هێزەکانی عێراق دوشەممە (13 ئازار) رایانگەیاند کە روبەری زیاتریان گرتۆتهوە لەدەست "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش) لهكاتێكدا هێرشێكی توندیان بهرپاكردووه و بووەتەهۆی گرتنەوەی سێیەکی رۆژئاوای موسڵ و گیرخواردنی توندڕەوەکان لەناو شارەکەدا، ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند.
هێرشێکی نوێ کە لە 5 ئازار دەستیپێکرد داعشی لەچەند گەڕەك و پێگەی گرنگدا وەدەرناوە، لەنێویاندا بارەگای سەرەکی حکومەتی ناوخۆیی و مۆزەخانەی بەناوبانگی موسڵ کە بووەتە هۆی سەختکردنی بارودۆخی شەڕکەران لەوێدا.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق پێشڕەویی زیاتری راگەیاند رۆژی دووشەممە و وتی هێزە تایبەتەکانی دهزگای دژەتیرۆر گەڕەکی نەفتی رۆژئاوای موسڵیان گرتۆتەوە.
فەریق رائید شاکر جەودەت وتی هێزەکانی فیرقەی بەرپەرچدانەوەی خێرا و پۆلیسی فیدراڵی کاریاندەکرد بۆ گەڕان و پاککردنەوەی ناوچەکە لە قەراغ شاری موسڵی کۆن.
جەودەت وتی هێزەکان "ئۆپەراسیۆنی هەڵاوێرکردن و پشکنین ئەنجامدەدەن لە ناوچە ئازادکراوەکانی باب ئهلتۆب، بۆ گەڕان بەدوای تەڵە و مین و ئەو تیرۆرستانهدا كه دهشێت خۆیان حەشاردابێت لەناو خەڵکدا".
نێردراویی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، برێت مێکگورك، وتی سەربازانی فیرقەی 9 سەرکەوتنێکی گرنگیان تۆمارکرد شەوی شەممە کاتێك دوایین رێگای رۆژئاوای موسڵیان بڕی.
مێکگورك لە بەغدا بە رۆژنامەنوسانی وت: "هەر یەك لەو شەڕکەرانەی لە موسڵ ماون، دەبێت لەوێدا بمرن چونکە گیریانخواردووە."
بهكردهوه رەنگە شەڕکەرانی داعش هێشتا بتوانن دزە بکەن بۆ دەرەوە و ناوەوەی شارەکە بە ژمارەی کەم، بەڵام بەهۆی کەمبوونەوەی رێگاکانهوه جوڵەی بەکۆمەڵی گەورە و هێزناردن سەختتردەبێت ئەگەر مەحاڵیش نەبێت.
مێکگورك کە ئاماژەی بە کوژرانی 180 سەرکردەی داعش کرد، وتی: "ئێستا ئێمە پێمانوایە کە زۆربەی شەڕکەرانیان دەکوژین و ناتوانن جێگرەوەیان بۆ دابنێن. ئەمە تەنانەت ساڵێك لەمەبەریش وانهبوو."