسیۆن پێنجشەممە (4 ئایار) رێککەوتننامەیەکیان ئیمزاکرد بۆ دروستکردنی هەرێمی هێور لە سوریا بەمانای راگرتنی شەڕ لەو وڵاتەدا، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.

سەرەڕای ئەوەش چەند ئەندامێکی وەفدی ئۆپۆزسیۆن ژوری کۆبونەوەیان بەجێهێشت و دەستیانکرد بە هاوارکردن کاتێك واژۆکە ئەنجامدرا لە وتوێژی ئەستانەی پایتەختی کازاغستاندا، توڕەبووییان دەربڕی دژی ئێرانی هاوپەیمانی رژێم.

حکومەتی سوریا و وەفدی ئۆپۆزسیۆن ئیمزاکەری رێککەوتنەکە نین کە لەلایەن سێ سپۆنسەرەکەی وتوێژەکان ئیمزاکرا.

وەزیری دەرەوەی تورکیا وتی هەرێمە ئارامەکان هەموو پارێزگای ئیدلیب دەگرنەوە، چەند بەشیکی لاتاکیا، حەلەب، حەما و پازێزگاکانی حومس، لەگەڵ غوتەی قەراغ دیمەشق.

وەزیرەکە وتی هەرێمەکان هەروەها چەند بەشێکی پارێزگاکانی دەرعە و قونەیترە دەگرێتەوە.

هەرێمەکان وادانراون بەوشێوەیە بمێننەوە بۆ ماوەی شەش مانگ و کاتەکە دەکرێت لەکۆتاییدا درێژبکرێتەوە. رێککەوتننامەکە پێشبینی وەستانی شەڕیش دەکات لەو هەرێمانەدا.

وەزیری دەرەوەی تورکیا وتی مەودای هەرێمەکان بەمزوانە دیاریدەرێت لەلایەن گروپێکی کاراوە کە لەلایەن سێ سپۆنسەرەکەی وتوێژەکان پێکهێنراوە.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "پێشوازی لە رازیبوون بەو لێکتێگەیشتنە دەکەین، کە پێشبینی وەستانی بەکارهێنانی هەرجۆرە چەکێك دەکات لەنێوان شەڕکەراندا، لەنێویاندا چەکی ئاسمانی، لەگەڵ ناردنی کۆمەکی مرۆیی خێرا و بەردەوام بۆ ئەو هەرێمانە."

بەیاننامەکە رایگەیاند ئامانجی ئەو هەرێمانە بۆ "کۆتایهێنانێکی خێرایە بە توندوتیژی" و "دابینکردنی بارودۆخێکی گونجاوە بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بە سەلامەتی و ئارەزومەندانە" لەگەڵ گەیاندنی کۆمەکی مرۆیی بەپەلە و هاوکاری پزیشکی.

بەڵام کێشەی ئەوەی کە کام وڵات کام هەرێم دەپارێزێت بە ناڕونی مایەوە.

ئۆپۆزسیۆنی سوریا بەرەبەیانی پێنجشەممە رایگەیاند دەستیانکردۆتەوە بە بەشداریکردن لە وتوێژەکاندا دوای هەڵپەساردنی بەشدارییان لە رۆژی پێشتردا بەهۆی هێرشی ئاسمانی دژی خەڵکی مەدەنی.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500