هه‌واڵه‌كانی عێراق

هێرشەکانی رژێم 11 کەس لە پارێزگای ئیدلیبی سوریا دەکوژن

هێرشە ئاسمانییەکانی شەوی رابوردوو لە پارێزگای ئیدلیبی سوریا کە لەلایەن رژێمەوە ئەنجامدران لانیکەم 11 کەسیان کوشت، زۆربەیان مەدەنی بوون، ئەمە لەکاتێکدا هێزەکانی رژێم پێشڕەوییان کرد لە پارێزگای حەلەبی سوریا، ئاژانسی فرانس پرێس دووشەممە (27 شوبات) رایگەیاند.

بەرپرسی روانگەی سوریا بۆ چاودێری مافی مرۆڤ رامی عەبدولڕەحمان وتی لەدوای نیوەی شەوەوە رژێم چەند هێرشێکی ئاسمانی لە چەندین ناوچەی شارۆچکەی ئەریحا ئەنجامدا.

وتی "ژمارەی سەرەتایی ئەوەیە 11 کەس کوژراون، لەنێویاندا لانیکەم حەوت مەدەنیی،" کە سیانیان منداڵن.

عەبدولڕەحمان وتیشی ئەوانیدیکە هێشتا ونبوون و تیمەکانی فریاکەوتن بۆ هەر کەسێك دەگەڕان کە لەژێر داروپەردوودا گیریانخواردبێت.

لەیس فارس کە کارمەندێکی فریاکەوتنە لە ئەریحا وتی تیمەکەی لانیکەم 20 کەسی برینداری لەژێر داروپەردوودا دەرهێنا.

وتی: "لە 3ی بەیانییەوە کاردەکەن بۆ فریاکەوتنی ئەو قوربانییانەی هێشتا لەژێر داروپەردووی دوو بینای چوار نهۆمیدان کە بەتەواوی بەسەر خەڵکەکەی ناویاندا روخاون."

فارس وتی: "هێشتا بۆ دوو خێزان دەگەڕێین ژمارەیان هەریەکەی بە 10 ئەندام دەخەمڵێنرێت، کە هێشتا گیریانخواردووە."

ئەم مەرگانە دوای دوو رۆژ هاتن لە هێرشێکی ئاسمانیی رژێم بۆ سەر ئەریحا کە 10 کەسی کوشت. ئەریحا لە 2015وە لەلایەن هاوپەیمانێتییەکی دژە-رژێمەوە گیراوە کە زۆرینەیان توندڕەون.

روانگەکە رایگەیاند لەم هەفتانەی دواییدا پارێزگای ئیدلیب لەژێر هێرشی ئاسمانی چڕدا داڕماوە، بەتایبەت بە بوونی هێرشی ئاسمانی چڕوپڕ لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمەوە. هەروەها شەڕی ناوخۆی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و توندڕەوەکانیشی تێدایە، لەنێویاندا بەرەی نوسرە.

سەرچاوەیەکی سەربازیی سوری دووشەممە رایگەیاند کە سوپا "18 شارۆچکە و گوندی گرتووە، لەنیویاندا شارۆچکەی تەدوف و ژمارەیەك گردی ستراتیژیی لە پارێزگای خۆرهەڵاتیی حەلەب، کە گشتی دەکاتە 600 کیلۆمەتری دووجا".

تەدوف لەلایەن "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام" (داعش)ەوە دەستیبەسەرداگیرابوو، کە دەکەوێتە خوارووی بابەوە کە شارۆچکەیەکی گرنگە و چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن بە پشتیوانیی هێزەکانی تورکیا هەفتەی پێشوو داعشیان شکست پێهێنا.

داعش دووشەممە لە نزیکەی دوو دەرزەن گوند نزیك بە مەنبیج کشایەوە، لە هەنگاوێكدا کە روانگەکە ناویبرد بە هێمای "داڕمانێکی خێرا"ی ریزی توندڕەوەکان.

مەنبیج لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە گیراوە کە هاوپەیمانێتییەکی عەرەبی-کوردییە.

ئەم بابەتەت بەدڵە؟

0 كۆمێنت
رێوشوێنەکانی کۆمێنت نوسین * واتە ئەم خانەیە پێویستە 1500 / 1500