"دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) چەکی کیمیایی بەکارهێنا لە دژی هێزەکانی عێراق کە بەشدارن لە ئۆپەراسیۆنی گرتنەوەی موسڵدا و بووە هۆی برینداربوونی چەند ئەندامێکی هێزە ئەمنیەکان، ئاژانسی فرانس پرێس (16 نیسان) رایگەیاند.
داعش ناوبهناو هێرشی ئەنجامداوە بە چەکی کیمیایی، بەڵام زیان و کاریگەریی لەسەر ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان کەمبووە.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "چەتە تیرۆریستهكانی داعش هەوڵیاندا پێشڕەویەکانمان بوەستێنن لەڕێگەی هاویشتنی تۆپی پڕکراو لە مادەی ژەهراویی کیمیاییهوه بەڵام کاریگەریەکەی سنورداربوو."
فەرماندەییە سەربازیەکە رایگەیاند کە هێرشەکەی شەممە هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتەوە بەڵام بووە هۆی "بریندارکردنی چەند کەسێکی کەم" لەنێوان هێزە ئەمنیەکاندا.
بەیاننامەکە رایگەیاند کە ئەو هێزانەی هێرشیانکراوەتە سەر، بەشێك بوون لەو ئۆپەراسیۆنە گەورەیەی ئامانجی گرتنهوهی شاری موسڵە لەدەستی داعش، بەڵام ئەوەی دیارینەکرد ئاخۆ هێرشەکە لەناو یان لە دەرەوەی شارەکە رویداوە.
هێزە هاوبەشەکانی عێراق دووشەممە چوونە ناو ناوچەی موسڵی کۆنهوه لە ناوەڕاستی موسڵدا و مزگەوتی نورییان گەمارۆدا کە ئەبوبەکر بەغدادی سەرکردەی داعش وتارێکی تێدا خوێند لە 2014.
بەرپرسی پۆلیسی فیدراڵی، فەریق رائید شاکر جەودەت، وتی چەندین ئەندامی داعش کوژراون لەو شەڕە سەختەدا کە لە بەرەبەیانی دووشەممەوە بەردەوامە.
جەودەت لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە موسڵ وتی: "هێزەکانی عێراق بازاڕی مەعاشیان گرتۆتەوە لە موسڵی کۆن ... ههروهها مزگەوتی نورییان گەمارۆداوە."
وتیشی: "شەڕ بەردەوامە لە کۆڵانەکاندا و چەندین تیرۆریستی داعش کوژراون." ئاماژەشی بهوه دا کە شەڕەکە پاڵپشتی دەکرێت لەلایەن تۆپهاوێژەکانی سوپا و فڕۆکە جەنگیەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیهوه.
هاوکات وەزارەتی بەرگری عێراق رایگەیاند کە سەرکردەیەکی داعش و یاریدەدەرەکانی کوژراون لە موسڵ.
وەزارەتەکە لە بهیاننامهیهكدا رایگهیاند: "فەرماندەی سەربازیی گەڕەکی سەورە، بەها جبوری، و یاریدەدەرە فەلەستینیەکەی، ئەبو تەڵحە، کوژراون لە شەڕەکانی یەکشەممەدا."